پەرلەمانی کوردستان ‼
ئەگەر هەڵبژاردن بەهێزترین دەلیلی پێوانەکردنی دیموکراسی بێت، زیاتر لەمیدیای ئازادو فرەحیزبی و هەبوونی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کەتێکڕا دەلیلی دیموکراسین، ئەوا پێویست وایە بڵێین ئێمە بەهێزترین مەرجی دیموکراسیمان تیایە کەئەویش هەڵبژاردنی خولییە "چوارساڵجاری" چونکە ئێمەی کورد لەهەرێمی کوردستاندا ١٦ ساڵێکە هەڵبژاردنی خولیی ئەنجامدەدەین و لەو ماوەیەدا وا خەریکە پێنجەم هەڵبژاردن ئەنجامئەدەین "ماڵە باجێنەکەی ١٩٩٢ م لێدەرکردوە".

بەڵام ئایا وایە؟ ئێمە لەبەردەم دیموکراسیەتی راستەقینەداین؟

تەبعەن نەخێر.. لەراستیدا ئێستا لەدنیادا هەرچی دەستەڵات هەیە، خۆی لەگەڵ چەمکی دیموکراسیدا گونجاندوە، لەچین ەوە بیگرە کە لەکۆنگرەی ٢٠٠٧ ی حیزبی شیوعیدا "هو لینتاو" ٦٠ جار وشەی دیموکراسی بەکارهێنا، تا کەریمۆڤی ئۆزبەکستان کەبێ بوونی ئۆپۆزسیۆن هەڵبژاردن ئەکات و تا دەگاتە تاڵیبان کەئێستا دیعایەی حکومەتی فرە رەنگ دەکات.

ئەمرۆ هیچ دەستەڵاتێک لەدونیادا دژی دروشمی دیموکراسی و رێوشوێنەکانی قسەناکات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەستەڵات بەهرەی ئەوەی بۆ پەیابوە کەناوەرۆکی دیموکراسی بەتاڵبکاتەوە لەمانا، فرەحیزبی ساختە پێکبهێنێت، ئێن جی ۆی فەیک بۆ توێژە پیشەییەکان دابمەزرێنێت و ئاهەنگی هەڵبژاردنی نا دیموکراسی ساز بکات.

دەستەڵات لەئێستادا لەهەموو سەردەمێک عاقڵترە، وەک جاران دژایەتی دیموکراسی و ئاماژەکانی ناکات، بەڵکو فێری ئەوە بوە کەقاوغی بۆ بەرهەمبهێنێت، چوارچێوەی دیموکراسی بێ تابلۆ هەڵبواسێت… ئەمرۆ بەشار ئەسەد بەهەڵبژاردن هاتۆتەوە ناو دیمەنەکە، ئاردۆگان بەهەڵبژاردن تیای ماوەتەوە، پۆتین بەراپرسی "کەئاماژەیەکی تری دیموکراسیە" دەستور بۆ خۆی هەمووار ئەکات.

لەهەرێمی کوردستانیش دەستەڵات تەکنیکی خۆی دۆزیوەتەوە بۆ مانەوە، ناچێت کاندیدی ئۆپۆزسین بکوژێت وەک ئەوەی لەهەڵبژاردنەکانی کەمبۆدیا و لوبنان رویئەدا، نایەت وەک ئێران بەیاسا کاندیدی ئۆپۆزسیۆن لەخۆ کاندیدکردن دووبخاتەوە، وەک زیمبابۆی و روسیاش بەچەک رێگە لەچالاکی جەماوەری و میدیایی ئۆپۆزسیۆن ناگرێت، بەدڵنایییەوە وەک سوریاش حیزب و کاندیدی درۆزنانەی دروستنەکردوە، چونکە لەراستیدا لەهەرێمی کوردستان فرە حیزبیەکەی راستەقینە و میدیای رەخنەگر هەیە…بەڵام:
دەستەڵات لەهەرێمی کوردستان پەرلەمانی کردوە بەموئەسەسەیەکی دابراو و بێ کەڵک کەتوانای دیزانکردنی دەستەڵات و تەشریعکردنی ژیانی سیاسی و ئابوری هەرێمی نیە، موئەسەیەک کەرەبتی بەبریارە ستراتیجی و حەیەویەکانی هەرێمەوە نیە و سەرقاڵی موناقەشەی ئەو بابەتانەیە کە لەباشترین حاڵەتدا ئیشی شارەوانی و ئەنجومەنەکانی پارێزگایە.

دەستەڵات لای ئێمە رێگەی لەپرۆسەی هەڵبژاردن نەگرتوە، دەستی بە پەرلەمانەوە گرتوە، دژایەتی هەڵبژاردنی خولیی و فرەحیزبیش ناکات، تەنانەت حەزشی لەمەراسیمی هەڵبژاردن و شتە، بەڵام پەرلەمانی کردوە بەشوێنی فرسەتی کار بۆ ١١٠ کەسێک، وایکردوە موئەسەسەیەکی چوارساڵی بێت بۆ شانۆگەریەکی موملی بێ بلیت.
توانا عوسمان
به‌روار:  27/09/2021
598   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   672
کۆی سه‌ردان:   29257482