کەسایەتی مرۆڤ لە لاشەی مرۆڤ زیاتر دەژێت

(یانوش کورکزاک)ی بەڕەگەز جولەکەی پۆڵەندی ، لە ‌هەڕەتی لاوییەوە بڕیار ئەدات، ژن نەهێنێت و هەموو تەمەنی بۆ خزمەت کردنی منداڵانی بێ سەر پەرشت و بێ دایک و باوک تەرخان بکات .
ئەو کاتەی سوپای نازییەکان پۆڵەندا داگیر دەکەن (یانوش کورکزاک) سێ جار دەرفەتی سەد لە سەدی بۆ دەگونجێ کە ڕزگاری ببێت بەڵام ڕاناکات و هەتیوخانەکەی جێناهێڵێت، تەنانەت یەکێک لە جارەکان ئەفسەرێکی ئەڵمانی کاتێک ناوەکەی دەخوێنێتەوە دەزانێت کە ئەمە نوسەرێکی گەورەیە و یەکێک لە کتێبەکانی (یانوش کورکزاک)ی خوێندۆتەوە ، بۆیە دەرفەتی پێ دەدات لە شەوێکی درەنگدا هەڵبێت بەبێ منداڵە بێ دایک و باوکەکان ، بەڵام (یانوش کورکزاک) ئەو داوایە رەتدەکاتەوە و بۆ ئەوەی منداڵەکان لە کاتی بردنیان بۆ (ژووری غاز) نەترسن ، لەگەڵیان دەمێنێتەوە و لە باوەشیان دەکات و دەستیان دەگرێت و لە گەڵیان دەچێتە ژووری غازەکەوە و بۆ هەمیشە لاشەی بە فیزیکی دەمرێت ، وەلێ ناو و هەڵوێستە ئینسانیەکانی بۆ هەتا هەتایە دەمێنێتەوە .

..........................................................................
*هەندێک خەڵک هەیە هەر بەزیندوێتی دەمرن بەهۆی ڕەفتار و هەڵوێستەکانیانەوە و هەندێکی تریشیان هەیە دوای سەدان ساڵ لە مەرگیان هەمیشە زیندون بەهۆی کارەکانیانەوە.

*ئەوانەی لەگەڵ بیروباوەڕی خۆیان ڕاستدەکەن ، سازش بۆ هیچ شتێک ناکەن، ئەگەرچی ڕێگاکەشیان تولانی و پڕ چەرمەسەری بێت.
ئەوانەشی لەگەڵ خۆیان و خەڵکیشدا هەمیشە لە مامەڵەدان بۆ ڕۆژێک زیاتر ، بۆ پوڵێک دەسکەوتێک زیاتر، حەقەکەیان وەردەگرن بەڵام هەر زوو دەمرن و بیر خەڵکی دەچنەوە.

*نوسەر و پزیشک و پەروەردەکاری منداڵان (یانوش کورکزاک) ئەو ناوەیە کە ساڵانە ملیۆنان مرۆڤ بۆ ڕێز گرتن لە کار و هەڵوێستەکانی لە هەموو شوێنێکی دنیاوە لەبەر دەم پەیکەرەیدا و بۆ ڕێزگرتن لە گەورەیی ئاکارەکانی بە بێ دەنگی دەوەستن و دەیان ڕێکخرا و چەندین خەڵاتی جیهانی ساڵانە بەناوی (کورکزاک) دەبەخشرێت.

*(یانوش کورکزاک) لەبەر ئەوەی پیداگۆگیست و پەروەردەکار و نوسەرێکی قوڵی بواری منداڵان بوو، مەرگیش نەیتوانی پەشیمانی بکاتەوە و حاڵەتی (ڕادیۆ)ی پێ تۆمار بکات، ئەو لە کتێبی (چۆن منداڵێکت خۆش بوێت) باسی ئەرکی دایکان و باوکان دەکات کە چۆن مندالەکانیان لەکاتی ناخۆشیدا جێ نەهێڵن ، بۆیە هەر جێهێشتنێکی ئەو مندالانە پێشتر لێدان بوو لە بیروباوەڕی خۆی ، بۆیە ئەمڕۆ کە کتێبەکانی بۆ دەیان زمانی زیندوی جیهان وەردەگێڕدرێن و دەفرۆشرێن.

*ئەو ئەگەرچی هاوسەرگیری نەکردبوو منداڵیشی نەبوو ، بەڵام زۆر بەقوڵی لەنوسینەکانیدا ئەوەی دوپات دەکردەوە ، کە ئەرکی سیستەم و پەروەردە و دایک و باوکە لە خراپترین دۆخەکاندا بەڕوی خوێندکار و هاوڵاتی و مندالەکانیاندا هەڵنەشاخێن و سزایان نەدەن ، بۆیە کاتێک نازییەکان هەڵیان کوتایە سەر هەتیوخانەکەی (یانوش کورکزاک) نزیکەی (٢٠٠ منداڵی) بێ سەرپەرشتی تیابوو ، هەموویانی بەجوانترین شێوە و بەجوانترین جلوبەرگ گۆڕی و یەکی کتێبێکی دایە دەستیان و جانتاکانی بۆ سڕین ، مژدەی ئەوەی پێدان کە لە شاری گەمارۆدراوی وارشۆوە بەرەو شوێنێکی خۆش ئەچن کە پڕە لەسەوزایی و ئاو و خۆراک تا مندالەکان نەترسن ، چونکە ئەو دەیزانی کە پەروەردەکار و سەرپەرشتیار و مامۆستا و دایک و باوک نابێت مندالەکان بترسێنن ، ئەو کە پلەی سەربازیەکەی لە سوپادا لیوا بوو ، پزیشک بوو ، نوسەر بوو ، زۆر بەسەربەزییەوە سواری ئەو شەمەندەفەرانەبوو کە هاوڵاتیانی جولەکەیان لە پۆڵەنداوە دەبرد بۆ ژورەکانی خنکاندن بەگاز ، ئەو دەستی مندالەکانی گرت و سواری شەمەندەفەر بوو ئیتر بۆ هەتا هەتایە نەگەڕایەوە.

*کۆمەڵگاکەی و تەنانەت دوژمنەکانیشی تۆمەت و ناوناتۆرەیان لێنەناو ناویان نەنا (منداڵباز) و شوێن هەوەس کەوتن و کۆمێنتی هەزەلی و سوکایەتی وشتی تر، بەڵکو ئەمڕۆ زۆرینەی زانکۆکانی جیهان ساڵانە لە کاتی کۆنفرانس و وتارەکانیان بۆ ئەو یادە لە بەردەم مرۆڤێکی گەورەدا هەست بەخەجاڵەتیەکی زۆر دەکەن

(یانوش کورتشاک) ڕۆیشت ، وەلێ کارەکانی مانەوە ، هەروەکو چۆن زۆرکەس مانەوە بەڵام ناوەکانیان بۆ هەتا هەتایە ڕۆشت.
هەندێکجار مردنێک بەکەرامەتەوە ، سەدجار لە ژیانێک بە بێحورمەتی و چاوشۆڕییەوە شیرینترە
ئەوەی زۆردەمێنێتەوە و زۆر دەژی و زۆر بەدەست دەهێنێت مەرج نییە زۆر بمێنێتەوە، ئەوانە بە زەلیلی و چاوشۆڕیەوە زیندوون ، لە ڕاستیدا مردوون ، مردویەک کە بەزیندوێتی لەزیهنی خەڵکیدا دەمرن و بیردەچنەوە

*حەمدی وتەنی:-
هەروەک کە نەبوو
هێمن عەبدولقادر
به‌روار:  20/05/2022
617   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   1018
کۆی سه‌ردان:   29236329