ئاوڵەی مەیمون
د. نەوزاد ساڵح رەفعەت
لەم رۆژانەدا بەهۆی سەرهەڵدانەوەی نەخۆشی ئاوڵەی مەیمون، دەزگا و رێکخراوە تەندروستییەکانی جیهان چەند حاڵەتێکیان بەم شێوەیە راگەیاند: 1 حاڵەت لە فەڕەنسا و چەندا دانەیەکی تریش لە وڵاتانی تری ئەوروپا. هەروەها 1 حاڵەتیش لە ئیسرائیل.
دوای راگەیاندنی یەکەم حاڵەت لە فەڕەنسا، تەندروستی ئەو وڵاتە راگەیاند، کە 70 ملیۆن ڤاکسینی دژی ئەو نەخۆشییەیان لە کۆنەوە هەڵگرتوە و ئێستا بەردەستە، بەڵام دڵنیان نین لەوەی، ڤاکسینەکە رێگا لە توشبونی نەخۆشییەکە ئەکا یان نا؟..
ئەوەی سەرنجڕاکێشە، ئەم نەخۆشییە لە ناوەڕاست و رۆژئاوای ئەفریقا سەری هەڵداوە، بەڵام ئەم جارەیان پەڕیوەتە ئەوروپا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لەبەر ئەوە بە باشی ئەزانم، هەندێ زانیاریتان لە بارەی ئەو نەخۆشییەوە بۆ روون بکەمەوە.
ئەم ڤایرۆسە زۆر ناوازەیە، وە لە ناوچە دورەکانی ناوەڕاست و رۆژئاوای ئەفریقا و دارستانەکانی هێڵی ئیستیواوە، کە بارانی زۆری لێ ئەبارێ بڵاو بوەتەوە. تا ئێستا هیچ چارەیەک یان ڤاکسینێک لەبەردەستدا نیە، بۆ ئەوەی چارەسەری بنەڕەتی نەخۆشییەکە بکا. هەرچەند بەکارهێنانی ڤاکسینە کۆنەکەی نەخۆشی ئاوڵە دەری خستوە، کە هەندێ سودی هەیە بۆ خۆپاراستن لەم جۆرە نوێیەی ئاوڵە، چونکە چەند تایبەتمەندی و جیاوازیەک لە نێوان ئاوڵە کۆنەکە و ئەم تازەیەدا هەیە، بۆ نمونە: ئەم جۆرە ئاوڵەیە لە ئاژەڵەوە ئەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ و نیشانەکانی هەمان نیشانەی ئاوڵە کۆنەکەیە، بەڵام کەمێک سوکتر. واتە، جیاوازی لەگەڵ ئاوڵە کۆنەکەدا هەیە، کە لە ساڵی 1980دا بنەبڕ کرا.
ڤایرۆسەکە بەهۆی چەند ئاژەڵێکی کێوییەوە گواستراوەتەوە بۆ مرۆڤ، بەڵام هێشتا دیار نیە کە بڵاوبونەوەی لە مرۆڤێکەوە بۆ مرۆڤێکی تر، پرۆسەیەکی خێرایە یان نا.؟ بەڵام رەگەزەکەی هەمان رەگەزی ئاوڵە کۆنەکانن.
سەرەتا لە ساڵی 1985 لە پەیمانگای نێودەوڵەتی بۆ ڤاکسینەکان لە کۆپنهاگن، دۆزرایەوە، کە پشکنینیان بۆ چەند مەیمونێک ئەکرد، وە نەخۆشییەکەیان لە ئاوڵەی مرۆڤ ئەچو.
سەرەتای بڵاوبونەوەی نەخۆشییەکە:
بۆ یەکەمین جار، ساڵی 1970 لە کۆماری کۆنغۆی دیموکرات، کە ئێستا پێی ئەوترێ، وڵاتی زائیر لە مرۆڤدا دۆزرایەوە. نیشانەی نەخۆشییەکەش لە مناڵێکی 9 ساڵاندا دەرکەوت، کە ئەو ناوچەیە لە ساڵی 1968دا ئاوڵەی تیادا بنەبڕ کرا بو، وە بەشێکی زۆر لەو کەسانەی توشی ئەو نەخۆشییە بون لە ناوچە دارستانییەکان بون، کە بارانی زۆر لێ ئەبارێ. ئەو ناوچانەش لە دەوروبەری روباڕی کۆنغۆ و رۆژئاوای ئەفریقادان، بە تایبەتی لە کۆماری کۆنغۆی دیموکرات، کە لەوە ئەچێ لە داهاتوشدا ئەو ناوچەیە بەو نەخۆشییەوە گرفتار بێ. چونکە لە پڕێکدا لە نێوان ساڵانی 1996-1997 بە زویی بڵاوبوەوە.
لە پایزی 2003دا جارێکی تر دڵنیابونەوە، کە چەند کەسێکی تر توشی هەمان نەخۆشی بون. دواتر لە ناوچەکانی رۆژئاوا و ناوەڕاستی وڵاتەیەکگرتوەکانی ئەمریکاش هەمان نەخۆشی بڵاوبوەوە. ئەمەی ئەمریکا یەکەمین دەستنیشان کردن بو، کە لە دەرەوەی ئەفریقا بدۆزرێتەوە، وە دەرکەوتوە، زۆربەی ئەوانەی توشی ئەو نوخۆشییە بون، تێکەڵاویییان لەگەڵ سەگی بەرەڵا و تەنانەت ماڵییەکانیشدا زۆر بوە.
لە ساڵی 2005 لە ویلایەتی ئەلوەحدەی سودان و ژمارەیەکیش لە ناوچە جیاجاکانی ئەفریقا، دەرکەوتەوە. ئەمە بەردەوامی هەبو تا لە ساڵی 2009، کە دەستکرا بە رونکردنەوە و ئامۆژگاری و پشکنین لەناو پەناهەندەکانی کۆماری کۆنغۆی دیموکرات دو کەس هەڵگری ئەو نەخۆشیەن. ئینجا لە کۆماری ئەفریقای ناوەڕاست لە ئاب و تشیرینی یەکەمی 2016 هەمان نەخۆشی دەرکەوت، کە لە ئەنجامدا 26 کەس توش بون، دوان لەوانە مردن.
چۆنیەتی گواستنەوەی نەخۆشییەکە:
ئەم نەخۆشییە دوای تێکەڵاوبون لەگەڵ ئاژەڵەکان، بە تایبەتی لە رێگای خوێنیانەوە یان شلەمەنییەکانی تری لەشیان یان ئەو برینانەی لەسەر پێستیان دروست بوە و زیچکاوی لێ دێتە دەرەوە، بڵاو ئەبێتەوە. بەشی زۆری ئەو ئاژەڵانەش، کە نەخۆشییەکەیان لێوە ئەگوازرێتەوە و بون بە شوێنی نەشونمای ئەو ڤایرۆسە کە بریتین لە، مەیمون و جرجە گەورەکان و سمۆرە. هەروەها رێگایەکی تریش لەو رێگایانەی بۆ مرۆڤ ئەگواسترێتەوە بریتییە لە: خواردنی گۆشتی نەکوڵاو، کە سەرچاوەیەکی ترسناکی گواستنەوەی ئەم نەخۆشییەیە.
سەبارەت بە گواستنەوەی لە مرۆڤەوە بۆ مرۆڤ، هێشتا بە رێژەیەکی زۆر نیە، بەڵام پاش تێکەڵاوبون و لە رێگای ئەو شلەمەنییانەی پێوەندییان بە هەناسەوە هەیە، گومان ئەکرێ بڵاو ببێتەوە، وە بەرکەوتنی ئەو برینانەی سەر پێستی نەخۆش، یا شلەمەنییەکی ئالودەی لە رێگای هەناسەوە دێتەدەرەوە، بە تایبەتی کە بەر دەموچاوی کەسی بەرامبەر بکەوێ. بەمە هەمو ئەو کەسانەی ئەو خانەوادەیە لەوانەیە، توشی ئەو نەخۆشییە ببن. هەروەها، لەوانەیە لە رێگای پێکوتەوە یان لە رێگای مەشیمەوە بگوازرێتەوە. ئەوەی جێگای داخە تا ئێستا هیچ رێگایەک نەدۆزراوەتەوە بۆ ئەوەی رێگری بکا و نەهێڵرێ ئەو نەخۆشییە بگوازرێتەوە، هەرچەندە لێکۆڵینەوەکانی ئەم دواییە ئەوەیان دەرخستوە، کە گواستنەوەی لە رێگای سەگە بەرەڵاکانەوە بۆ مرۆڤ دو جۆرە:
جۆرێکیان، ڤایرۆسەکانی روباڕی کۆنغۆن و جۆرەکەی تریان ڤایرۆسەکانی رۆژئاوای ئەفریقان. لە کاتێکدا جۆری یەکەمیان ترسناکترە.
نیشانەکانی نەخۆشییەکە و ئەو ماوەیەی پێویستە برینەکان دەرکەون:
کاتێ ڤایرۆسەکە ئەچێتە لەشەوە، ئەو ماوەیەی پێویستە بۆ دەرکەوتنی نەخۆشییەکە لە نێوان 5 بۆ 6 رۆژە. جاری واش هەیە ئەو ماوەیە لە نێوان 5 رۆژی 21 رۆژدا دەر ئەکەوێ. قۆناغەکانی دەرکەوتنی نیشانەکانی ئەو نەخۆشیەش لە ماوەی سفرەوە بۆ 5 رۆژ نەخۆشەکە تایەکی زۆری لێ دێ. ئینجا گلاندە لەمفاوییەکانی لەش گەورە ئەبن، ئازاری پشتی ئەبێ، ماسولکەکانی لەشی بێ هێز ئەبن.
لە رۆژێکەوە بۆ 30 رۆژ لە دوای تا لێ هاتنەکە برینەکان دەرئەکەون. دەرکەوتنی ئەو برینانە بە چەند قۆناغێکی جیاوازی لەشدا دەرئەکەون، بە تایبەتی لەسەر دەموچاو. دواتر بە هەمو لەشدا بڵاو ئەبێتەوە. 95٪ی برینەکان لە دەموچاودا دروست ئەبن. هەندێ جار لەناو لەپی دەستدا، لەبنی پێدا 75٪ی ، تەنانەت هەندێ جارێ 70٪ی نەخۆشەکان لەناو دەم و لە ئەندامانی زاوزێش 30٪ و لەناو چاودا 20٪، دەرئەکەون. ئەو برینانە لە ماوەی 10 رۆژدا بە چەند هەنگاوێکدا تێ ئەپەڕن. سەرەتا، سوربونەوە سەر هەڵئەدا و دواتر بەرز ئەبێتەوە. پاشان ئەبێتە زیبکەیەک، کە شلەمەنییەکی تیادایە و پەرە ئەسەنێ و هەندێ جار ئەتەقێ، ماوەی 3 حەفتە ئەمێنێتەوە.
ئاوڵەی مەیمون بەراورد بە جۆرەکانی تری ئاوڵە ئەوەیە، کە ئەم جۆرەیان نەخۆشییەکی کەسییە. نیشانەکانی لە نێوان 14 بۆ 21 رۆژ ئەمێنێتەوە. مناڵ زۆر بە تیژتر توشی نیشانەکانی ئەو نەخۆشییە ئەبن، کە زیاتر پێوەندی هەیە بە چەند ڤایرۆسێکی ترەوە، کە چۆتە لەشیانەوە، یان بارودۆخی تەندروستی لەشیان تەواو نیە. ئەو کەسانەی، کە لەو ناوچانە ئەژین، کە نەخۆشییەکەی تیادا بڵاو بوەتەوە، یان زیاتر بەرەو روی ئەو ئاژەڵانە ئەبنەوە، کە توشی ئەو نەخۆشییە بون. لەوانەیە، هەندێ جار توشی ئەو نەخۆشییە بوبن بە بێ ئەوەی نیشانەیان لێ دەرکەوێ. هەروەها دەرکەوتوە، مناڵ زیاتر نیشانەی خراپیان لێ دەرئەکەوێ لە چاو گەورەکاندا.
بۆ دەستنیشانکردنی ئەم نەخۆشییە ئەبی، هەوڵ بدرێ ئەو برینانەی لەسەر پێست دەرئەکەون جیا بکرێنەوە لەگەڵ برینەکانی ئەم نەخۆشییەکانی تر وەکو، برینەکانی نەخۆشی ئاوڵە، وە برینەکانی دڕکەومێکوتە و سورێژە یان هەوکردنی پێست لە کاتی توشبونی بە هەوکردنی بەکتریا، وە جۆرەکانی تری نەخۆشی پێست یان رودانی حەساسیەت. رەنگە گەورەبونی گلاندە لەمفاوییەکان لەگەڵ دەستپێکردنی ئەم نەخۆشییە خاڵێکی گرنگ بێ بۆ جیاکردنەوە لە نەخۆشییەکانی تر.
بۆ دیاریکردنی ئەم نەخۆشییە، ناتوانرێ نەخۆشییەکە دەستنیشان بکرێ، لە رێگای تاقیگەوە نەبێ، ئەویش بەم شێوەیە:
• بەراوردکردنی خۆڕاگرتنی ئەنزیمی.
• هەوڵی دۆزینەوەی دژەکان.
• بەراوردکردنی توانای بۆلیمارزی زنجیرەکراو.
• جیاکردنەوەی ڤایرۆسەکە بەهۆی کەشتکردنی شانەکانەوە.
چارەسەر و ڤاکسین:
هیچ دەرمانێک و ڤاکسینێکی دیاری کراو بۆ قەڵاچۆکردنی ئاوڵەی مەیمون نییە، بەڵام هەوڵی رێگرتن لە بڵاوبونەوەی هەیە. لەمەوپێش وایان دانا بو، کە کوتانی دژی ئاوڵە 85٪ لە ئاوڵەی مەیمون ئەپارێزێ. بەڵام ئێستا ئەو ڤاکسینە بۆ هەمو کەسێ لەبەردەستدا نیە، چونکە ساڵانێکی زۆر لەمەوبەر دوای ئەوەی نەخۆشی ئاوڵە بنەبڕ کرا، سودلێوەرگرتن لە ڤاکسینەکە راگیرا، بەڵام ئێستاش زانایانی بواری ڤایرۆس لەو بڕوایەدان، کە پێکوتە کۆنەکەی ئاوڵە سودبەخشە بۆ سوککردنی نیشانەکانی ئەم نەخۆشییە تازەیە.
رەوتی سروشتی ڤایرۆسی ئاوڵەی مەیمون:
لە ئەفریقا دەرکەوتوە، کە ئەو ڤایرۆسەوە لەلایەن کۆمەڵێ ئاژەڵەوە هەڵگیراوە وەکو، سمۆرە، جرج، مشک، بەڵام هێشتا لێکۆڵینەوە بەردەوامە لە بارەی مێژووی ئاوڵەی مەیمون و پێویستی بە لێکۆڵینەوەیەکی ورد هەیە بۆ دەستنیشانکردنی ئەو نیشانانەی پەرە ئەسێنن.
لە وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لەو بڕوایەدان، کە ئەو ڤایرۆسە لە ئاژەڵە ئەفریقییەکانەوە گواستراوەتەوە بۆ ئەو ئاژەڵانەی ئەفریقی نین، وەکو، سەگی بەرەڵا، کە رەنگە لەگەڵ ئەو ئاژەڵانەدا ژیابن.
خۆپاراستن لەم نەخۆشییە:
رێگرتن لە گواستنەوەی ئاژەڵە شیردەرەکانی ئەفریقی و مەیمونەکان و نەهێشتنی گەڕانیان بۆ ناوچەکانی تر، کە رێگری ئەکا لە بڵاوبونەوەی نەخۆشییەکە. ئەو ئاژەڵانەی لەناو قەفەسدان پێویست نەکا ڤاکسینیان لێ بدەن، بەڵکو لە بری ئەوەی ئەبێ، ئەو ئاژەڵانەی گومانی توشبونیان لێ ئەکرێ، جیا بکرێنەوە و نەیەڵن تێکەڵاوی ئاژەڵەکانی تر ببن، وە بە پەلە کەرەنتینە بکرێن. کاتێ گومان لە ئاژەڵێ ئەکرێ ئەبێ، نەهێڵن تێکەڵاوی ئاژەڵی تر بکرێن و کەرەنتینە بکرێن بۆ ماوەی 30 رۆژ.
کەمکردنەوەی مەترسی بە توشبونی ئەو نەخۆشییە لە مرۆڤدا:
تێکەڵاوبونی زۆر لەگەڵ ئەو نەخۆشانەی توشی ئاوڵەی مەیمون بون، کاریگەری زۆری هەیە لەسەر بڵاوبونەوەی نەخۆشییەکە. لە کاتێکدا چارەسەر و ڤاکسینێکی دیاریکراو نەبێ بۆ نەخۆشییەکە، گرنگترین شت ئەوەیە، ئەو زانیاریانە بخرێتە بەردەم خەڵک، کە رێگری لە توشونیان ئەکا و بڵاوبونەوەی رۆشنبیری تەندروستی و جێبەجێ کردنی ئامۆژگارییە تەندروستییەکان، کە دوریان ئەخاتەوە لەو نەخۆشییە، وە بەپەلە دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە لەو شوێنانەی دەرکەوتوە. بێگومان ئەمەش بە مەبەستی کۆنترۆڵ کردنی نەخۆشییەکە دێت.
پێویستە بڵاوکردنەوەی رۆشنبیری تەندروستی گشتی بە شێوەیەک بێ، کە لەم دو مەترسییە دورمان بخاتەوە:
یەکەم، مەترسی گواستنەوەی نەخۆشییەکە لە مرۆڤێکەوە بۆ مرۆڤێکی تر. پێویستە خەڵک لەو کەسانەی توشی نەخۆشییەکە بون، دور بکەونەوە. هەروەها ئەگەر چار نەبێ لێیان دوربکەویتەوە، پێویستە، دەستکێش لە دەست بکەن و ئەو شتانە بەکاربهێنن، کە لەو نەخۆشییە ئەیانپارێزێ. ئەمە بێجگە لە دەستشۆردن و گرنگیدان بە پاککردنەوەی دەست و لەشولار.
دوەم، رێگرتن لە بڵاوبەنوەی نەخۆشییەکە لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ، وە ئاگاداربون لە رێژەی گواستنەوەی ڤایرۆسەکان لەو وڵاتانەی تیایدا نیشتەجێن. هەروەها کوڵاندنی هەمو بەرهەمەکانی ئاژەڵ پێویستن، بە تایبەت خوێن و گۆشت.
پێویستە قەڵاچۆکردنی نەخۆشییەکە بە چاودێری کردنی تەندروستی لە دامودەزگا تەندروستییەکاندا زۆر گرنگی پێ بدرێ و کارمەندانی تەندروستی زۆر وریا بن لە کاتی هەڵسوکەوتکردنیان لەگەڵ نەخۆشدا یاخود ئەو کەسانەی مەترسی توشبونیان لێ ئەکرێ یاخود لە کاتی ناردنی ئەو پێویستییانەی ئەنێردرێن بۆ تاقیکردنەوە. پێویستە ئەو کەسانەی سەرپەرشتی نەخۆشەکان ئەکەن داوای بەکارهێنانی ڤاکسین بکەن لە دژی ئاوڵە. هەروەها ئەبێ ئەوە لەبەر چاو بگیرێ، کە ئەو ڤاکسینە کۆنانەی ئاوڵە، کە پێشتر بەکارهێنراون. ئەبێ ئەو کارمەندانەی هەڵئەستن بە گواستنەوەی ئەو نمونانەی لە نەخۆش وەرئەگیرێ و ئەبرێ بۆ تاقیکردنەوە، ئەبێ بە وردی خۆیان لە تێوەگلانی نەخۆشییەکە بپارێزن.
پێویستە رێکخراوی تەندروستی جیهانی ئاگاداری هەمو ئەندامەکانی بکا لە بارەی چالاکییەکانیان و خۆئامادەکردنیان بۆ ئەو پێویستییانەی لەسەر شانیانە لە بارەی ئەم نەخۆشییە.
بهروار: 23/05/2022
1022 جار خوێندراوهتهوه
|