گەواهی... عەبدووڵا پەشێو

منیش گەواھی دەدەم، پڵنگەکانی بادینان، نەک ھەر دەستێک، دارستانێک دەست و مەچەکیان لەپشتە. بەدرێژایی زنجیرەچیاکانی زاگرۆس و تورووس، ملیۆنان دەست گوڵەباخی کۆڵەمستیان گرتووە و لەبەر کزەبای ئازادی دەشنێنەوە.

چ بەدبەخت و چارەڕەشن ئەوانەی، لەجێی سەد ملیۆن دەستی ھاوخوێنەکانی خۆیان، دەستی میت و ئیتتیلاعات و موخابەرات و دامودەزگەکانی دیکەیان لە پشتە و نیشتمان پڕ دەکەن لە تخووب: تخووبی سۆران و بادینان، ئەم بەرەباب و ئەو بەرەباب، ئەم پارتخێڵ و ئەو پارتخێڵ، ھەولێر و سلێمانی، دھۆک و زاخۆ، ڕەنگی ئەم جامانە و ئەویتر...

ئەو ھەموو لەمپەر و دیوارانەی، لە ماوەی دەیان ساڵی کاولکاریدا، پارتخێڵەکان لە ڕیزەکانی گەلی کوردستاندا ھەڵیانچنیوە بە خۆڕاگریی کوڕگەلی بادینان خەریکە دەرەزی تێ دەکەوێ. ھەنووکە بادینان و سۆران، کوێستان و گەرمیان زێتر لە جاران ھەست بە ھاوچارەنووسی دەکەن و بەمەش خەریکن ڕەنجی دەیان ساڵەی بەرەبابە مەلعوونەکان بە با دەدەن.

سەیرە! سەرانی پارتخێڵەکان ڕۆژێ بە تەنەکە و بەرمیل درۆ دەکەن، کەچی ھێندە دەبەنگن، دوای سی ساڵ فەرمانڕەوایی، ھەر فێر نابن چوار درۆی ماقووڵ بکەن بۆ پینەکردنی تاوان و کەتنەکانی خۆیان. ھەر کەسێک باسی نان و داد و ئازادی بکا، ئەوان تەماشایەکی ئاوێنە دەکەن، خۆیان دەبینن و قەوانە شڕەی بەعسییەکان لێ دەدەن: سیخوڕە، دەستی لە پشتە!!!!

تا ئێستا وام دەزانی ئەگەر بە میکرۆسکۆپیش چاو لە چاکەیەکی حوکمڕانە وەحشی و نەخوێندەوارەکان بگێڕم نایدۆزمەوە، بەڵام ماوەیەکە ھاتوومەتە سەر ئەو باوەڕەی کە، نەخێر، چاکەیەکیان ھەیە، چاکەیەکی گەورە: ھیچ ڕووبەرێکی جاشایەتی و سیخوڕییان بۆ کەسانی خوار خۆیان بەجێ نەھێشتووە، چونکە تا سیخوڕی گەورە وەستابن، کەس بە کەچەلیرەیەکی ئەردۆگانیش سیخوڕ و جاشی ڕەشۆکی ڕاناگرێ. لە سەردەمی ئینتەرنێت و گووگلی دەمشڕ و دڕۆنی ھەزارچاو و مانگی دەستکردی نەھەنگەکان کێ کاری بە خەفیە و جاشی برسی و لاتولەوار ماوە؟!

ئەمڕۆ مۆدەی سوپەرسیخوڕانە، سیخوڕی وا، بە فڕۆکە ھاتوچۆ بکا، بەتالیۆنێک پاسەوان و کاروانێک جامڕەشی لە دووبێ، بتوانێ بە فەرمانێک سەرزەوی و بنزەوی بۆ ماخۆکانی دابدۆشێ، فەرھەنگ و زمانی نەتەوەیەک ئاوەڕووت بکا، جوگرافیای وڵاتێک بگۆڕێ، بە بەرات و مووچەی حەرامی بندیوار سەدان ھەزار ھاونیشتمان بکاتە بەرتیلخۆر و دایانتەپێنێ، شارەکانی کوردستان بەعسیڕێژ بکا، ھەستی خێڵەکی و شارچییەتی و دیالێکتبازی بڕسکێنێ، وەک بزمار داچەقێ و سی ساڵی ڕەبەق ڕێگە نەدا بەشێکی وڵات، بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا، دەستوورێک، لەشکرێک، پەرلەمانێک، سیستەمێکی دادوەریی ھەبێ، نەک چەند چەقەنەخانەیەک بۆ دەستپێداھێنان و خەساندن و زمانبڕین..

سڵاو لە پڵنگەکانی زیندان

ئازادی بۆ پێشەنگەکانی بادینان

عەبدوڵڵا پەشێو

ھێلسنکی ٣/٣/٢٠٢١

لە ساڵی ١٩٨٤دا ئەم ھۆنراوەیەی خوارەوەم بۆ قارەمانانی ناو زیندانەکانی داگیرکەران نووسی. ئێستاش، دوای ئەو ھەموو ساڵانە ، زیندان و زیندانی ھەمانن، ئەوەی گۆڕاوە زمانی زیندانەوانەکانە...

پێلێنان

"کێت لەگەڵدایە، تەرەس؟"

"کێت لەگەڵدایە، سەگباب؟"

ئێستا دانی پیا دەنێم،

بەسە،‌ لێم مەدە جەناب:

ئاوی چەم و ڕووباران،

داری شیو و کەناران،

دڕندەی دەشت و شاخان،

فڕندەی ڕەز و باخان،

تەمی دۆڵ، کوچکی بەستان،

بای گەرمێن، بەفری کوێستان،

ملیۆنان دیلی زیندان،

زیندانی شار و گوندان،

ئەندامی شانەکەمن،

ھەموویان لەگەڵ مندان.

٢٨/٦/١٩٨٤ – مۆسکۆ
به‌روار:  09/04/2021
10090   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   711
کۆی سه‌ردان:   29251455