دەربارەی مردن

پرسیار: کەس ئەزموونی مردنی نییە، بەڵام ئێوە وەک ڕۆماننوس لە ڕێگای کاراکتەرەکانتەوە کارتان لە نێو ژیان و مردندا کردوە، ئێستا هەستان دەربارەی مردن و مردنی خۆتان چییە، کە گفتوگۆی دەربارە دەکەین؟

بەختیار عەلی: مردن ناودەنێم عەدالەتی وجودی، مردن شتێکە جیاوازی نێوان مرۆڤەکان لە بەردەمیدا دەسڕێتەوە. ئەوەی هەموومان دەمرین، بناغەیەکی گەورەیە بۆ دادپەروەرییەکی گەردونی کە لە ناوەڕاستی ژیاندا وەستاوە و هەموو بە بەردەمیدا دەڕۆین. مردن وادەکات جیاوازییەکانی نێوانمان بچوک بێت، ئەوەی یەکێکمان زۆرتر دەژین و یەکێکمان کەمتر هیچ لە جەوهەری ئەو دادپەروەرییە گەردونییە ناگۆڕێت. من ئەمڕۆ کاتێک بیر لە مردوەکان دەکەمەوە، هەستدەکەم هەموو مردوەکان لە بەردەم مەرگدا یەکسانن، نەوەک تەنیا مرۆڤەکان، بەڵکو مرۆڤ بەراورد بە مێشوولە و باڵندە و گیاندارەکانی تریش. ئەم یەکسانییە سەرنجڕاکێشە، وادەکات بزانین لە ڕووی لۆژیکی سروشتەوە ژیانی ئێمە نرخێکی تایبەتی نییە، کاڵایەکی بە بەهاتر نییە لە هەر بەرهەمێکی سروشتی دیکە.

ئەگەر مردن نەبایە لەوانەیە غروری مرۆڤ بێسنوور بایە، تەماحەکانی گەورەتربان، هێزی وێرانکاریی ترسناکتر و زۆرتربایە. بەڵام ئاگاداربە ئەم بۆچوونەم ستایشی مردن نییە، من لە نوسەرە ژیاندۆستەکانم، بەڵام باوەڕم بە فەرامۆشکردن و یادکردنی مردن نییە، مرۆڤ تا جێگایەکی دیاریکراو دەتوانێت شەڕ لەگەڵ مەرگدا بکات. من زۆرجار گومان لە ڕستە بەناوبانگەکەی ئەبیکۆرس دەکەم کە دەڵێت تا من هەم مردن نییە، کە مردنیش هات چیتر من نیم. هەستدەکەم پێچەوانەی ئەم ڕستەیە ڕاستە، تا من هەم مردن هەیە، کە من نەبووم مردنیش نییە...

ئێمە هەر چۆنێک بجوڵێینەوە مردن لەگەڵماندایە، وەک ئەو یاریزانەی سێرک کە مارێک لە خۆی دەئاڵێنێت و دێتە سەر شانۆ. مردن ئەو مارەیە کە دەتوانین ماوەیەک یاری لەگەڵدا بکەین، بەڵام دەبێت هەمیشە ئامادەبین پێمانەوە بدات وە دەزانین و دڵنیاین پێمانەوەدەدات.

خوێنەری کوشندە
بەختیار عەلی
به‌روار:  14/06/2021
819   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   299
کۆی سه‌ردان:   29253739