ناسیۆنالیزمی تورکی و کوردی
. دوای هەرەسی ئیمپراتۆرییەتە گەورەکان و سەرهەڵدانی بزاوتە دەستوورییەکان، لە زۆر پنت و دەڤەری خۆرهەڵاتدا، پرۆسەی خۆپێناسەکردنی نەتەوەیی لای عەرەبەکان و تورکەکان و فارسەکان بە بەبەربڵاوی دەست پێدەکات. ئەم پرۆسەیە لە کاتێکی مێژوویدا ڕوودەدات کە کۆمەڵگای کوردی تەواو ئامادەنییە بۆی، هێشتا شوناسە بچوکەکان زۆر بەهێزن، هێشتا خێڵ و عەشرەت پێکهێنی سەرەکین، هێشتا شارە کوردییەکان شاری ڕاستەقینەنین، هێشتا نوخبەی خوێندەواری مەدەنی کورد زۆر بچوک و لاوازە. بە بڕوای من ئەم کێشەیە لەسەرەتاکانی سەرهەڵدانی ناسیونالیزمی کوردیدا ڕۆڵێکی مێژوویی گرنگ لە نوشستەکانی دواتری ئەم بزاوتەدا دەبینێت. واتە گەر لەسەر ئاستی ناوچەکە سەیربکەین گەشەیەکی ناهاوسەنگ و ناهاویەک لە نێوان ستراکتوری ناسیونالیستییەکاندا دەبینین. بۆ نمونە گەر بەراوردێک لە نێوان ناسیونالیزمی کوردی و تورکی یان کوردی و عەرەبیدا بکەیت، تەواو ئەو جیاوازییە جەوهەرییانە دەبینیت کە وایانکردوە ناسیونالیزمی کوردی ناسیونالیزمێک بێت هیچ کات بەرچاوی ڕوون نەبێت، لەشێکی یەکگرتووی نەبێت، پڕۆژەیەکی سەرتاسەری نەبێت.
ناسیونالیزمی تورکی لەسەر ئێسک و پروسکی ئیدارەیەکی ئیمپراتۆری گەورە هەڵدەستێتە سەرپێ، ناسیونالیزمێکی بریندارە کە هەستی دینی و نەتەوەیی تا دوا پلە برینداربووە، دوا جێگا تێیدا بەرگری لە ئابڕوی نەتەوەیی خۆی بکات، شکاندنی ئەو نەتەوە لاواز و بێدیفاعانەیە کە دەکەونە سەر دوا سنووری نێوان قەڵەمرەوی خۆی و جیهانەوە. قڕانی ئەرمەنەکان و سەرکووتکردنی دڕندانەی کورد لە تورکیا پەیوەندی بەو دۆخە هیستیرییەوە هەیە کە تورکەکان دوای هەرەسی ئیمپراتۆرییەتەکەیان تووشی دێن، ناسیونالیزمی تورکی دێتە سەر میراتی ئیداری و سەربازی و کولتووری ئیمپراتۆرییەتێکی گەورە، کە بە ناسیونالیزمێکی ساوا و پارچەپارچە و بێمێژووی وەک ناسیونالیزمی کوردی بەراورد ناکرێت. لێرەوە تورکەکان لە ڕێگای تۆمارکردنی سەرکەوتنێکی وەهمی بەسەر کورددا دەیانەوێت ئەو شکستە دەرونییەی خۆیان تێپەڕێنن، گەر بە وردی بڕوانین ئەو دڕندەیی و ئینکارکردنە ناماقووڵەی ناسیونالیزمی تورکی بۆ کورد دەگەڕێتەوە بۆ ئەو دۆخەی کە «سەرکەوتن بەسەر کورد» دا وەک تاکە قەرەبووی ئەو نوشوستە مێژووییە دەمێنێتەوە کە تورکەکان لەسەر ئاستی جیهانیدا پیایدا تێپەڕین. هەر سەرکەوتنێکی کوردی لە نەستی تورکیدا برینێکی قووڵ دروستدەکات، چونکە وەک درێژکراوەی ئەو زنجیرە شکستە مێژووییە دەردەکەوێت کە تورکەکان لە سەرەتاکانی سەدەی بیستدا ڕووبەڕووی بوونەوە، لێرەوە پەیوەندی نێوان ناسیونالیزمی تورکی و کورد پەیوەندییەکی عوسابییە. واتە سەرکەوتن بەسەر کوردا تاکە ڕەگەز بووە هاوسەنگی سایکۆلۆژی ناسیونالیزمی تورکی ڕاگرتووە، تاکە شانازی و دوا شانازی ئەم ناسیونالیزمە بووە .
بەرامبەر بەمجۆرە لە ناسیونالیزم، ناسیونالیزمی کوردی بوویەکی لاواز بووە... بە بڕوای من ناسیونالیزمی کوردی لە ژێر فشاری ناسیونالیزمەکانی دیکە و لە ژێر کاریگەری ئەو خەونانەدا گەورە بووە کە خەونی مۆدێرنەن و نوخبەی خوێندەواری کورد لە خەیاڵی دەستەجەمعیماندا چاندوویانە. لێرەوە لەپاڵ هەموو شۆڕشەکانی کوردیشدا ناسیونالیزمی کوردی، ناسیونالیزمێکی پاسیڤە، پتر لەسەر «ترس لە نەمان» دروستبووە نەوەک لەسەر «ئارەزوو بۆ قودرەت».
بەختیار عەلی
لە کتێبی سێوی سێهەمەوە
بهروار: 22/10/2021
377 جار خوێندراوهتهوه
|