ڤیزای ساختەی سوید لە باڵوێزخانەکان فرۆشراوە
لە بەدواداچوونێکی دەزگای چاوەدێریی گشتیی دارایی (Riksrevisionen) کە ئەمڕۆ بڵاو بوویەوە دەردەکەوێت کە ڕێژەی ئەو سکاڵایانەی دەربارەی گوومانی گەندەڵی لە ناو باڵیۆزخانە و کۆنسۆلگەرییەکانی سوید تۆمارکراون زیادیان کردووە.

فەرید کە لە ڕاستیدا ناوێکی دیکەی هەیە و خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە سێ ساڵ لەمەوبەر بە ١٠٠ هەزار کرۆن ڤیزایەکی ساختەی لە باڵیۆزخانەی سوید لە تاران کڕی و پێی هاتە سوید.

هەرچەندە فەرید لە کاتی ئینتێرڤیوەکەیدا بۆ دەزگای کۆچی گێڕایەوە کە لە ڕێگەی ڤیزای ساختە هاتووەتە سوید، باوەڕی پێ نەکرا. بەڵام لەم ساڵەی دووایدا ناوە ناوە ڕاپۆرت لەم بارەیەوە بڵاو کراونەتەوە و تا ئێستا باڵیۆزخانە و کۆنسۆلگەرییەکانی سوید بە گوومانی گەندەڵیی چەندین جار کەوتوونەتە بەر ڕەخە.

هەرچەندە وەزارەتی دەرەوەی سوید لەم ساڵانەی دواییدا هەوڵی زۆری داوە بۆ ئەوەی لەم چەشنە گەندەڵییانە خۆ بپارێزن بەڵام ئان ماری سکۆرپێن لە دەزگای چاوەدێریی گشتیی دارایی پێی وایە هێشتا هەندێک کەموکووڕی ماوە، هەر بۆیە لە ڕاپۆرتەکەدا چەندنین پێشنیاری بۆ ڕێگرتن لەم چەشنە هەوڵانە خستووەتە بەردەست.

جێی باسە سکاڵا تۆمارکراوەکان زیاتر سەبارەت بە کڕینی ڤیزا و پێشخستن لە سەرەی ئینتێرڤیودان.

ڕادیۆی کوردی سوید


به‌روار:  25/05/2018
888   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   1001
کۆی سه‌ردان:   29236155