پەیکەری کچە بۆیاخچیەکەی کۆبانێ لە سلێمانی
ڕۆژنیوز - سەمیرا شەهابی

 

ژنە پەیکەرسازێک، پەیکەرێکی بە ناونیشانی "ژەنینی پیڵاو" وەک سیمبولێک بۆ کارکردنی کچێکی بۆیاخچیی خەڵکی کۆبانێ دروستکرد و بەوکارەی بۆ هەتاهەتایە لە ناو دڵی سلێمانی-دا هێشتییەوە.

 

دوابەدوای هێرشی چەتەکانی داعش بۆسەر شاری کۆبانێ-ی ڕۆژئاوای کوردستان لە ساڵی ٢٠١٤، ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی کۆبانێ ئاواری شارەکانی باشوری کوردستان بوون لەپێناو گەیشتن بە ژیانێکی ئارام و دوور لە جەنگ و بەشێکیان لە کامپەکاندا جێگیر کران و بەشەکەی دیکەشیان لە خانووی کرێدا مانەوە و ژیانێکی سەختیان بەڕێدەکرد.

 

ئارین جاندۆ، منداڵێکی ١٣ ساڵی دانیشتووی کامپی عەربەتی سەربە پارێزگای سلێمانی بوو، کە دوای نەخۆشکەوتنی باوکی ڕۆژانە بە سندووقەکەی دەستی کە بۆیاخ و پەڕۆی خاوێنکردنەوەی پێڵاوی تێدابوو ڕووی دەکردە شاری سلێمانی بۆ ماوەی ٧ کاتژمێر لەبەردەم ڕەشەمۆڵ کاری دەکرد.

منداڵێک دوور لە دونیای منداڵیی و لەبری چوونە پارک و فێربوونی ئامێرێکی میوزیک و بەسەربردنی کاتی خۆش، بۆ ماوەی ٣ ساڵ هاوشێوەی ئامێرێکی میوزیک، بە فڵچەکەی دەستی پێڵاوی ڕێبوارانی دەژەند.

 

ئارین، ئێستا تەمەنی ١٧ ساڵە و لەدوای ڕزگاربوونی کۆبانێ و نەمانی جەنگ، لە گەڵ خانەوادەکەی گەڕاوەتەوە بۆ زێدی خۆی، بەڵام ئاسۆس جاف-ی پەیکەرساز، بە دروستکردنی پەیکەرێک بۆی، بۆ هەمیشە ئارین-ی لە دڵی سلێمانی-دا هێشتەوە.

 

ئاسۆس جاف، ژنە پەیکەرتاشی بەناوبانگی شاری سلێمانی، لە بەردەم ڕەشەمۆڵ بەرامبەر بە بەردەرکی سەرا، هەمان ئەو شوێنەی، کە ئارین پێڵاوی تێدا بۆیاخ دەکرد، پەیکەری ئارین جاندۆ-ی داناوە، وەک سیمبولێکی هەمیشەیی وەفایەک بۆ منداڵانی کار و قوربانییانی جەنگ و ئاوارەیی.


 
 
به‌روار:  09/05/2018
1996   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   957
کۆی سه‌ردان:   29263912