یادەوەرییەک وەک خۆی

لە بەشی ناوخۆیی بووم لە سەردەمی خوێندنمدا لە ئەکادیمیای هونەرە جوانەکانی بەغدا، ئەو ساڵەی پەیوەندی بە باسەکەمەوە هەیە بەشە ناوخۆییەکەی منی تێدا بووم لە تەنیشت یانەی فەرمانبەرەکانی وەزارەتی دارایی ئەوسادا بوو، وەک بیرم بێ ئێوارەی پێنجشەممە لەسەر هەینی بوو، یانەکە ئاهەنگیان بۆ فەرمانبەرەکانیان ساز کردبوو.
لەو ئاهەنگەشدا (سعد البیاتی) بەشدار بوو. ئێمەش بۆ ئەوەی باشتر ئەو دەنگە خۆشە ببیستین و خۆشی ببینین چوینە سەربانی بەشە ناوخۆییەکەمان کە بەسەر حەوشەی یانەکەدا ئەیڕوانی.. ئیتر جەماعەتی لای ئێمە کە خەڵکی شارەکانی خواروو بوون، کەوتنە چەپڵە، بە تایبەتی چەپڵەی بەسڕاوی تا وای لێهات (سعد البیاتی) داوای ڕوخسەتی لە ئامادە بووانی ئاهەنگە کرد کە ئەمجارە گۆرانی بۆ ئەوانەی سەربان ئەڵێ و دەستیشی بۆ لای ئێمە درێژ کرد. ئێمەش زیاتر هاوکاری ئەو گۆرانیبێژەمان کرد.
لەگەرمەی چەپڵەی خۆماندا بووین، پۆلیسێک گەیشتبووە سەرمان و کردیە هەرا کە بێدەنگ بین!
یەکێک لە تەلەبەکان لە ناوماندا وتی چیت ئەوێ، پۆلیسەکە وتی ئەبێ بێدەنگ بن، تەلەبەکەش وتی تۆ بە چ هەقێ هاتوویتە ناو (حەرەمی جامعەوە). هەر ئێستا تەلەفۆن ئەکەم لێپرسینەوەت لەگەڵ بکرێت.
پۆلیسەکەش وتی وەڵڵا خەتای من نیە، بەڕێوەبەری یانەکە ناردمی.
تەلەبەکەش پێی وت دە بڕؤ بە مەسئولەکەت بڵێ ئێرە بەشە ناوخۆیی زانکۆیە و بۆتان نیە توخنی بکەون و سنووری دامودەزگای زانکۆ بشکێنن.
ئیتر نازانم پۆلیسەکە چۆن ون بوو!
ئازاد جەلال
به‌روار:  24/11/2021
971   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   1358
کۆی سه‌ردان:   29265017