"نیشتمانم لەبەرچاو كەوتووە"


ئەی نیشتمان لێم ببورە...
كە بەجێت دێڵم ناچارم
كە رێی هات و نەهات ئەگرم...
بێ‌ ئایندەم،زۆر بێزارم

ئەی نیشتمان كاتێ‌ بەعس...
ئەی هاڕین،قڕی ئەكردین
نەنگی بوو بۆمان جێت بێڵین
هەموومان بۆ تۆ ئەمردین

ئەمێستا تۆ نیشتمانیی...
مەسئوولەكانی بە تەنیا
بۆیە سەرهەڵئەگرین،ئەڕۆین...
بەرێی ترس و نادڵنیا

ئەی نیشتمان،ئاو و هەوات
دار و بەرد و نەوت و كانزات
هەرچی هەیە،هەرچی نییە...
هیچی بۆ ئەو خەڵكە نییە

ئەی نیشتمان ...
دوژمن قەتڵ و عامی كردین...
هەر نەرۆشتین هەر ماینەوە
ئەمان ژیانیان نەهێشتین...
بۆیە ئەڕۆین نایەینەوە
ئێستا لە تۆیا نیشتمان...
مانایەك نەماوە بۆ ژیان
ئەزانی ئێستا لای من چیت؟!
وڵاتی دز و تاڵانچیت

ئەوەندە ناشرینیان كردووی
هەتا لەبەرچاوم كەوتووی
هیچت نەما پێی دڵخۆش بم
هیچم نەما بۆی پەرۆش بم

هیچ نامبەستێتەوە بە تۆوە
چۆڵ بووی لە گشت ئازیزانم
مەكە لۆمەم سەرهەڵئەگرم...
خۆم بە غەریبێ‌ ئەزانم

هەموو یادگاریی و مناڵییم...
لەگەڵ خۆما ئەپێچمەوە
خۆم ئەزانم جارێكی تر ...
نایەمەوە،ناتبینمەوە

نیشتمان پیرۆز لەوانەی...
جوانی و ژیانیان تیا نەهێشت
حەرامە بۆ ئەو كەسانەی...
لە تەنگانە جێیان نەهێشت

ئەی نیشتمان خۆ لە بیرتە...
سەدان گۆرانیم بۆ وتی...
ئیتر گۆرانییت بۆ ناڵێم...
چونكە لەبەرچاومیان خستی

بۆچی گۆرانییت بۆ بڵێم؟!
لە دەستت رائەكەم،هەڵدێم
بۆ وڵاتێكی تر ئەگەڕێم
كە شكۆم نەخاتە بەرپێم

لە بێ‌ ژیانییا ئەڕۆین...
بەدوای ژیانا ئەگەڕێین
یان ژیان ئەدۆزینەوە...
یان لەم كۆچە سەردائەنێین

ئیسماعیل محەمەد
به‌روار:  24/11/2021
864   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   492
کۆی سه‌ردان:   29219435