١١ چالاکوانی ژن لە ئامەد زیندانیکران
دەوڵەتی تورک لە چوارچێوەی ئۆپراسیۆنی پاکتاوکردنی سیاسیی گەلی کورد لە رۆژی ٥ی نیسان لە ئامەد هەڵیکوتایە سەر ماڵان و رێکخراوەکان و ٢٦ی ژنی چالاکوانیان دەستگیرکرد و سزای زیندانیکردنیان بەسەر ١١ کەسیاندا سەپاند.
دەوڵەتی تورک لە چوارچێوەی بەردەومیدانی بە ئۆپراسیۆنەکانی بۆ پاکتاوکردنی سیاسیی گەلی کورد لە ٥ی نیساندا لە ئامەد هەڵیکوتایە سەر رێکخراوەکانی ژنان و ٢٦ ژنی دەستگیرکرد.
زەلال بیلگین چالاکوانی بزووتنەوەی ژنانی ئازاد (تەژا)، بەهار کاراکاش ئولوگ و رابیعە تەکاس ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانیی گەورە شاری ئامەد لە دوای دەستگیرکردنیان و لێکۆڵینەوەکردن لەگەڵیاندا لە ئاسایش دوێنێ یەکشەممە و لە دوای ٦ رۆژ لە دەستگیرکردنیان برانە دادگا و دادگاش بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە رێکخستن" دا سزای زیندانیکردنی بەسەردا سەپاندن و رەوانەی زیندانی داخراوی ژنانی ئامەد کران.
بەوە ژمارەی ئەو ژنانە، کە لە دوای ئەو ئۆپراسیۆنە سزای زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێنراوە گەیشتە ١١ کەس.
ئەو ژنە چالاکوانانەی تر، کە سزای زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێنراوە بریتین لە: نەجلا تامریش هاوسەرۆک شارەوانیی ناوچەی چناری ئامەد، سەڤاڵ گیولمەز هاوسەرۆکی دەبەپە لە ئامەد، فیگەن ئاراس ئەندامی ئەکادیمیای ژنانی ئامەد، سادییە ئۆک ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ناوەندیی ئەنجوومەنی ژنانی سۆسیالیست (سەکەمە)، لەیلا ئاک گیول، ئای شەن کانوش، نورشەن ئاکباڵ و شەهریبان زوگیورلی.
هەروەها سزای زیندانیکردن لە ماڵەوە بەسەر دایکی ئاشتی دایە نەزاهەت تەکە دا سەپێنراوە. بێریتان جان ئۆزەر پەیامنێری ئاژانسی هەواڵی ژن نیوز و ١٣ ژنی تری دەستگیرکراو بە مەرجی مانەوە لە ژێر چاودێریی دادگادا ئازاد کراون.
فورات نیوز
بهروار: 13/04/2021
2796 جار خوێندراوهتهوه
|