وەزیرانی دەرەوەی تورکیا و یۆنان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا یەکتر تۆمەتبار دەکەن

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا و لە یەکەمین کۆبوونەوەیاندا دوای زیاتر لە یەک ساڵ، وەزیرانی دەرەوەی تورکیا و یۆنان لەسەر کۆمەڵێک بابەت یەکترییان تۆمەتبار کرد.

دوای ساڵێک لە ناکۆکی و گرژییەکانی نێوانیان، واپێشبینی دەکرا هەردوو وەزیری دەرەوەی تورکیا و یۆنان لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانیە هاوبەشەکەیاندا ناکۆکییەکانیان بخەنە لاوە.

گرژییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە گەیشتە لوتکە کاتێک لە مانگی هەشتدا دوو کەشتی جەنگی یۆنانی و تورکی خۆیان بەیەکتریدا کێشا، ئەمە لەکاتێکدا بوو ئەنقەرە هەوڵیدەدا کەشتیەکە بۆ ناو ئەو ناوچە ئاوییە بجوڵێنێت کە ناکۆکیی لەسەرە.

کۆنگرەکە بە لێدوانی ئاشتیانە دەستیپێکرد لەلایەن وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاو ئۆغلۆوە و " گفتوگۆ ئەرێنیەکانی نێوان دوو وڵاتەکەی لە ئەنقەرە " بەرزنرخاند.

بەڵام وەزیری دەرەوەی یۆنان نیکۆس دیندیاس دووبارە جەختی لە سکاڵاکانی وڵاتەکەی کردەوە لە تورکیا، لە گەڕان بەدوای سوتەمەنی و گاز لە ناوچە ئاوییە جێناکۆکیی لەسەرەکانەوە بۆ مامەڵەکردنی تورکیا لەگەڵ کەمینە ئۆرثۆدۆکسیەکان و ناکۆکییەکانیان سەبارەت بە پرسی کۆچبەران.

وەزیری دەرەوەی یۆنان لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەدا کە نزیکەی 35 خولەکی خایاند بە وەزیری دەرەوەی تورکیای وت " هەڵوێستی یۆنان ئاشکرایە و ئەمە یەکەمین جار نیە بیبیستن."

لەلای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی تورکیا چاوش ئۆغلۆ وەڵامیدایەوە و وتی " ئەگەر لەبەردەم ڕۆژنامەنووساندا تۆمەت ئاڕاستەی وڵاتەکە و گەلەکەم بکەیت، ئەوا دەبێت وەڵامی ئەوە بدەمەوە."

وتی " ئەگەر دەتەوێت گرژییەکانی نێوانمان بەردەوام بێت، ئەوا ئەوە دەکرێت." وتیشی " ئەگەر بەردەوام بین لە تۆمەتبارکردنی یەکتریی لێرە، ئەوا زۆرمان دەبێت بۆ وتن."

مانگی ڕابردوو ئەنقەرە ڕایگەیاند وەزیری دەرەوەی یۆنان دیندیاس نیکۆس سەردانی تورکیا دەکات تاوەکو ئامادەی کۆبوونەوە لوتکەکەی نێوان سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆگان و سەرۆک وەزیری یۆنان کیریاکۆس میتسوتاکیس ببێت.

ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە تیشک دەخاتە سەر ئەو قورساییەی لەبەردەم یەکێتی ئەوروپا و هاوپەیمانێتی ناتۆدا هەیە بۆ هێورکردنەوەی دوژمنایەتیە مێژووییەکەی نێوان تورکەکان و یۆنانییەکان.

دوای ئەوەی لە ساڵی 2016 دا تورکیا تۆمەتبار کرا بەوەی پابەندی ڕێکەوتنەکەی نەبووە لەگەڵ یەکێتی ئەوروپادا بۆ وەرگرتنی ئەو کۆچبەرانەی کە دەیانەوێت بەرەو ئەوروپا بڕۆن، دیندیاس وتی " پێویستە تورکیا چیتر وانە بە یۆنان نەڵێتەوە."

دیندیاس وتیشی " یۆنان ئامادەیە بۆ پێشەوە بڕوات و ئەجێندایەکی نوێ پەیڕەو بکات، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت یۆنان هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە سیاسەتی دەرەوە بگۆڕێت یاخود دەستبەرداری بەرپرسیارێتیە ئەوروپییەکانی ببێت."

هەروەها سەبارەت بە تۆمەتەکانی یۆنان لەسەر خراپ مامەڵەکردنی تورکیا لەگەڵ کەمینە ئۆرثۆدۆکسیەکاندا، چاوش ئۆغلۆ وتی " هەمیشە هەوڵدەدەن وانەمان پێبڵێن لەسەر دیموکراسیەت و یاسا."

کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکە کۆتایی هات و دوو وەزیرەکە ڕازیبوون لەسەر ئێوارەخوانێکی تایبەت بەردەوامی بە گفتوگۆکانیان بدەن.

سەرچاوە/ فرانس پرێس
دەنگی کوردی ئەمریکا

به‌روار:  16/04/2021
559   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   370
کۆی سه‌ردان:   29232019