ئەوانەی گروپی خوێنیان (O) یە زیاتر بە رووداوەکان دەمرن
رووداو-سلێمانی
توێژینەوەیەکی نوێ دەریخستووە لەوانەی تووشی رووداو و کارەساتە مەترسیدارەکان دەبن، هەڵگرانی گرووپی خوێنی (ئۆ) زۆرتر دەمرن، چونکە خوێنیان باش نامەیێت.
داتای وەرگیراو لە 901 نەخۆشی بەشی فریاکەوتن لە ژاپۆن دەریخستووە کاتێک کەسێک تووشی زەبر و رووداوێکی مەترسیدار دەبێت، ئەگەر گرووپی خوێنەکەی (ئۆ) بێت، ئەوە ئەگەری مردنی 28% دەبێ، ئەوە لەکاتێکدایە لە گرووپەکانی دیکەدا ئەگەری مردن 11% یە.
توێژەرەکان گوتوویانە لەکاتی زەبر و رووداوە مەترسیدارەکاندا، هەڵگرانی گرووپی خوێنی (ئۆ) تووشی خوێنبەربوونێکی سەختتردەبن، چونکە بە ئاسانی خوێنیان ناگیرسێتەوە و نامەییێت.
وەک لە توێژینەوەکەدا هاتووە، لەدەستدانی خوێن هۆکاری سەرەکی مردنە لە حاڵەتاکانی شۆکی پەیوەست بە روداوە مەترسیدارەکان کە تێیاندا خوێنبەربوون روودەدات.
لە وڵاتێکی وەکوو بەریتانیا 47%ی خەڵکی هەڵگری گرووپی خوێنی (ئۆ)ن و ئەوانی دیکە هەڵگری خوێنن لە جۆرەکانی ئەی، بی و ئەی-بی.
گرووپی خوێنی هەرکەسێک بەپێی پرۆتینی سەر خڕۆکە سوورەکانی خوێنی دیاریدەکرێت و هەر گرووپێک جیاکەرەوەی خۆی هەیە لەو رووەوە.
دەرکەوتووە هەڵگرانی گرووپی خوێنی (O) فاکتەری (ڤۆن وڵبراند)یان کەمترە کە بۆ خەستبوونەوە و مەیاندنی خوێن گرنگە، توێژەرەکان دەڵێن رەنگە هەر ئەمە هۆکاری ئەوەبێت کە هەڵگرانی گرووپی خوێنی (ئۆ) لە کەسانی دیکە زیاتر بە خوێنبەربوون دەمرن.
بهروار: 03/05/2018
617 جار خوێندراوهتهوه
|