ئەو ڤیدۆیەی کە خەڵکی تۆقان
مەترسیە درێژخایەنەکانی ڤاکسینەکانی دژ بە پەتای کۆرۆناو  روونکردنەوەیەک بۆ ئەو کورتە  ڤیدیۆیەی کە خەلکی تووشی تۆقان کردووە. 

 دۆزینەوەی ڤاکسین بە یەکێک لە دەستکەوتە ھەرە گەورەکانی مرۆڤایەتی دادەنرێت لە زانستی پزیشکیدا . بۆ یەکەم جار لە سەرەتای سالەکانی ١٨٠٠ ڤاكسین لە بەریتانیا دۆزرایەوە، کاتێک کە توانرا ڤاکسینی کاریگەر دژی ئاولە بەرھەم بھێنرێت . لە دنیای ئەمرۆ بەکارھێنانی ڤاکسینەکان مرۆڤایەتی لە کۆمەلێک پەتا پاراستووە ، لە ئەگەری نەبوونی ئەو ڤاکسینانە بە دلنیایی ژیانی مرۆڤ بە شێوەیەکی تر دەبوو . 

سروشتی مرۆڤ ئاوایە کە ترسی بەرامبەر ھەر شتێکی نوێ ھەیە . دژایەتی کردنی ڤاکسین مێژوویەکی درێژی ھەیە، سەرەتا ئەو دژایەتیە لە ئەوروپا دەستپێکرد و دوای ئەوە بەرەی دژە ڤاکسین لە ئەمریکا درووست بوون . ھەندێک لە دژە ڤاکسینەکان بۆچوونی رۆحی یان فەلسەفیان بۆ دژایەتیکردنی ڤاکسین بەکاردەھێنا. کۆمەلەی دژی ڤاکسین لە ئەمریکاو ئەوروپا بە شێوەیەک کارگەریان ھەبوو داوای گۆڕینی یاساکانی کوتانیان دەکرد. لە ناوەڕاستی حەفتاکانی سەدەی رابردوو دژایەتیەکی زۆری بەشێک لە ڤاکسینەکانیان دەکرد وەک ڤاکسینەکانی دەردەکۆپان، ملەخرە، کۆکە ڕەشە، سورێژە، سورێژەی ئەلمانی، بەلام ھەولەکانیان بەرگەی ڕاستیە زانستیەکانی نەگرت ، سوپاس بۆ ڤاکسینەکان کە مرۆڤایەتی لە کۆمەلێک پەتای جۆراوجۆر پاراستووەو تاکوو ئەمرۆ لە سەرانسەری جیھان بەکاردەھێنرێن

 1-دوای سەرھەلدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە ماوەیەکی زۆر کەم جینۆمی ڤایرۆسەکە دیاریکراو ناوەندە زانستیەکانی جیھان کەوتنەخۆ بۆ دۆزینەوەی ڤاکسین ، چونکە لە سەرەتای سەرھەلدانی کۆرۆنا دیاربوو کە ئەو ڤایرۆسە جیاوازەو بەخێرایی بلاودەبێتەوەو رێژەی مردن زیاترە بە بەراورد لەگەل کۆمەلێک ڤایرۆسی تر کە پێشتر بەرەنگاری مرۆڤایەتی بۆتەوە . بەھۆی پێشکەوتنی زانستی پزیشکی و تەکنۆلۆژیای نوێ توانرا کۆمەلێک ڤاکسین لە ماوەیەکی زۆر خێرا بەرھەم بھێنرێت، دوای ئەوەی لێکۆلینەوەکان دەریانخست کە کاریگەرو سەلامەتن .نزیکەی پێنج مانگ تێدەپەرێت لەسەر بەکارھێنانی ڤاکسینەکان ، لەھەندێک وولات بەھۆی بەکارھێنانی رێژەیەکی زۆر لە ڤاکسین ، خەریکە پەتای کۆرۆنا کۆنترۆل دەکرێت . لەگەل ئەوەی سوودەکانی ڤاکسینەکان زۆر دیار و بەرچاون ، بەلام خەلکی زیاتر باسی دەرەنجامە خراپەکانی ڤاکسین دەکەن . دیارە لە جیھانی سۆشیال میدیا ھەوالەکان زۆر بە خێرایی بلاو دەبێتەوە . لە ماوەی چەند ھەفتەی رابردوو دیاردەی خوێن مەیین ، کە دەزانین بە رێژەیەکی یەکجار کەم تێبینی کراوە بۆتە دوو دلیەکی زۆر لای خەلک ، دیارە ئێمە دەبێت لەو ترسەی خەلک تێبگەین ، بەلام لەھەمان کات ھەول بدەین راستیە زانستیەکان روون بکەینەوە.

2-.دوای پێنج مانگ لە بەکارھێنانی ڤاکسینەکان و بەکارھێنانی پتر لە یەک بلیۆن برەژەمی ڤاکسین بۆمان دەرکەووتوە ، کە لێکەوتە خراپەکانی ڤاکسینەکان لە ماوەی کورت خایەن یەکجار کەمە . لە ئێستادا کەسانێک ھەن باس لە کێشەکان و مەترسیەکانی ڤاکسین دەکەن لە ماوەی درێژ خایەن . لە ھەفتەی رابردوو پتر لە سەد کەس کورتە ڤیدیۆیەکیان بۆم ناردووە باس لە مەترسیەکانی ڤاکسینەکانی دژ بە کۆرۆنا دەکرێت لە ماوەی دوور خایەن ، داوای ئەوەم لێدەکەن روونکردنەوە لەسەر ڤیدیۆکە بدەم .ئەوەی زۆر جێگای داخە کە بەرەی دژەڤاکسین بەشێکی ئەو ڤیدیۆیەیان تەرجومە کردووە بۆ زمانی کوردی ، ئەمەش بۆتە ھۆی ئەوەی دلەراوکێ لای بەشێکی ئەو خەلکانە درووست بکات کە ڤاکسینەکەیان وەرگرتوەو لەھەمان کاتدا بۆتە ساردکردنەوەی بەشێک لە خەلک کە بە نیازن ڤاکسین وەرگرن . 

3-ئەو ڤیدیۆیەی سۆشیال میدیای تەنیوەتەوە ، ئافرەتێکی  ئێرلەندیە بە ناوی دۆلۆریس کاھێل (Dolores Cahill) . پتر لە ھەفتەیەکە خەریکی کۆکردنەوەی زانیاریم دەربارەی ئەو پرۆفیسۆرە . لە راستیدا پەیوەندیم بە ھاورێیەکی دکتۆری خەلکی ئایرلەندا کرد، كە لە نزیکەوە دەیناسێت .ئەو ئافرەتە ئەندامێکی کاریگەری پارتی سەربەستی ئێرلەندایە و بۆچوونەکانی زۆر دژ بە بە یەکێتی ئەوروپایە. لە سەرەتای سەرھەلدانی کۆرۆنا بۆچوونەکانی لەگەل ناوەندە زانستیەکانی جیھان جیاوازو نامۆ بوو ، بە ھەموو شێوەیەک دژایەتی ئەوەی دەکرد کە ماسک بەکاربھێنرێت ، دژی کارەنتینەکردن بوو . بە بۆچوونی ئەو کۆرۆنا ڤایرۆسێکی سادەیەو سیاسیەکان کۆرۆنا وەک ئامرازێک بەکاردەھێنن بۆ زەوتکردنی سەربەستی تاکە کەسی . دەلێم ئاخۆ ئەگەر پرۆفیسۆری بەرێز سەیری دۆخی ئەمرۆی ھیندستان بکات دەبێت چی وەلامێکی پێبێت ؟ دەبێت ئەوە بووێترێت، کە لە ناوەراستی مانگی سێ زانکۆی دەبلن بە شێوەیەکی فەرمی پرۆفیسۆر کاھێلیان دوورخستەوە و رایانگەیاند، کە ئەو بەھیچ شێوەیەک تەعبیر لە زانکۆکەیان ناکات ، ھەرچەندە ماف و بۆچوونی تاکەکەس زۆر گرنگە لە ئەوروپا ، بەلام ناوەندە زانستیەکانی ئایرلەندا بۆچوونەکانی ئەو پرۆفیسۆرە بە مەترسی دەزانن. ھەر کەسێک تۆزێک لێکۆلینەوە لەسەر ئەو دکتۆرە بکات ئەو راستیانەی بۆ دەردەکەوێت و لە لاپەرەکانی ئینتەرنێت بە ئاسانی دەتوانرێت کۆمەلێک زانیاری دەربارەی ئەو کەسە دەستکەوێت.

4-.پرۆفیسۆر کاھێل لەو کورتە ڤیدیۆیەی، کە لە جیھان و کوردستان بلاوبۆتەوە باس لە مەترسیەکانی ڤاکسینەکان دەکات لە ماوەی دوورخایەن ، باس لەوە دەکات کە ئەو کەسانەی ڤاکسین وەردەگرن تووشی نەزۆکی دەبن و تەنانەت دەلێت  ڤاکسینەکان دەبنە ھۆی مردن و کەمککردنەوەی تەمەنی ئەو کەسانەی  وەریدەگرن ، ئەمە لە کاتێکدایە، کە ڤاکسینەکان تەنھا پێنج مانگە بەکارھێنراون، لە راستیدا بەھیج شێوەیەک ھیج لێکدانەوەیەک یاخود شیکردنەوەیەکی زانستی پشتگیری لە بۆچوونەکانی ناکات . دەبێت ئەوەش بووترێت کە دکتۆریش مرۆڤەو لەژێر کاریگەری ئایین و کۆمەلێک بۆچۆنی ترن، کە پەیوەست نین بە راستە زانستیەکان . ئەگەر سەیری بزووتنەوەی دژە ڤاکسین بکەین بە درێژایی مێژوو ، بەشێکیان سەر بە گرووپە کریستیانە توندرەوەکان بووینە.

 5-.بە درێژای مێژوو ھیچ کێشەیەک لە ڤاکسینەکان نەبینراوە لە ماوەی دوور خایەن ، ھیچ لێکدانەوەیەکی زانستی نابینم، کە ڤاکسینەکانی دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا جیاواز بن لەوانەی پێشووتر . دەبێت ئەوە بووترێت، کە لە سەرانسەری جیھان مرۆڤ سەربەست کراوە لە وەرگرتن یان وەرنەگرتنی ڤاکسین ، بەلام رۆلی ئێمەی دکتۆر وەک ئەرکێک بەرامبەر بە مرۆڤایەتی دەبێت روونکردنەوەی راستیە زانستیەکان بێت و ببینە ھۆکارێک بۆ نەمانی ئەو ترسەی لای ھەندێک کەس درووست بووە بەرامبەر بە ڤاکسینەکان .دلنیام کە دووبارەکردنەوەی ئەو راستیە زانستیانە دەبێتە ھاندەرێک بۆ زیاتر وەرگرتنی ڤاکسین و بە تێپەربوونی کات کەسانی وەک پرۆفیسۆر کاھێل وون دەبن و مێژوو وەک کەسانێکی یاخیبوو لە ناوەندە زانستیەکان باسیان دەکەن . لە کۆی سەدان ھەزار دکتۆر لە جیھان شتێکی ئاساییە کە چەند دکتۆرێک بیرورای جیاوازیان ھەبێت ، بەلام نابێت خەلکی سادە فریو بدەن بە بۆچوونە نامۆو گوماناویەکان ، ھەر لەبەر ئەو ھۆکارە بووە زانکۆی دەبلن خاتوونی پرۆفیسۆریان دوور خستۆتەوە لە زانکۆ ، چونکە لە زانکۆکانی ئەوروپا جێگای ئەو جۆرە کەسانە نابێتەوە.

سوپاس بۆ ھاورێی تەمەن دکتۆر کامەران قەرەداغی بۆ گەیاندنی بەشێک لە زانیاریەکانی ئەو پۆستە .

دکتۆر عارف گۆران— لەندەن
دکتۆر کامەران قەرەداغی—سلێمانی
به‌روار:  07/05/2021
1043   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   990
کۆی سه‌ردان:   29236481