چیرۆکی مەرگی ژنە پزیشکێکی کورد لە ستۆکهۆڵمەوە بۆ شەنگال و کۆبانێ
خەندان
دكتۆره نه‌مام مه‌حمود ئاغا كاكه زیاد غه‌فوری كه یه‌كێك بو له فریادڕه‌س و هاوكار و پاڵپشتی ئاواره‌كانی كۆبانێ و شه‌نگال له ته‌مه‌نی 53 ساڵیدا له‌كاتی به‌جێهێنانی ئه‌ركێكی دیكه‌ی خزمه‌تكردن به ئێزیدیه‌كان توشی ڤایرۆسی كۆرۆنابو، مه‌رگ رێگه‌ی نه‌دا ئه‌و ئاوات و ئه‌ركانه‌ی له‌ئه‌ستۆی گرتبو بیگه‌یه‌نێته‌جێ.
دكتۆره نه‌مام مه‌حمود ئاغا كاكه زیاد غه‌فوری ناسراو به "دكتۆره نه‌مام غه‌فوری" له ساڵی 1968 له گوندی چنارانی سه‌ر به قه‌زای كۆیه له‌دایكبوه، له
ساڵی 1976 له‌گه‌ڵ خانه‌واده‌كه‌یدا رویان له ئێران كردوه و له‌شاری شنۆ نیشته‌جێبون و هه‌ر له‌و وڵاته ده‌ستیكردوه به‌خوێندن.
دكتۆر فریاد حه‌وێزی پزیشكی پسپۆڕ و كه‌سی نزیكی خانه‌واده‌ی دكتۆره نه‌مام، له‌دیدارێكدا له‌گه‌ڵ خه‌ندان، باس له ژیان و چیرۆكی گه‌ڕان و به‌دواداچون و پشتگیری و خزمه‌تكردنی ئاواره‌كان له‌لایه‌ن دكتۆره نه‌مامه‌وه ده‌كات و ئاماژه به‌وه‌ده‌كات، "خانه‌واده‌ی دكتۆره نه‌مام تاوه‌كو 1988 له ئێران مانه‌وه، پاشان رویان له سوریا كرد و بۆ ماوه‌ی شه‌ش مانگ له سوریا مایه‌وه، دواتریش له‌ڕێگه‌ی روسیاوه و له ساڵی 1989دا، خۆیان گه‌یانده سوید، له‌گه‌ڵ گه‌یشتنیان بۆ ستۆكهۆڵمی پایته‌ختی سوید، دكتۆره نه‌مام ده‌ستی به‌كاركردن و خوێندن كرد و قۆناغی ئاماده‌یی ته‌واوكرد، دواتر روی له هه‌نگاریا كرد و چوه به‌شی پزیشكیه‌وه و دوای دو ساڵ گه‌ڕایه‌وه شاری یونمیه‌ی سوید و خوێندنی ته‌واوكرد".
دكتۆر فریاد حه‌وێزی ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، دكتۆره نه‌مام له‌ماوه‌ی خوێندنه‌كه‌یدا بواری هه‌بو جاروبار خولی راهێنانی پزیشكی ببینێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی زۆر زیره‌ك و هۆشیار بو، هه‌ر ساڵێك و دو مانگ به‌مه‌به‌ستی راهێنانی پزیشكی روی له وڵاتانی جیهان ده‌كرد، له‌وانه‌ش (كه‌نه‌دا، ئه‌مریكا، روسیا، تایوان، ئوسترالیا، بریتانیا) یه‌كێك له ئامانجه‌كانی دیكه‌شی بۆ بینینی خولی راهێنان له‌و وڵاتانه، شاره‌زابون بو له كلتور، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش، ته‌نها بۆئه‌وه‌ی كۆرسی زمانی ئینگلیزی ببینێت و له‌و زمانه زۆر شاره‌زا بێت روی له بریتانیا كرد و جگه له‌وانه‌ش، له‌گه‌ڵ دكتۆر رزگار ئه‌مین كه پسپۆڕی بواری ده‌رونی بو له بریتانیا راهێنانی كرد و پاشانیش بو به پزیشكی پسپۆڕی نه‌شته‌رگه‌ری له‌بواری دڵ و سیه‌كان.
دكتۆره نه‌مام له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له پزیشكانی كورد له‌سوید، رێكخراوی جۆین هێڵپ كوردستانیان دامه‌زراند، ئامانجی سه‌ره‌كی رێكخراوه‌كه‌شییان كۆكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ك و پاڵپشتیكردنی ئاواره‌كان بو له هه‌رێمی كوردستان و رۆژئاڤای كوردستان، به‌وته‌ی دكتۆر فریاد حه‌وێزی، "له‌دوای ئاواره‌بونی هه‌زاران كه‌س له سوریا و شه‌نگال، دكتۆره نه‌مام روی له كاری خێرخوازی كرد و به‌رده‌وام روی له هه‌مولایه‌ك ده‌كرد بۆئه‌وه‌ی كۆمه‌ك بۆ ئاواره‌كان كۆبكاته‌وه".
ئه‌وه‌شی ئاشكراكرد، دكتۆره نه‌مام له نه‌خۆشخانه‌یه‌كی تایبه‌ت كاریده‌كرد، به‌ڵام سه‌رپه‌رشتیارانی نه‌خۆشخانه‌كه پێیانوت، "یان ده‌بێت كاری خێرخوازی بكه‌یت یاخود كاری نه‌خۆشخانه‌كه"، به‌ڵام ناوبراو كاری خێرخوازیه‌كه‌ی هه‌ڵبژارد و وازی له‌كاركردن له نه‌خۆشخانه‌ی تایبه‌ت هێنا.
دكتۆره نه‌مام دوای وازهێنانی له نه‌خۆشخانه تایبه‌ته‌كه‌ی سوید، روی له‌كه‌مپی "كه‌نداڵ" كرد له سنوری پارێزگای دهۆكه، دوای به‌دواداچون، ده‌ركه‌وت پێویستیه‌كی زۆریان به‌هاوكاری هه‌یه، له‌وباره‌یه‌شه‌وه، دكتۆر فریاد حه‌وێزی ده‌ڵێت، "كه بینی ئاواره‌كانی كه‌نداڵ زۆر پێویستیان به‌هاوكاری هه‌یه و سه‌رجه‌میان ئێزیدین، كلینكێكی بۆ دروستكردن و پزیشكێكی بۆیان دیاریكرد، نزیكه‌ی 10 كه‌سی بۆ كۆكرده‌وه و موچه و پێداویستیه‌كانی بۆ دابینكردن، ته‌نانه‌ت جگه له بابه‌تی پزیشكی، كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و لێقه‌وماوان و هه‌ژارانی ناو كه‌مپه‌كانی چاره‌سه‌ر ده‌كرد، ده‌هاته ئه‌وروپا و سوید و نه‌رویژ و فینلاند و كه‌نه‌دا و ئه‌مریكا و ته‌نانه‌ت روی له كه‌نیسه‌كانیش ده‌كرد، بۆئه‌وه‌ی پاره‌یان بۆ كۆبكاته‌وه".
دكتۆر فریاد حه‌وێزی ئاماژه به یه‌كێك له چاوپێكه‌وتنه‌كانی له‌گه‌ڵ دكتۆره نه‌مام ده‌كات و باس له‌وه‌ده‌كات، "جارێكیان هاته بریتانیا و پێیوتین، ناچینه چێشتخانه‌یه‌كی گرانبه‌ها و ده‌عوه‌تم مه‌كه‌ن، به‌ڵكو پاره‌كه‌م پێبده‌ن و له‌فه‌یه‌ك ده‌خۆین، پاره زیاده‌كه بۆ ئاواره‌كانی ده‌به‌مه‌وه، به‌ڕاستی خۆبه‌خشێكی زۆر میهره‌بان بو".
دوای روداوه‌كانی عه‌فرین له ساڵی 2017 و ئاواره‌بونی چه‌ندین هاوڵاتی بۆ كۆبانێ و داگیركردنی شاره‌كه‌یان، دكتۆره نه‌مام غه‌فوری به‌هاوكاری له‌گه‌ڵ هاوڵاتیانی كورد له رۆژئاڤای كوردستان كرد، نه‌خۆشخانه و سه‌رجه‌م پێداویستیه پزیشكیه‌كانی بۆ ئاواره‌كان دابین كرد، له‌وباره‌یه‌شه‌وه، دكتۆر فریاد حه‌وێزی ده‌ڵێت، " دو مانگ جارێك، ده‌گه‌ڕایه‌وه سوید و بۆ ماوه‌ی چوار هه‌فته ده‌مایه‌وه، له له نه‌خۆشخانه‌یه‌ك كاری ده‌كرد و پاره‌ی په‌یدا ده‌كرد و جگه له پاره‌ی تكتی فڕۆكه‌كه‌ی، له‌ڕێگه‌ی رێكخراوه‌كه‌یانه‌وه هه‌وڵی كۆكردنه‌وه‌ی پاره‌ی ده‌دا، كۆی هه‌مو ئه‌و پارانه‌ی له‌گه‌ڵ خۆی ده‌برده‌وه بۆ كۆبانێ تا موچه‌ی پزیشك و كارمه‌نده‌كانی دابین ده‌كرد".
ئه‌وه‌شده‌خاته‌ڕو، "دكتۆره نه‌مام له‌گه‌ڵ ئێزیدیه‌كان زۆر تێكه‌ڵ بو، وه‌ك دایك و باوك و هه‌مو كه‌سیان بو، سه‌ره‌ڕای هه‌مو هاوكاریه‌كانی خۆی، له بریتانیا و نه‌رویژ و سوید كه‌سانی خۆبه‌خشی كۆده‌كرده‌وه و ده‌یبردن بۆ سوریا، تا وانه به ئاواره‌كان بڵێته‌وه، له‌هه‌مانكاتیشدا یارمه‌تیدانی زۆر كه‌مبو، به‌رده‌وام رێگری بۆ دروستده‌كرا".
دكتۆر فریاد حه‌وێزی سه‌باره‌ت به‌رێگریكردن له‌به‌رده‌م كاره‌كانی دكتۆره نه‌مام باسی له‌وه‌كرد، "كاتێك كه‌لوپه‌ل و پێداویستیمان بۆ دكتۆره نه‌مام ره‌وانه ده‌كرد، كێشه‌یان بۆی دروستده‌كرد، ته‌نانه‌ت بۆئه‌وه‌ی پێداویستیه‌كان له هه‌ولێره‌وه بگوازێته‌وه بۆ كه‌مپه‌كانی دهۆك به‌رده‌وام كێشه‌یان بۆی دروستده‌كرد، جاروبار داوای ده‌رمانی له‌حكومه‌تی هه‌رێم ده‌كرد، بیانویان بۆی ده‌دۆزیه‌وه و به‌باشی یارمه‌تیان نه‌ده‌دا".
دكتۆره نه‌مام له‌گه‌ڵ ئه‌مریكیه‌كان فیلمێكیان تایبه‌ت به ژیان و گوزه‌رانی ئێزیدیه‌كان به‌رهه‌مهێنا، ئه‌و فیلمه به‌زمانی ئینگلیزی له‌سه‌ر شاشه‌ی سینه‌ماكانی وڵاتانی ئه‌مریكا و نه‌رویژ، سوید و بریتانیا و ژماره‌یه‌ك له‌وڵاتانی دیكه نمایشكرا، سه‌رجه‌م داهاته‌كه‌شی بۆ ئاواره‌كان ته‌رخانكرا.
سه‌باره‌ت به دواساته‌كانی كاركردنی دكتۆره نه‌مام غه‌فوری، دكتۆر فریاد حه‌وێزی باسی له‌وه‌كرد، به‌هه‌مو جۆرێك خزمه‌تی ئاواره‌كانی ده‌كرد، ئاواره‌كان هه‌مو شتێك بون بۆی، ئه‌مساڵ ژماره‌یه‌ك له ژنانی رزگاركراوی ئێزیدی داوایان له‌دكتۆره نه‌مام كرد هاوكاریان بكات له‌وه‌رگرتنه‌وه‌ی منداڵه‌كانیان كه له‌كه‌مپه‌كانی رۆژئاڤای كوردستان بون، به‌شێك له‌منداڵه‌كانیان ته‌مه‌نیان دو بۆ سێ ساڵان بو، دكتۆره نه‌مامیش له‌سۆنگه‌ی هه‌ستی مرۆڤایه‌تیه‌وه هه‌وڵه‌كانی خسته‌گه‌ڕ تا هاوكاریان بێت و داوای له‌حكومه‌تی هه‌رێم كرد كارئاسانی بۆ بكات، به‌ڵام ره‌تیانكرده‌وه، پاشان په‌یوه‌ندی به ئه‌مریكیه‌كانه‌وه كرد و ئه‌وان داوایان له‌حكومه‌تی هه‌رێم كرد تا رێگه‌یان پێبده‌ن منداڵانی داعش وه‌ربگرێته‌وه.
دكتۆره نه‌مام غه‌فوری دوای وه‌رگرتنی ره‌زامه‌ندی، تا منداڵی ژنه رزگاربوه‌كانی داعش وه‌ربگرێته‌وه، خۆی له‌گه‌ڵ سێ به‌رپرسی ئه‌مریكی به‌رێكه‌وت و چوه سوریا، 12 منداڵی وه‌رگرت كه له شوێنی "بێسه‌رپه‌رشتان" بون له قامیشلۆ، به‌ڵام دوای پشكنین ده‌ركه‌وت منداڵه‌كان توشی كۆرۆنا بون، پاشان سێ به‌رپرسه‌كه‌ی ئه‌مریكاش توشی كۆرۆنا بون و دكتۆره نه‌مام خۆی سه‌رپه‌رشتی دۆخی ته‌ندروستی سه‌رجه‌میانی ده‌كرد، كه‌چی دواجار خۆشی توشی ئه‌و ڤایرۆسه بو.
دكتۆر فریاد حه‌وێزی باسی له‌وه‌شكرد، ئه‌و منداڵانه منداڵی ژنانی رزگاربوی داعش بون، كه‌سوكاری ژنه‌كانیش كه ئێزیدین قبوڵیان نه‌بو كه منداڵه‌كان وه‌ربگرنه‌وه، به‌ناچاری ژنه‌كان به نهێنی ماڵه‌كانیان جێهێشتبو، ته‌نانه‌ت شوێنی نهێنیان بۆ دابینكراوه تا تێیدا له‌گه‌ڵ منداڵه‌كانیان بژین و كه‌سوكاره‌كانیان نه‌یانكوژن.
دوای چه‌ند رۆژێك مانه‌وه‌ی دكتۆره نه‌مام غه‌فوری له نه‌خۆشخانه‌یه‌كی شاری هه‌ولێر، كه‌سوكاره‌كه‌ی بڕیاریاندا به فڕۆكه‌یه‌كی تایبه‌ت بیگه‌ڕێننه‌وه سوید، رێكاره‌كانی گواستنه‌وه‌شی له هه‌رێمی كوردستانه‌وه تا سوید، سێ رۆژی پێویست بو، به‌ڵام دوای پێنج رۆژ مانه‌وه له نه‌خۆشخانه‌یه‌كی ستۆكهۆڵم كۆچی دواییكرد.
دكتۆر فریاد حه‌وێزی له‌باره‌ی مردنی دكتۆره نه‌مامه‌وه ده‌ڵێت، "تا بوترێت خه‌ساره‌تێكی گه‌وره‌بو، مرۆڤی وه‌ك دكتۆره نه‌مام نه هه‌بوه و نه دروستده‌بێته‌وه، زۆر دۆست بو، هه‌ركه‌س بیناسیبایه نزیكترین كه‌سی بو، هه‌رچی سیفه‌ت و تایبه‌تمه‌ندی باش هه‌بو له‌و كچه‌كه‌دا هه‌بو، له‌هیچ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی دونیا كچێكی ئه‌وها زیره‌ك و ئازا نه‌بو، به‌ڕاستی بێ وێنه بو".
دكتۆره نه‌مام غه‌فوری به‌رده‌وام له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌ركی خزمه‌تكردن و هاوكاریكردنی له‌ئه‌ستۆ گرتبو، پرۆسه‌ی هاوسه‌رگیری پێكهنه‌هێناوه، خاوه‌نی سێ برا و
شه‌ش خوشك بو
به‌روار: 13/04/2021
2671 جار خوێندراوه‌ته‌وه
|