2 هەزار پەنابەر لەسوید هەڵاتوون

پۆلیس نەیتوانیوە ئەرکی ناردنەوەی ئەو پەنابەرانە بەجێ بگەیەنێت کە بڕیاری ناردنەوەیان هەیە، بەهۆی ئەوەی کە شوێنی ژیانی ئەو کەسانە نازانن.

دەتوانین بڵێین کە توانراوە تەنها نزیکەی یەک لە سەر سێی ئەو پەنابەرانە بنێردرێنەوە کە بڕیاری ناردنەوەیان هەبووە، هەموو ئەوانی دیکە کە نەنێردراونەتەوە بەهۆی ئەوەیە کە پۆلیس نازانێت ئەو کەسانە لە کوێ ئەژین. واتا دوو لەسەر سێی پەنابەران دیار نین. پار لۆڤێنباری بەرپرسی گروپ لە پۆلیسی سنوور دەڵێت.

حوکومەت ئەرکی ناردنەوەی ئەو پەنابەرانەی دایە پۆلیس کە بڕیاری ناردنەوەیان هەیە و ئامانج وا بوو کە لە ماوەی سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ئەو کارە بە ئەنجام بگەیەندرێت.

نزیکەی سێ هەزار پەنابەر دەبوا بنێردرێنەوە وڵاتی خۆیان بەڵام نزیکەی دوو هەزاریان دیار نین. ئەمە ژمارەیەکی زۆرە و یەکێک لە هۆکارەکان ئەوەیە کە پۆلیس شوێن و ئەدرێسیان نازانێت، ئەمەش دەرئەنجامی ئەوەیە کە لە ساڵی ٢٠١٦ دا یاسای کۆچ بەشێوەیەک گۆڕا کە ئەو کەسانەی بڕیاری ناردنەوەیان دەرچوو چیتر مافی مانەوەیان لە کامپەکانی دەستگەی کۆچدا نەما و دەبوا خۆیان شوێنێک بدۆزنەوە تا ئەوکاتەی پۆلیس دەیاننێرێتەوە.

ئەمە وای کردووە کە پۆلیس نەیتوانیوە ئەرکی ناردنەوەیان بەو شێوەیە جێبەجێ بکات کە حوکومەت و سیاسەتمەداران خواستوویانە. بۆ گەیشتن بەو ئامانجە پۆلیس پێویستی بە سەرچاوەی زیاترە و دەبێت چاودێریی ورد لەسەر ئەو پەنابەرانە و شوێنی ژیانیان هەبێت تا بزانرێت لە دوای جیهێشتنی دەستگەی کۆچ لە کوێ دەژین.

ڕادیۆی کوردی سوید
به‌روار:  02/05/2018
1453   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   651
کۆی سه‌ردان:   29251282