ئەمڕۆ رۆژی جیهانی ئازادی رۆژنامەگەرییە
ئەمڕۆ 3ی ئایار، رۆژی جیهانی رۆژنامەگەرییە. رێكخراوەكانی داكۆكی لەمافەكانی رۆژنامەنوسان هۆشداریدەدەن لەزیادبونی كردنە ئامانجی رۆژنامەنوسان بەهۆی كارەكەیانەوە. لەساڵی 1990ەوە تا ئێستا زیاتر لە 2 هەزار و 500 رۆژنامەنوس كوژراون و ساڵی رابردوش زۆرترین رۆژنامەنوس خراونەتە زیندانەكان كە لەوەدا توركیا بە پلەی یەكەم دێت.


 

ئاوێنە: ئەمساڵ 25 هەمین ساڵیادی ڕۆژی جیهانیـیە بۆ ئازادی ڕۆژنامەگەری. ئەم ڕۆژە لە 3ی مانگی ساڵی 1991 لە لایەن کۆمەڵێک ڕۆژنامەوانی ئەفریقی پـێشنیارکرا کە لە کۆبونەوەیەکی یونسکۆ لە “ویندهوک”ی وڵاتی نامیبیا بەشداریـیان کردبو كە راگەیەندراوێكیان لەوبارەیەوە بڵاوكردەوە.

 

ئەم ڕاگەیاندنە بە “ڕاگەیاندنی ویندهوک” ناونرا و لە خولی بیست و شەشەمی کۆنگرەی گشتی یونسکۆ لە ساڵی 1991 پەسەندکرا.

 

پاشان لە مانگی دوازدەی ساڵی 1993 کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان، ڕۆژی 3ی ئایاری وەک ڕۆژی جیهانی بۆ ئازادی ڕۆژنامەگەری پەسەندکرد.

 

سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە رۆژنامەنوسان بەم بۆنەیەوە ئاشكرایكردوە كە لە سەرەتای ساڵی 2018 تا كۆتایی نیسانی ئەمساڵ 139 پێشێلكاری بەرامبەر بە 74 رۆژنامەنوس و ئەنجامدراوە.

 

هەروەك داواشی لەدامەزراوەی دادوەری هەرێمی كوردستان كردوە تێهەڵچونەوە بۆ كەیسی رۆژنامەنوسانی تیرۆركراو، سۆرانی مامە حەمە، مامۆستا عبدالستار، سەردەشت عوسمان، كاوە گەرمیانی، ویدات حسێن بكات.

 

لەسەر ئاستی جیهانیش ئەمساڵ رێوڕەسمەكانی رۆژی جیهانی ئازادی رۆژنامەگەری لەژێر ناوی”هاوسەنگی دەسەڵاتەکان: میدیا، دادوەری و سەروەری یاسا” بەڕێوەدەچن.

 

یونسكۆ ئاهەنگی سەرەكی بە بۆنەی رۆژی جیهانی ئازادی رۆژنامەگەرییەوە بۆ ئەمساڵ 2018 لە پایتەختی گانیا بەڕێوەدەبات.

 

ساڵیادی ئازادی رۆژنامەگەری لەكاتێكدایە كە لەساڵی 1990ەوە تا ئێستا زیاتر لە 2 هەزار 500 رۆژنامەنوس لەجیهاندا كوژراون و بە بۆنەی رۆژی جیهانی ئازادی رۆژنامەگەرییەوە رێكخراوەكانی داكۆكی لەمافەكانی رۆژنامەنوسان هۆشداریدەدەن لەبارەی زیادبونی كردنە ئامانجی رۆژنامەنوسان بەهۆی كارەكەیانەوە.

 

رۆژی 30ی نیسانی ئەمساڵ، یەكێك لە خوێناویترین رۆژەكان بو بۆ رۆژنامەنوسان كە تێیدا 10 رۆژنامەنوس لە دو روداوی جیادا لە ئەفغانستان گیانیان لەدەستدا.

 

لەو رۆژەدا دو تەقینەوە لە یەك شوێندا لە كابوڵی پایتەختی ئەفغانستان كە راستەوخۆ رۆژنامەنوسانی كردە ئامانج رویاندا. پاش تەقینەوەی یەكەم و كاتێك رۆژنامەنوسان لە شوێنەكە كۆبونەوە بۆ روماڵكردنی روداوەكە، خۆوكژێك بە جلی رۆژنامەوانییەوە هات و دوای 15 خولەك لەو شوێنە خۆی تەقاندەوە.

 

لەو روداوەدا كە داعش بەرپرسیارێتی هەڵگرت، نۆ رۆژنامەنوس و وێنەگر كوژران و ژمارەیەكی زۆریش بەسەختی برینداربون.

 

لە هێرشی دوەمدا لە ناوچەی خوست لە ئەفغانسان رویدا كە تێیدا دو چەكداری نەناسراو تەقەیان پەیامنێری بی بی سی، ئەحمەد شا كردو بەوهۆیەوە گیانی لەدەستدا.

 

بەپێی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی رۆژنامەنوسان بەو دو روداوەوە كوژرانی رۆژنامەنوسان لەساڵی 2018دا بۆ 32 كوژراو بەرزبوەوە.

بەپێی ئامارەكانی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی رۆژنامەنوسان ژمارەی رۆژنامەنوسانی كوژراو لەماوەی ئەم پێنج مانگەدا زیاترە لە یەك لەسەر سێی ژمارەی ئەو رۆژنامەنوسانەی لەساڵی رابردودا كوژراون.

 

بەپێی ئەو فیدراسیۆنە ژمارەی ئەو رۆژنامەنوسانەی لەساڵی رابردودا كوژراون 82 رۆژنامەنوس بوە كە ئەوەش كەمترین ژمارەی كوژراوان بوە لەماوەی یەك دەیەدا.

 

بۆ نمونە ژمارەی كوژراوان رۆژنامەنوسان لەسەرەتای نەوەدەكانی سەدەی رابردوەوە و تا ناوەڕاستی ئەو دەیەیە، بەهۆی شەڕی ناوخۆ لە جەزائیرو روانداو یۆگۆسلافیای پێشوەوە، بەرزبوەوە. هەروەها لەگەڵ داگیركردنی عێراق لە 2003 ژمارەكە بەرزتر بوەوە تا گەیشتە ئەوەی لەساڵی 2006دا لەجیهاندا 155 رۆژنامەنوس كوژران بەڵام لە 2007 ژمارەكە بۆ 135 كوژراو دابەزی.

 

زۆربەی ئەو رۆژنامەنوسانی لەساڵی رابردودا كوژران بەهۆی بەدواداچونەكانیان بوە لەسەر پرسی گەندەڵی سیاسی و تاوانی رێكخراو.

 

وێڕای ئەوەی ئامارەكانی كوشتنی رۆژنامەنوسان دەریدەخەن كە رۆژنامەنوسان لەبەردەم چ مەترسییەكدان، لەگەڵ ئەوەش كوشتن تەنیا مەترسی نییە لەسەر رۆژنامەنوسان.

 

بەپێی كۆمسیۆنی بەرگری لەرۆژنامەنوسان لەساڵی رابردودا زۆرترین رۆژنامەنوس خراونەتە زیندانەوە بە بەراورد بە 30 ساڵی رابردو كە ژمارەیان 262 رۆژنامەنوس بوە.  

 

زۆرترین رۆژنامەنوس بەپێی ئەو كۆمسیۆنە لە توركیا زیندانیكراون كە ژمارەیان 73 كەسەو پاش ئەویش چین دێت بە زیندانی كردنی 41 رۆژنامەنوس و ئینجا میسر كە 20 رۆژنامەنوسی زیندانی كردوە.

ئاوێنە
 
به‌روار:  03/05/2018
741   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   66
کۆی سه‌ردان:   29252709