سەرۆک وەزیری ئیتالیا ئەردۆغان بە دیکتاتۆر ناودێردەکات

سەرۆک وەزیری ئیتالیا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی ڕەخنەی لە سەرۆکی تورکیا گرت لە بەرامبەر شێوەی ڕەفتاری لەگەڵ خانم ئورزولا فۆن دێر لاین سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا.

ماریۆ دراگی ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە ڕۆما پـرسیاری لێکرا لە بارەی چۆنیەتی مامەڵەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا کاتێک خانم ئورزولا و شارڵ میشێل سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپا بە سەردانێکی فەرمی ڕۆژی سێشەممە چوون بۆ لای، بەڵام بەپـێی پـرۆتۆکۆلی دیپـلۆماسی ڕەفتار لەگەڵ خانم ئورزولا نەکرا و کورسیـیەکی بۆ تەرخان نەکرا کە لە ئاست پـۆستەکەیدا بێت. بەپـێی پـرۆتۆکۆل دەبوایە کورسیـیەکانی هەرسێ ڕێبەر وەک یەک بوونایە.

ماریۆ دراگی لە وەڵامی پـرسیاری ڕۆژنامەوانەکە گوتی "لەگەڵ ئەو کەسانە، با خۆیان چۆنن وەها ناویان بەرین، دیکتاتۆرەکان ، ...."

پاشان گوتی" بێ گومان لەگەڵ شێوەی هەڵسوکەوتەکەی ئەردۆغان نیم و پـێموایە ڕەفتارێکی ناشیاوبوو، زۆر بە داخم بۆ ئەو سووکایەتیەی بە ئورزولا فۆن دێر لاین سەرۆکی کۆمسیۆن کرا."


بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی چۆنیەتی پێشوازیکردنی ئەردۆغان لەم دوو ڕێبەرە باڵایەی یەکێتی ئەوروپا ناڕەزایی زۆری لێکەوتەوە و ژمارەیەک لە کاربەدەستانی ئەوروپا ڕەخنەیان لە کاربەدەستانی تورکیا، بۆیە مەولود چاوش‌ئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە ئەنکەرە گوتی تیمی پـرۆتۆکۆلی شاندی ئەوروپا هۆکاری ڕووداوەکە بووە، بەڵام ئەنجومەنی ئەوروپا ئەو ئیدیعایەی چاوش‌ئۆغڵوی ڕەتکردەوە و گوتی ئەندامانی تیمی پـرۆتۆکۆلی ئەوروپا ڕێگەیان پـێنەدرابوو بەر لە کۆبوونەوەکە بچنە ناو ژوری کۆبوونەوەکە.

دەنگی کوردی ئەمریکا

به‌روار:  09/04/2021
2513   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   972
کۆی سه‌ردان:   29258422