بۆچی وەزیری بەرگری سوید وەک دۆستی پەکەکە دەستنیشانکراوە؟

گەورە ناوەندی لێکۆڵینەوەی تورکیا SETA لە ڕاپۆرتێکی ٦٦٦ لاپەرەییدا ژمارەیەک کاربەدەست و سیاسەتمەداری ئەوروپایی وەک دۆستان و لایەنگرانی پەکەکە دەستنیشان کردووە.
یەکێک لە دەستنیشانکراوەکان وەزیری ئێستای بەرگری سوید پێتر هولتکڤیستە.

کاتێک ئەو ڕاپۆرتە نووسراوە سەرۆکی دەزگاکە کەسێک بووە بە ناوی سەرهەت ئالبایراک کە دەبێتە برا گەورەی وەزیری ئابووری تورکیا بەرات ئالبایارک و هەروەها زاوای ئەردۆغان.

ئەو دەزگای لێکۆڵینەوەیە لە ڕاستیدا وەک لقێک لە دام و دەزگای دەوڵەتی ئوردۆغان ئەژمار دەکرێ.

یەکێک لەو کەسانەی لە ڕاپۆرتەکەدا بە وێنە و بە وردی باسی کراوە پێتر هولتکڤیست وەزیری ئێستای بەرگری سویدە. وەزیری بەرگری لە بەر ئەوە وەک دۆستی پەکەکە دەستنیشان کراوە کە چاوپێکەوتنی لە گەڵ نەسرین عەبدوڵا وتەبێژی یەپەژە لە سوید کردووەو وێنەی لەگەڵ کێشاوە. بێجگە لەوە، پێتر هولتکڤیست دۆست و هاوحیزبی (سوسیالدیمۆکرات) ئەڤین چەتینە. چەتین ژنە کوردێکی چالاک، پارێزەر و ئەندامی پێشووی پارلمانی ئەوروپایە کە ئەویش لە مێژە لە لایەن تورکیاوە وەک لایەنگری پەکەکە ناسراوە. پێتر هولتکڤیست و ئەڤین چەتین بێجگە لە دۆستایەتی و حیزبایەتی هەردووک هاوشاریشن، هەر دووکیان خەڵکی شاری بورلەنگەن لە هەرێمی دالارنا.

کاتێک ئەڤین چەتین لە پاییزی ٢٠١٢ بە هۆی چوونە قەندیل و بڵاوبوونەوەی وێنە و هەڵپەڕکێی لەگەڵ گەریلاکان لە لایەن پارتی سوسیالدیمۆکراتی سویدەوە کەوتە بەر زەختی دەستلەکار کێشانەوە ئەوە پێتر هوڵتکڤیست یەک لەو بەرپرسانەی سۆسیالدیمۆکراتی لە هەرێمی دالارنای سوید بوو کە پشتگیری قورسی لە ئەڤین چەتین کرد.

جێی ئاماژەیە لە لیستی تورکیادا لە پەنای ناوی وەزیری بەرگری و ئەڤین چەتین ناوی دوو کەسی دیکەش وەک یوناس خوێستێد سەرۆکی پێشووی پارتی چەپی سویدی و ئامینەکاکەباوە ئەندامی ئێستای پارمانی سوید دەبیندرێن.
سیاوەش گۆدەرزی
به‌روار:  20/05/2022
562   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   495
کۆی سه‌ردان:   29261328