"بە هاوڕێکانم ووت مەیەن بۆ سوید"

لە نێوان ساڵی ٢٠١١ تا ٢٠١٧ ژمارەی ئەو خوێندکارانەی لە دەرەوەی یەکیەتیی ئوروپاوە بە مەبەستی خوێندن لە زانکۆ هاتوون بۆ سوید، بە تایبەت لە وڵاتە هەژارەکانەوە بە ڕێژەیەکی زۆر کەمی کردووە.

زۆر لەو خوێندکارانەی دێنە سوید وەک دەرفەتێکی دەگمەن بۆ ژیان دەڕواننە خوێندن ، بەڵام لەسەرێ بوونی خەرجی خوێندن زۆرجار ئەو کەسانە دەخاتە ژێر گوشارێکی زۆری ئابووری, مینا حاجیان تەمەن ٢٥ ساڵ یەکێک لەو خوێندکارانەیە کە ساڵی ٢٠١٧ خوێندنی لە زانکۆی لوند دەست پێکردووە و بۆ هەر تێرمینێکی خوێندن ٥٢٥٠٠ کرۆن دەدات بە زانکۆ:

 " دابین کردنی ئەو پارەیە بۆمن زۆر زەحمەتە بە تایبەت کە هیچ هاوکارییەک ناکرێم لە لایەن وڵاتەکەی خۆمەوە، پشت بە بنەماڵەکەم و ئەو پارەیە دەبەستم کە پاش تەمەنێکی زۆر کار کردن کۆیان کردۆتەوە، ئەوەش بۆ من بەرپرسایەتیەکیی گەورەیە."

 

ژمارەی ئەو خوێندکارانەی لە وڵاتانی سێهەمەوە دێنە سوید بە تایبەتیی لە وڵاتە هەژارەکانەوە یەکجار زۆر کەمی کردووە، ئەمە بە گوێرەی ئامارێکی دەزگای کۆچ، بۆ نموونە  ساڵی ٢٠١٠ نزیکەی ١٤٣٨ کەس لە ئێرانەوە هاتوون، واتە ساڵێک بەر لەوەی دەزگای خوێندنی باڵا هەزینە بۆ خوێندن دابنێ، لە کاتیک دا ساڵی ٢٠١٧ تەنیا ٣٤٥ کەس لە ئێرانەوە بۆ خوێندن روویان لە سوید کردووە.

بێرند پاروسێل شارەزا لە پرسی کۆچ لە دەزگای پەنابەریی لە وتوێژێکی تایبەت لەگەڵ بەشی کوردی ڕادیۆی سوید لەو بارەوە دەڵێت: 

"خەرجیەکان زۆر لە سەرێن و ئاسان نیە بۆ ئەوانەی دێنە ئێرە خەرجیی مانەوەو نیشتەجێ بوونیان و هاوکات هەزینەی خوێندنیش دابین بکەن."

ساڵی ٢٠١١ حکومەتی سویدی بڕیاری دا کە هەزینەیەکی خوێندن بۆ ئەو کەسانە دابنێ کە لە وڵاتانی سێهەم و واتە لە سویس و وڵاتانی دەرەوەی یەکیەتیی ئوروپا بە ویستی خۆیان روودەکەنە سوید بۆ خوێندن، ئەو هەزینەیە لە زانکۆیەکەوە بۆ زانکۆیەکی دیکە و لە بابەتێکی خوێندنەوە بۆ یەکی دیکەش جیاوازن. بە وتەیەکی دیکە زانکۆکان بۆخۆیان بڕیار دەدەن کە هەر خوێندنێک بایی چەندە! بە گوێرەی ماڵپەڕی زانکۆی سۆدێرتۆرن هەزینەی خوێندن بۆ ئەو کەسانەی لە دەرەوەی یەکیەتیی ئوروپا ڕوو لە زانکۆکەیان دا تەنها بۆ یەکساڵی خوێندن لە ٨٨٠٠٠ کرۆن دەست پی دەکا تا ١٤٣٠٠٠دەگاتە کڕۆن.

بێهتاش تەراشی ٢٧ ساڵە و لە زانکۆی مێلەردالێن دەخوێنێ و هاوکات کاریش دەکات و نزیکەی ٥٠٠٠٠ کرۆن بۆ هەر تێرمینێک دەدات:

" ژیانی من هەمووی بووە بە پارە کۆکردنەوە تا ئەوەی دوای شەش مانگ بتوانم هەزینەی تێرمینی داهاتوو بدەم، وازم لە هەموو شتیک هێناوە و لە کاتی کڕینی خواردنیش دا کام خواردن لە هەمووی هەرزانترە ئەویان دەکڕم."

 کاریگەریەکانی ئەو بڕیارەی حکومەتی سوید بە ئاشکرا لەسەر کەمبوونەوەی ڕێژەی خوێندکاران بە تایبەت لە وڵاتانی هەژاری ئاسیا و ئەفریقا زانکۆکانی سوید دا بە ئاشکرا دەردەکەوێ، بێردت پاروسێل شارەزا لە پرسی کۆچ لە دەزگای پەنابەرانی سوید لەو بارەیەوە دەڵێ: 

"زۆر بە روونی دیارە کە ژمارەی فێرخوازان دوای ساڵی ٢٠١١ لە وڵاتانی دەرەوەی یەکیەتیی ئوروپا یەکجار زۆر کەمی کردۆتەوە ، بە شێوەیەکی گشتی ژمارەی ئەو کەسانە نیوە بووە."

 مینا باس لەوە دەکات زۆر لە هاوڕێکانم لێیان دەپرسیم کە خوێندن لێرە چۆنە و پێیان خۆش بوو بێن بۆ ئێرە، بەڵام کاتێک هاوڕێیەکم لە هەمان بواری خوێندن لە بێلژیک(بەلجیکا) هاتە ژوورەوە من داوام لێکرد ئەویان هەڵبژێڕی چونکە دەزانم خوێندن لێرە چەندە سەختە."

گوێ لە ڕاپۆرتەکە بگرە
به‌روار:  17/05/2018
1520   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   772
کۆی سه‌ردان:   29230943