بەیەگەیشتن و دیدارێکی یانەی کوردیی"میدیـــــا"ی هۆڵەندا لەگەڵ بەڕێوەبەرانی ڕێکخراوی کوردیپێدیا

لە دەستپێکی ساڵی نوێ و وەرزی نوێی چالاکییەکانی یانەی کوردیی "میدیـــا" لە هۆڵەندا، ڕۆژی شه‌ممه‌ ڕێکه‌وتی 25-01-2020 کات14:00  دووی پاشنیوەڕۆ یانەی کوردیی "میدیــــا" لە شاری دەنهاخ ، بەیەکگەیشتن و دیدارێکیان لەگەڵ ستافی ڕێکخراوی کوردیپیێدیا بە ئامادەبوونی هاوڕێ باخەوان سەرۆکی ڕێکخراوەکە و هاوکارانی جوان عومەر ئەحمەد، مانوو بەرزنجی و بەناز جۆڵا له‌ شاری دەنهاخ ڕێکخست.

سەرەتا هاوڕێ باخەوان خۆی ناساند و باسی چۆنێتی دامەزراندنی ڕێکخراوی کوردیپیێدیای کرد و بەشداری خۆیانی لە ماوەی دووانزە ساڵی ڕابردوودا کرد، کە ڕۆڵێکی گرنگیان هەبووە، لە ئەرشیفکردن و تۆمارکردنی کتێب و دۆکۆمێنت و مێژووی کورد،  کوردیپیێدیا لە ساڵی 2008 لە لایەن هاوڕێ باخەوانەوە دامەزراوە.

لە درێژەی قسەکانیدا هاوڕێ باخەوان لە داتشۆیەکدا تیشکی خستە سەر ئەوەی زانیاری چییە؟ سەرچاوەکانی چین؟ بۆچی گرنگە، چۆن بەڕێوەیدەبەین و دەیپارێزین!

هەروەها باسی ئەوەی کرد، کوردیپێدیا وشەیەکی لێکدراوە و لە کوردی و پێدیا پێکهاتووە. وشەی پێدیا، وشەی دووەمی وشەی لێکدراوی گریکیی ئەنسیکلۆپێدیایە (encyclopedia) کە بەواتای ناسین یان زانینی یاخود زانیاریی گشتی دێت. وشەی کوردیپێدیاش لەوەوە داتاشراوە و دەکرێت واتای کوردناسی، کوردیناسی یان کوردزانین یاخود زانیاریی کوردی بدات. بۆ یەکەمجار وشەی کوردیپێدیا لەلایەن دامەزرێنەری کوردیپێدیاوە ئافرێندراوە.

سەرچاوەکانی کوردیپێدیا -ئەو تۆمارانەی کە هاوکارانی کوردیپێدیا لەنێو ماڵپەڕەکانی ئنتەرنێت دەیدۆزێتەوە و لە یەکێک لە پۆلەکانی کوردیپێدیادا چڕوپڕیدەکاتەوە و هەندێکجاریش هەوڵی گۆڕینی ڕێنووسە هەڵەکانی دەدرێت و بەشێوەیەکی دروست تۆماریدەکاتەوە، بەبێ ئەوەی دەستکاریی ناوەڕۆکی بابەتەکان بکرێت. هەر بابەتێک لە هەر ماڵپەڕێکەوە وەربگیرێت، وەک ئەمانەتێکی زانستی ناوی ماڵپەڕەکە لە لیستی سەرچاوەکەدا تۆماردەکرێت.

ئەو بابەتانەی کە میوانانی کوردیپێدیا بۆیاندەنێرن و لەڕێی فۆڕمی تۆمارکردنی بابەتێکەوە ئامادەدەکرێت. هەر بابەتێک لەلایەن هەر میوانێکەوە بەدەستیان بگات، ناوی ئەو میوانە دەبێتە سەرچاوەی ئەو بابەتە و هەر کەسێک نەیەوێت ناوی لە لیستی سەرچاوەکانی کوردیپێدیادا ببێت، ناوی تۆمار ناکرێت، بەڵام لای خۆیان پارێزراودەبێت.

- ئەو نامە تایبەتییانەی کە بەدەست کوردیپێدیا دەگەن و پەیوەستن بە ژیان و کارنامەی ئەو کەسانەی کە دەخوازن وەک بابەتێک بێنە نێو کوردیپێدیاوە، تۆماردەکرێت.

- ئەو بابەتانەی کە هاوکارانی کوردیپێدیا لە دوو توێی بڵاوکراوەکاندا ئامادەیدەکەن  و چڕوپڕیدەکەنەوە و پۆلێنی دەکەن و پاشان تۆماردەکرێت.

- هەروەها ئەو دیمانانەی کە هاوکارانی کوردیپێدیا لەگەڵ کەسانێکدا ئەنجامی دەدەن، بەمەبەستی نووسینەوەی بیۆگرافیی کەسێک، شوێنێک، رێکخراوێک، بڵاوکراوەیەک یان هەر شتێکی تری پەیوەست بە کوردستان و کورد، تۆمار دەکرێت و پەخش دەکرێت.

- تەواوی بابەتەکانی پۆلی ڕێکەوت و رووداو (کڕۆنۆلۆژیا) تا ساڵی 2010 لە داتابەیسی هاوڕێنامەوە وەرگیراوە، کە کتێبێکی (هاوڕێ باخەوان)ە بە ناونیشانی هاوڕێنامە بۆ مێژووی کوردستان و کورد –چاپی یەکەم – بنکەی چاپ و پەخشی سەردەم - زنجیرە (16) - چاپخانەی روون – سلێمانی – 1999 بڵاوبۆتەوە.


هەر تۆمارێک بێتە نێو کوریدپێدیاوە، بە شێوەیەک لە شێوەکان پەیوەندیی بە کوردستان و کوردستانییانەوە هەیە، هیچ بابەتێک لە دەرەوەی ئەو تەوەرانە تۆمار ناکرێت. لەو تێڕوانینەوە هەندێکجار ژیان و کارنامەی کەسێکی ناکورد دەبینیت، ئەو کەسە یان کوردناسە و خاوەنی باسێکە لەسەر کورد یان کوردستانییە، یاخود پەیوەندیی بەڕووداوێکی کوردستانییەوە هەیە.

کوردیپێدیا، هیچ پەیوەندییەکی بە ویکیپێدیا و هەر رێکخراوێکی ترەوە نییە، پڕۆژەیەکی سەربەخۆیە و ئەرکێکی تایبەتیی رێکخراوی کوردیپێدیایە.

لە کۆڕەکەدا جەخت لەوە کرایەوە، ئەگەر هەر زانیارییەک لەم داتابەیسەدا بۆ بەڕێزتان گونجاو نییه و ناخوازن لە ناو کوردیپێدیاببێت، ئەوا ستافی کوردیپێدیای ئاگاداربکەنەوە.

کوردیپێدیا هەر زانیاری و وێنەیەک لە هەر سەرچاوەیەکەوە وەربگرێت، بۆ مەبەستێکی بازرگانی بەکاریناهێنێت و هەمیشە بەردەوامە لەسەر پاکژکردنی بابەتەکان و وەرگێڕانی ساڵە کۆچی و هەتاوییەکان بۆ ساڵی زایینی بەشێوەیەکی دروست، داواکاری لە هەڵە و کەموکورتییەکانمان ئاگادارمان بکەنەوە.
خوازیارین هەر زانیارییەک لە کوردیپێدیاوە وەربگیرێت، پێویستە ناوی سەرچاوەکەیی و ناوی کوردپێدیای لەسەر بنووسرێت. ماڵپەڕ و داتابەیسی کوردیپێدیا بە دۆت نێت - C شاڕپ و SQL بەتایبەت بۆ ڕێکخراوی کوردیپێدیا ئامادە و بەرنامەکراوە، بەردەوامیش لە باشکردن و گەشەکردندایە. ڕۆژانە لەسەر دوو سێرڤەری جوودا بەکئەپی داتا و وێنەکان دەکرێت، تاوەکو پارێزراوبن لەهەر هێرشێکی هاکەرەکان!.

ماڵپەڕی کوردیپێدیا لەسەر براوسەرەکانی ئنتەرنێت ئێکسپلۆرەر، فایەر فۆکس، سەفاری، ئۆپێرا و گووگڵ کرۆم بەتەواوەتی تێست کراوە و بەبێ کێشە کاردەکات.

بەهۆی هەوڵەکانی هاوکارانمان لە کوردستانەوە، کوردیپێدیا لە رۆژی 11-11-2013 بووە ڕێکخراوێکی فەڕمی و لە هەولێر لە فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان  تۆمارکرا.
ئێستا کوردیپێدیا بە هەوڵی دڵسۆزانی پڕزانیاریترین سەرچاوەی کوردیی و بانکی زانیاریی نەتەوەیی کوردە!
هاوکارانی کوردیپێدیا:

بریتین لە: هاوڕێ باخەوان، مانو بەرزنجی، جوان عومەر ئەحمەد، سەریاس ئەحمەد، بەناز جۆڵا، ئەڤین ئیبراهیم فەتاح، ڕۆژهات سەعید، هەڤاڵ نەژاد، ڕەوەز جەلال ئەمین، ئاراس ئیلنجاغی، نالیا ئیبراهیم، زریان سەرچناری، شکۆ حەمەد شێخانی، گەلێکی تر.

دامەزرێنەری کوردیپێدیا: لەسەرەتاوە هاوڕێ باخەوان بووە.

لە کۆتاییدا جوان عومەر ئەحمەد، کە یەکێکە لە ئەندامە چالاکەکانی ستافی کوردیپێدیا و لە بەریتانیاوە بە تایبەتی بۆ ئەم دیدارە هاتبوو، پاش خۆناساندن تیشکی خستە سەر کارو چالاکیەکانی خۆیی و وردەکاری ئیشکردنی لە ناو کوردیپێدیادا و کارەکانی بریتییە لە کۆکردنەوەی ئەرشیڤی نەتەوەیی و پێشخستنی زیاتری کارەکانی ڕێکخراوی کوردیپێدیا و باشترکردنی داتابانکەکەی.

خاتوو جوان لە وڵات وەک مامۆستا لە بواری پەروەردە کاری کردووە و بڕوانامەی لە پێداخۆخۆیدا لە دەرەوە بەدەستهیناوە لە بواری  گرێ ڕەفتارێکانی منداڵاندا. ئێستا ئەندامی کارای رێکخراوی کوردیپێدیایە.

 

لە دیدارەکەدا ئامادەبووان بەشدرییەکی ڕاستەوخۆیان لە گفتوگۆکاند کرد و پرسیاری ڕووبەڕوویان ئاڕاستەی لێپرسراوانی ڕێکخراوی رێکخراوی کوردیپێدیا کردەوە و جەختیان لەوە کردەوە ئەم دیدارە دەسپێکێکی باش و سەرکەوتووی ساڵی نوێیە.

به‌روار:  31/01/2020
905   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   623
کۆی سه‌ردان:   29351251