دوو باشترە لە سفر " 🙏

ئەوکاتانەی کە لە چاوەڕوانی درێژخایەنی کەمپدا ژیانمان بەسەرئەبرد، هەفتەی جارێک کۆبۆنەوەیان پێئەکردین و لە سەر ژیان و کۆمەڵگا و یاسا و کەلتوری نەرویجی قسەیان بۆ ئەکردین.
لە یەکێک لەو جارانەدا گەنجێکی تەمەن سی و پێنج ساڵیان هێنابوو بۆ ئەوەی لە بارەی هیوا و ئارامگرتنەوە قسە بۆ ئێمە بکات.
کەسەکە بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجەوە تەنها چەند مانگێکی مابوو لە ژیاندا، بەڵام بەوشێوە باسی ژیان و هیوای ئەکرد وەکئەوەی کە هەرگیز نەمرێت!
دوای تەواوبوونی قسەکانی ، پەناهەندەکان کە زۆرینەیان موسڵمانبوون کەوتنە پرسیارکردن، زۆرینەی پرسیارەکان لەسەرئەوەبوو کە ئایا ئەو لەم ماوە کورتەدا کە ماویەتی داوای لێبوردن لە خودا ناکات و ناگەڕێتەوە بۆ لای خودا!
ئەویش بە پێکەنینەوە گوتی: ئەگەر لە دوای مردنم لێپرسینەوەیەک هەبێت ئەوە ئەبێت من بپرسم کە بۆچی بەگەنجی توشی ئەم دەردە هاتم!
منیش دەستم هەڵبڕی و پرسیارێکم کرد، کە ئەمەبوو:
لەم ماوە کەمەی کە ماوتە لە ژیاندا خۆت بە چیەوە خەریک ئەکەیت؟
ئەویش بە زەردەخەنەیەکەوە گوتی: ئەوە پرسیارێکی زۆر باشبوو، من لەم ماوەدا زیاتر گرنگی بە خوێندنەوە ئەدەم، هەروەها کاتێکی زۆر بە وەرزش و سەیرکردنی فلیم ئەبەمە سەر!

ئەمڕۆ سەیری پرۆگرامی ئەی جی تی ئەمەریکیم ئەکرد، کچێکی سی ساڵانی جوانکیلە هاتە سەر ستەیجەکە، دوای ئەوەی یەکێک لە دادوەرەکان گوتی چ ئیشێک ئەکەیت بۆ ژیان؟
ئەو بە زەردەخەنەیەکەوە گوتی بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجەوە ناتوانم ئیشبکەم!
یەکێکی تر لە دادوەرەکان پرسی، ئایا تۆ ئێستا چۆنیت؟
ئەویش گوتی: بەم دواییە لە پشکنیندا دەرکەوتوە نەخۆشیەکە لە جگەرم و لە سیەکانمدا بڵاو بۆتەوە، بەڵام باشم!
دوای ئەوەی لە پرۆگرامەکەدا گۆڵدن بلازەری وەرگرت، بەشێوەیەک دڵخۆشبوو وەکئەوەی کە هیچ خەمێکی لە ژیاندا نەبێت.
دواتریش بە یەک دێڕ بەشی ساڵێک قسەیکرد
(ئەگەرچی شانسی ژیان بۆ من تەنها لەسەدا دووە، بەڵام دوو باشترە لە سفر)
ئیمە زۆرجار لە سەدا نەوەد و هەشتمان هەیە کەچی خەفەت بۆ ئەو دووە ئەخۆین کە لە ژیانماندا نوقسانە!
زۆرێک لەئێمە هەمووشتیکمان هەیە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش هەمیشە بە دوای ئەو شتانەدا ئەگەڕێێن کە نیمانە!
زۆرینەمان دڵخۆشنین بەوەی کە هەمانە و خەفەت ئەخۆین بۆ ئەو شتانەی کە نیمانە!
ڕۆژانە بەرلەوەی لە ماڵ بێینەدەرەوە بە دەست و پەنجەکانی خۆمان قەیتانی پێڵاوەکانمان ئەبەستین، چەرخ دائەگیرسێنین و مۆمێک ، جگەرەیەک، تەباخێک دائەگیرسێنین، ئەم کردارانەی رۆژانە هیچ گرنگیەکیان نیە بۆ ئێمە، بەڵام بۆ کەسێک کە دەستەکانی لەدەستداوە، بۆ کەسێک کە ئیفلیجە، بەستنی قەیتانی قۆندەرەکەی ، داگیرساندنی مۆمێک، پیاسەیەکی ناو باخچەیەک خۆشترین شتە.
کە لەکوردستانبووم هەمیشە دڵتەنگ و خەمباربووم وەک زۆرینەی گەنجەکان، تاکە هیوام ئەوەبوو کە بگەمە ئەوروپا، بەڵام ئێستا دوای بیست و پێنج ساڵ لە ژیانی ئەوروپا و بەدەستهێنانی ڕەگەزنامەی ئەوروپی و ماڵ و سەیارە و منداڵ، ئارەزووی گەڕانەوە بۆ ئەورۆژانە ئەکەم کەلەگەڵ هاوڕێکانمدا بە پێ ئەڕۆشتین بۆ مەلەی سیروان!
ئەوەی کە تۆ هەتە ڕەنگە خەونی ملیۆنان مرۆڤبێت، کەواتە بۆچی دڵخۆشنیت بە بوونی؟
ئەوەی ئەمڕۆ تۆ ئەیخۆیت، خەونی ملیۆنان منداڵی برسیە لەسەر ئەم زەویە، کەواتە بۆ نرخی نازانیت؟
گەنجیت، تەندروستیت، گەورەترین سەرمایەیە کە تۆ هەیتە و خەڵکی تر نیەتی، کەواتە دڵخۆشبە پێی!
تێریت، ئازادیت، منداڵەکانت، هاوڕێکانت، دایکت، باوکت، خۆشەویستەکەت، کە تۆ هەیتە و خەڵکی تر نیەتی، بابێتە هۆکاری خۆشحاڵیت.
حسەین عەلی شەریف
به‌روار:  23/10/2021
1341   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   504
کۆی سه‌ردان:   29267168