چیرۆکی وێنەی شەهیدێک
شوانه‌ بێكه‌س، ژیان و مه‌رگیشی هه‌ر پڕ تراژیدیا بوو..
سۆراخی وێنەکە..
ته‌رمی لاوێكی ته‌مه‌ن كه‌م له‌سه‌ر تاته‌ شۆرێكه‌، به‌پێی خوێندنه‌وه‌ی دۆخی وێنه‌كه‌، بینه‌ر له‌وه‌ تێده‌گات ئه‌مه‌ ته‌رمی پێشمه‌رگه‌یه‌كی شه‌هیده‌.
دیمه‌نه‌كه‌ غه‌مگین و تاسهێنه‌ره‌، داخۆ ده‌بێت ئه‌و گه‌نجه‌ خێر له‌خۆ نه‌دیوه‌ كێ بێت وا به‌بێ نازی و دوور له‌ كه‌سوكار، ته‌رمه‌ ساردو سڕه‌كه‌ی كه‌وتووه‌.
ئه‌مه‌ ئه‌و پرسیارانه‌بوو كه‌ بۆ یه‌كه‌مجار ئه‌و وێنه‌یه‌م بینی و له‌لام درووستبوو، چونكه‌ هیچ زانیارییه‌كی له‌باره‌وه‌ نه‌نووسرابوو، دووه‌مجار و نازانم چه‌ندی دیكه‌ش به‌بێ زانیاری ئه‌و وێنه‌م ده‌بینی.
سۆراخم كرد هیچم چنگ نه‌كه‌وت، به‌ڵام رێكه‌وت كاری خۆیكرد، له‌ فه‌یسبووك به‌ڕێز (دۆڵاكۆ رواندز) وێنه‌كه‌ی دانابوو چه‌ند زانیارییه‌كی كه‌م و گرنگیشی له‌باره‌وه‌ بڵاوكردبۆوه‌، ئیدی هه‌ر له‌ رێگه‌ی ئه‌وه‌وه‌ ئه‌دره‌سی سه‌رچاوه‌ی زانیارییه‌كانم وه‌رگرت كه‌ به‌ڕێز (سه‌ردار شه‌ڕكانی)یه‌ و ئێستا له‌ هه‌نده‌ران نیشته‌جێیه‌.
سه‌ردار شه‌ڕكانی، پێشمه‌رگه‌ی دێرین و هاوڕێی منداڵی و پێشمه‌رگایه‌تی و كاتی شه‌هیدبوونی ئه‌و لاوه‌یه‌ ته‌رمه‌كه‌ی له‌ سه‌ر تاته‌ شۆره‌كه‌ راكشاوه‌، دوای گه‌یاندی مه‌به‌سته‌كه‌م به‌ به‌ڕێز شه‌ڕكانی، ئه‌ویش جوامێرانه‌ هاته‌ ده‌ست و له‌ ئه‌نجامدا ئه‌م دیداره‌ی لێ به‌رهه‌م هات.
ناوه‌رۆك
ئه‌و ته‌رمه‌ شه‌هید شوانه‌بێكه‌س یان شوانه‌ هه‌ولێرییه‌، بێكه‌سبوو، ته‌مه‌نی 12 ساڵ ده‌بێت كه‌ دایكی ده‌مرێت و باوكی ژنی دووه‌م ده‌هێنێته‌وه‌.
ئیدی شوانه‌ ده‌ربه‌ده‌ر ده‌بێت و له‌ ته‌مه‌نی 16 ساڵی ده‌بێته‌ پێشمه‌رگه‌، له‌ پێشمه‌رگایه‌تیش و له‌ شه‌هیدبوونیشییه‌وه‌ تا ئێستا كه‌ 31 ساڵی ره‌به‌قه‌، هیچ كه‌سێكی نه‌هاتۆته‌ سۆراغی، نه‌ خوشك نه‌ برا، نه‌ دایك و نه‌ خاڵ و مام و نه‌ ئه‌وانی دی.
به‌ڵام خالیده‌ ره‌شی فه‌رمانده‌، شوانه‌ ده‌كات به‌ كوڕی خۆی، شوانه‌ش باوكێكی میهره‌بانی بۆ په‌یداده‌بێت و ماڵێكی ده‌بێت تیایدا بسره‌وێت.
به‌ڵام به‌داخه‌وه‌، هه‌ردووكیان پێكه‌وه‌ له‌ شه‌ڕێكی دژ به‌ رژێمی به‌عس، شه‌هید ده‌بن، له‌ ته‌نیشت یه‌كیشه‌وه‌، ئه‌سپه‌رده‌ی خاكی دایك ده‌كرێن.
كاك سه‌ردار تۆ پێشتر
شوانه‌ هه‌ولێریت ده‌ناسی؟
له‌ساڵانی 1984 و 1985 هه‌ردووكمان ماڵمان له‌ گه‌ڕه‌كی (سێتاقان)ی هه‌ولێر بوو، هاوڕێ و منداڵی یه‌ك گه‌ڕه‌ك بووین.
بۆچی پێیان ده‌وت بێكه‌س؟
شوانه‌ ته‌مه‌نی 12ساڵ بوو كه‌ دایكی كۆچی دواییكرد، باوكیشی ژنیهێنایه‌وه‌، ئه‌وه‌ رێڕه‌وی ژیانی به‌ره‌و خراپتر گۆڕی، باوه‌ژن( زڕدایك)ه‌ كه‌ی زۆر خراپبوو بۆی، به‌ كوله‌مه‌رگی ژیانی ده‌برده‌ سه‌ر، زۆرجار له‌ كۆڵان و سه‌رجاده‌كان ده‌خه‌وت.
باوكی له‌ نانه‌واخانه‌ ئیشی ده‌كرد، شوانه‌ی برده‌ لای خۆی و رۆژانه‌ له‌ فڕن كاری پێده‌كرد و شه‌وانه‌ش هه‌ر له‌وێ ده‌خه‌وت و ده‌مایه‌وه‌، بۆیه‌ من له‌وكاته‌وه‌ لێی دابڕام و ئاگام لێی نه‌ما.
چۆن و له‌كوێ یه‌كتان گرته‌وه‌؟
پێشمه‌رگه‌بووم له‌ كه‌رتی چواری شه‌هیدان- تیپی 12ی سۆران، ئێواره‌یه‌كی ساڵی 1987 شه‌هید خالیده‌ڕه‌ش كه‌ فه‌رمانده‌ی كه‌رته‌كه‌مان بوو، له‌ باره‌گای تیپه‌وه‌ ده‌گه‌ڕایه‌وه‌ باره‌گای كه‌رت، له‌ دووره‌وه‌ بینیم مێردمنداڵێكی له‌گه‌ڵدایه‌، كه‌نزیك بۆوه‌ وتی: پێشمه‌رگه‌یه‌كی نوێم بۆ هێناون، منیش لێی چومه‌ پێش و بینیم (شوانه‌)یه‌، خێرا باوه‌شمان له‌یه‌كتریدا و یه‌كمان ماچ كرد، كاك خالید وتی: دیاره‌ یه‌كتریش ده‌ناسن،
وتم: به‌ڵێ هاوڕێی گه‌ڕه‌كین.
شوانه‌ نازناو بوو یان ناوی راستیی ئه‌و بوو؟
نازناو بوو، ناوه‌ ئه‌سڵییه‌كه‌ی (فه‌رهاد قادر مه‌حمود) بوو، ئیتر په‌یوه‌ندی نێوانمان تازه‌ بۆوه‌، هه‌ردووكمان سه‌ڵت بووین بۆیه‌ زیاتر له‌ باره‌گای كه‌رت ده‌ماینه‌وه‌، له‌ جه‌وله‌و گه‌ڕانیشدا هه‌ر به‌یه‌كه‌وه‌ بووین.
چۆن زانیتان بێكه‌سه‌، كه‌س نه‌هات بۆ سه‌ردانی؟
نا كه‌س نه‌هات، ئه‌وكاته‌ی له‌ هه‌ولێر بووین من نه‌مبینیبوو كه‌ شوانه‌ خوشك و براو خاڵ و مام و هیچ كه‌سێكی هه‌بێت، وه‌ك وتم دایكی مردو خۆشی سه‌رگه‌ردان كرا، به‌ڵام له‌ پێشمه‌رگایه‌تی كه‌ یه‌كمان گرته‌وه‌، چه‌ند جارێك باسی ده‌كرد كه‌ خوشكێكی هه‌یه‌ و زۆری خۆش ده‌وێت، به‌ڵام ماوه‌یه‌كی زۆری پێچووه‌ نه‌یدیوه‌ و نازانێ چاره‌نوسی چییه‌، زۆر به‌سۆزه‌وه‌ باسی ده‌كرد، به‌ڵام حه‌یف كه‌ هه‌رگیز هه‌واڵێكی ئه‌و خوشكه‌ی
چنگ نه‌كه‌وت و قه‌تیش نه‌یبینیه‌وه‌.
ئیتر له‌ پێشمه‌رگایه‌تی بوو به‌ شوانه‌بێكه‌س و شوانه‌ هه‌ولێری.
خالیده‌ره‌ش كه‌ ماڵی له‌ گوندی (بنمێرده‌)ی ناوچه‌ی ئاكۆیان- رواندز بوو (ئێستا ئه‌و گونده‌ بۆته‌ ناحیه‌)، خۆشی هه‌ر خه‌ڵكی ئه‌وێ بوو، رۆژێك له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا كه‌ زۆر به‌ی خه‌ڵكی گونده‌كه‌ و خزمه‌كانی ئاماده‌بوون، رووی تێكردن و وتی: (خزمینه‌، له‌ ئه‌مڕۆ به‌دواوه‌ شوانه‌ كوڕی منه‌و داواكارم لێتان هه‌مووتان به‌چاوی كوڕی من مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكه‌ن).
شوانه‌ زۆر دڵخۆش بوو به‌و شێوه‌ مامه‌ڵه‌یه‌ی شه‌هید خالید له‌گه‌ڵیدا، ده‌كرێت بڵێم دوای تێكچونی شیرازه‌ی خێزانیی شوانه‌، ئه‌و چه‌ند مانگه‌ خۆشترین ماوه‌ی ژیانی بوو تا شه‌هید بوو، چونكه‌ به‌ڕاستی كاك خالید پیاوێكی زۆر به‌ به‌زه‌یی و مرۆڤ دۆستبوو، بۆ دڵدانه‌وه‌ی شوانه‌ زۆر تێكۆشا و كاری زۆری كرد تا ئه‌و كوڕه‌ هه‌ست به‌ بێكه‌سی و ته‌نیایی نه‌كات، هه‌روه‌ك كوڕی خۆی خۆشیده‌ویست و نازی ده‌كێشا.
شوانه‌ له‌ پێشمه‌رگایه‌تی بۆی باسكردم كه‌ چه‌ند مانگێك چۆته‌ گونده‌كانی ده‌شتی هه‌ولێر و ویستوویه‌تی ببێت به‌ پێشمه‌رگه‌، به‌ڵام به‌هۆی كه‌می ته‌مه‌نییه‌وه‌ وه‌رنه‌گیراوه‌، ئیتر به‌ناچاری لای مه‌ڕداری گونده‌كان بۆته‌ شوان، له‌وێ ماوه‌ته‌وه‌ و خۆی ژیاندووه‌، تا ئه‌وكاته‌ی خالیده‌ ره‌شی بینیوه‌و ئه‌ویش وه‌ریگرتووه‌ و كردوویه‌تی به‌ پێشمه‌رگه‌ لای خۆی.
ئایا ئاگاداری شه‌هیدبوونی شوانه‌ و چیرۆكی ئه‌م وێنه‌یه‌ هه‌یت؟
به‌ڵێ، مانگی 9ی ساڵی 1987 ڕژێمی به‌عس له‌ چوارلاوه‌ هێرشێكی فراوانی كرده‌ سه‌ر ناوچه‌ی سماقوڵی كه‌ باره‌گای مه‌ڵبه‌ندی سێی (ی ن ك) لێبوو، جا بۆ ئه‌وه‌ی فشاری دوژمن له‌سه‌ر سماقوڵی و ده‌ورووبه‌ری كه‌مبكرێته‌وه‌، به‌ سه‌رپه‌رشتی راسته‌وخۆی شه‌هید حه‌سه‌ن كوێستانی بڕیاری هێرشێكی گه‌وره‌ درا بۆ پاككردنه‌وه‌ی دۆڵی خانه‌قا.
هێرشه‌كه‌ له‌ شه‌وی 7\8/9/1987 ده‌ستیپێكرد، ئێمه‌ دیاریكراین بۆ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی باره‌گای فه‌وجێكی جاش، ئه‌و ڕه‌بایه‌ی بۆ ئێمه‌ داندرابوو كه‌ بیگرین ده‌یڕوانی به‌ سه‌ر گوندی (ڕه‌ژوكه‌ریان)و ده‌وروبه‌ری، گردێكی به‌رزه‌ و له‌ سه‌ره‌وه‌ زۆر فراوانه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ شاره‌زاكه‌مان ئامانجه‌كه‌ی لێ تێكچوو، ماوه‌ی 20 مه‌ترێك مابوو بگه‌ین، به‌ر له‌ سه‌عاتی سفر جاشه‌كان ده‌نگیانداین، دیاره‌
خۆیان قایم كردبوو و لێیاندان، هه‌موو ناوچه‌كه‌ به‌ ئاگری چه‌كی گه‌وره‌و بچوك رووناك بۆوه‌ و كارله‌كار ترازا، ئێمه‌ش دوای ئاگربارانێكی سه‌ختی ئاڕبیجی و بیكه‌یسی یه‌كه‌م هێرشمان كرده‌ سه‌ر دوژمن، زۆر نزیك بوینه‌وه‌، جاشه‌كان به‌رگرییه‌كی به‌هێزیانكرد، ئێمه‌ كشاینه‌وه‌، بۆ جاری دووه‌م هێرشمانكرده‌وه‌ و كه‌وتینه‌ به‌ر ره‌تڵی نارنجۆكی دوژمن، من بریندار بووم و كه‌وتم، به‌ڵام كاك خالید و شوانه‌ هه‌رنه‌وه‌ستان به‌ره‌و پێش چوون، ئازایانه‌ هه‌ڵمه‌تیان برد و دوژمنیان ئاگر باران ده‌كرد، به‌ڵام سه‌د ئاخ ئه‌وانیش بریندار بوون، ئیتر هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ توانرا ڕزگار بكرێن و به‌ره‌و گوندی دێگه‌ڵه‌ به‌ڕێكه‌وتین، كاك خالید له‌ رێگه‌دا و له‌ ناو
ده‌روازه‌ی گوندی ده‌رگه‌ڵه‌ دواهه‌ناسه‌ی داو شه‌هید بوو، ته‌رمه‌كه‌ی به‌ڕێكرا بۆ گونده‌كه‌ی، من و شوانه‌ش گه‌یه‌ندراینه‌ ماڵێكی گوندی ده‌رگه‌ڵه‌ و له‌وێ دكتۆر یوسف كه‌وته‌ ته‌داویكردنمان.
دكتۆر یوسف له‌ بنه‌ڕه‌تدا مزه‌مید (په‌رستار) بوو، خوشكه‌زای شه‌هیدی سه‌ركرده‌ ملازم سه‌ید كه‌ریم بوو، كادری سیاسی‌ بوو، خزمه‌تی زۆری پێشمه‌رگه‌ی كردووه‌ و فریای برینداره‌كان ده‌كه‌وت.
برینی شوانه‌ زۆرسه‌خت بوو گولە‌یه‌ك به‌ر كه‌له‌كه‌ی ڕاستی كه‌وتبوو و له‌ چه‌پییه‌وه‌ ده‌رچوو بوو، دكتۆر یوسف نه‌یزانی خوێن چۆته‌وه‌ ناوسكی، توشی (نزیف داخلی) بوو.
شوانه‌ قسه‌یده‌كرد و سه‌ره‌تا ته‌ندرووستی زۆر باشبوو، گومانی مه‌ترسیی لێنه‌ده‌كرا، منیش باش بووم برینم هێنده‌ سه‌خت نه‌بوو، بانگیان كردم بۆنانخواردن كه‌ برنجی سوور بوو، نانم خواردو تۆزێكیشم برد بۆ شوانه‌، كه‌چی بینیم باری ته‌ندرووستی خراپ بووه‌ و به‌خێرایی به‌ره‌و خراپتربوون ده‌ڕوا، نه‌یتوانی برنجه‌كه‌ بخوا، له‌ سه‌ره‌مه‌رگدا رووی تێكردم و وتی (كاكه‌ سه‌ردار توخوا ئه‌گه‌ر مردم له‌ته‌نیشت شه‌هید خالیده‌وه‌ بمنێژن)، ئیتر چاوه‌كانی پڕ بوون له‌فرمێسك و دوای ئه‌و قسه‌یه‌، دوا هه‌ناسه‌ی هه‌ڵكێشا و شه‌هید بوو.
ئیتر به‌ڕێكه‌وتین و شه‌و گه‌یشتینه‌ گوندی (سه‌ران) و ته‌رمی شوانه‌ برایه‌ مزگه‌وته‌كه‌ و بۆ سبه‌ینێ له‌وێ شۆردیان، ئه‌و سێ پێشمه‌رگه‌یه‌ی له‌وێنه‌كه‌دا ده‌رده‌كه‌ون، له‌قۆڵێكی هه‌مان شه‌ڕدابوون و ده‌گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ دۆڵی ئاكۆیان، ئیتر چونه‌ لای ته‌رمه‌كه‌ی شوانه‌وه‌، له‌و كاته‌یا خوالێخۆشبوو سه‌عید حه‌مه‌زیاد ئه‌و وێنه‌یه‌ی گرت و بنەماڵەکەی تا ئەمڕۆ پاراستوویانە.
به‌داخه‌وه‌ ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ش ساڵانی دواتر هه‌رسێكیان شه‌هیدبوون كه‌ بریتین له‌ ( دانیشتووه‌كه‌ شه‌هید مسته‌فا، ناوه‌ڕاست شه‌هید خاڵ حه‌مید، ئه‌وی تر شه‌هید شاهۆ).
ئیتر له‌سه‌ر وه‌سیه‌ته‌كه‌ی خۆی، ته‌رمی پیرۆزی شوانه‌مان برده‌وه‌و له‌ ته‌نیشت شه‌هید خالیده‌ڕه‌ش ناشتمان.
ئه‌و شه‌وه‌ هه‌موو دۆڵی خانه‌قا له‌ دوژمن پاككرایه‌وه‌.
چیت هه‌یه‌ له‌ كۆتایی چیرۆكی شوانه‌دا بیڵێی؟
ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت كه‌سوكاری دیار نییه‌، ته‌نانه‌ت شه‌هیدانه‌شی بۆنه‌بڕاوه‌ته‌وه‌، ساڵانێك له‌مه‌وبه‌ر كوڕه‌كه‌ی شه‌هید خالیده‌ڕه‌ش بۆی باسكردم كه‌سێك چۆته‌ لایان و پێی وتوون باوكی شوانه‌ مردووه‌، هه‌ر ئه‌و كه‌سه‌ وتوویه‌تی من خزمی شوانه‌م و داوای كردووه‌ شه‌هیدانه‌كه‌ی شوانه‌ بۆ ئه‌و ته‌رخان بكرێت، به‌ڵام نه‌یتوانیوه‌ بیسه‌لمێنێت و به‌ پێی یاساش شه‌هیدانه‌ بۆ وارسی پله‌یه‌ك ده‌ بڕدرێته‌وه‌..

شەهید نامرێت
به‌روار:  29/04/2022
198   جار خوێندراوه‌ته‌وه
  بابه‌تی زیاتر ...

 نید برایس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئێمە بڕوامان  هەیە تورکیا پابەند بێ بە  ئاگربەس کەوا  لە ئۆکتۆبەری  ٢٠١٩ ئەنجام درا،  هەر هێرشێکی درێژه‌ ...

بەداخەوە ڕۆژی 2022.5.23 " میران پشتیوان" لە شاری ئێسکلستونا کوژرا.
کۆچکردوو تەمەنی 25 ساڵە و خەڵکی شاری هەولێرە.
ڕەوانی شاد بێ.
درێژه‌ ...
مناڵێک تا نە بوو بە 6 ساڵ نەیتوانی قسە بکات.
یەکەم ووشە کە گووتی " خاڵم" بوو.
پاش حەفتەیەک خاڵی مرد !
دووەم ووشە " پوورم " بوو.
پاش حەفتەیەک پووریشی مرد ! درێژه‌ ...
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەمە "میران پشتیوان"، كوردێكی نیشتەجێی سوید بە دەستڕێژی گولە كوژرا.

كاروان عەلی، شایەتحاڵی بە چاودیتەی رووداوەكە بە"وشە"ی راگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ لەو درێژه‌ ...

فینلەندا ئامادەیی ڕاگەیاندووە کە هەندێک لە مەرجەکانی تورکیا پەسەند بکات بەڵام ئامادە نین هیچ ئەندامێکی پەکەکە ڕادەستی تورکیا بکەن، وەزیری دەرەوەی فینلەندا دەڵێت گفتوگۆکان ل درێژه‌ ...

د. نەوزاد ساڵح رەفعەت
لەم رۆژانەدا بەهۆی سەرهەڵدانەوەی نەخۆشی ئاوڵەی مەیمون، دەزگا و رێکخراوە تەندروستی‌یەکانی جیهان چەند حاڵەتێک‌یان بەم شێوەیە راگەیاند: 1 حاڵەت لە ف درێژه‌ ...

ئامینە کاکەباوە ژنێکی لێهاتوو، پێشمەرگەیەکی ئازا و سیاسییەکی سەرکەووتوە. ئەم وتارەش دوورونزیک پەیوەندی بەو خانمە سەربەرزەوە نییە کە شانازی پێوە دەکەم. بەڵام دوا هەڵوێستی ئەر درێژه‌ ...
کارمەندێکی کارەبا لەدەرگای ماڵێکی دا ،کە سێ مانگ بوو پارەی کارەبایان نەدابوو ...
بەڕێکەوت ژنێک دەرگا دەکاتەوە کە ۳ مانگە دوو گیانە .
کارمەند : داده گیان ئەوە بوو درێژه‌ ...
شیار عەلی: پێموانییە کە سوید لەبەرخاتری ئەردۆگان ڕای خۆی بگۆڕێت. 

شیار عەکی نوێنەری بەڕێوەبەری خۆسەری باکور و ڕۆژئاوای سوریا لە سوید، دەڵێت بەهاو بەرژەوەندییە ه درێژه‌ ...

بەداخەوە لە هەلومەرجێکدا کە چەندین قەیرانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی بەرۆکی ئەم هەرێمەی گرتووە، پرسی بە زۆر ناردنەوەی پەنابەرانی عیراقی جارێکی دیکە قەیران بۆ کۆی پڕۆسەکان درێژه‌ ...
ژماره‌ی بابه‌ت
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   335
کۆی سه‌ردان:   25700253