کۆمیتەى بەڕێوەبەرى پەکەکە کۆبووەوە
فورات نیوز

کۆبوونەوەى کۆمیتەى بەڕێوەبەرى پەکەکە لە چیاکانى کوردستان لە رۆژانى ٢١ تاوەکو ٢٤ى نیسان / ١ تاوەکو ٤ى جۆزەردان ئەنجامدرا. کۆمیتەى بەڕێوەبەریى پەکەکە لەبارەى کۆبوونەوەکە و ئەنجامەکانییەوە راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

کۆمیتەى بەڕێوەبەری پەکەکە رایگەیاند، رۆژانى ٢١ تاوەکو ٢٤ى نیسان / ١ تاوەکو ٤ى جۆزەردان کۆمیتەى بەڕێوەبەریى پەکەکە کۆبوونەوى ئاسایى خۆى بەڕێوەبرد. لەو بارەیەوە راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە "بەرخۆدانى شۆڕشگێڕ – دیموکراتیکى هەمەلایەنەی گەلەکەمان و دۆستەکانی لە دژى هێرشی هەمەلایەنەى فاشیست – پاکتاوکار، لە هەموو رووەکانى ئایدۆلۆژی، سیاسی، ڕێکخستنی و سەربازییەوە بە بەرفراوانى هەڵسەنگاندنى بۆ کرا".

ئەوەشی تیادا هاتووە، بۆ بەهێزکردنى تێکۆشانى ئازادی و دیموکراسی لەسەر بنەماى بەرخۆدانى هەمەلایەنە بڕیار و پلانى پێویست دەستنیشانکران.

لە بەردەوامیى راگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە "کۆبوونەوەکەمان لە کەسایەتیى شەهید دەلال ئامەد و شەهیدانى بەرخۆدانى عەفرین، هەموو شەهیدەکانمان بۆ رێگاى ئازادی و دیموکراسی بە یادهێنایەوە. سڵاوى لە هەڵوێستى تێکۆشەرانەى گەلەکەمان و هێزە دیموکراتیکەکان کرد، کە لە ٨ى مارس، نەورۆز، بەرخۆدانى عەفرین و ١ى ئایار چالاکییان ئەنجامدا و سڵاویشمان نارد بۆ چالاکییە مێژووییەکانى گەریلا قارەمانەکانمان لە دژى داگیرکەری فاشیست – پاکتاوکار.  بانگیش لە هەموو هێزە دیموکراتیکەکان کرا، کە لە دژى فاشیزمى ئاکەپە – مەهەپەى داگیرکەر و چەوسێنەر و پاکتاوکار، تێکۆشانى ئازادی و دیموکراسییانەى خۆیان زیاتر و بەهێزتر بکەن".  

گۆشەگیریى سەر ئۆجەلان

لە کۆبوونەوەی دەستەى بەڕێوەبەرایەتیماندا بارودۆخى گشتیى بەرخۆدانى دیموکراتیک و هەمەلایەنە لە دژى هێرشە هەمەلایەنەکانى فاشیەت هەڵسەنگاندنى بۆ کرا. گوشار و گۆشەگیریى قورس لە ئیمرالی لەسەر رێبەر عەبدوڵا ئۆجەلان و هاوڕێیانى تر لە زیندانەکانى تردا، بابەتێکى تایبەتى گفتوگۆى کۆبوونەوەکە بوون. لەو بارەیەوە دەستنیشانکرا، کە لە دژى واتەواتى شەڕی دەروونی هۆشیار بن و لە بەرامبەر گوشار و گۆشەگیریییەک، کە فاشیزمى ئاکەپە – مەهەپە چڕ و قورستری دەکەنەوە، بە بەرپرسیارێتییەوە بجوڵێنەوە.

 ڕێکخراوى جیهانیى دژ بە ئەشکەنجە (سی پی تى) پێش نەورۆز راپۆرتێکى بۆ راى گشتى بڵاوکردەوە، کە ٢ ساڵ لەوە پیش ئامادەى کردبوو. ئەوە بۆ چاوەڕوانی و نیگەرانییەکانى گەلی کورد نەبووە وەڵامدەر. بە پێچەوانەوە، ڕێگاى بۆ توڕەبوونى گەل و دۆستانى کورد کردەوە.

لە کۆبوونەوەکەماندا ئەوەمان لە چوارچێوەى شەڕی دەروونیى فاشیزم و وەک هەوڵیک بۆ قەتیسکردنى ناڕەزایەتییەکانى گەل لێکدایەوە. لە کۆبوونەوەکەماندا جاریکیتر ئەوە دەستنیشانکرایەوە، کە نزیکایەتی بەرامبەر رێبەر عەبدوڵا ئۆجەلان هێڵی سووری گەلی کورد و هەموو هێزە دیموکراتیکەکانە.

 ئاماژەش بەوەکرا، بۆ ئەوەى کۆمەڵگە و راى گشتى بەشێوەیەکى باش زانیارییان پێبدرێت و ئاگادار بکرێنەوە، دەبێت سی پى تی، بنەماڵە، پارێزەران بتوانن بەشێوەى رێکوپێک بچن بۆ ئیمرالی. داواش لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان کراوە، کە بەرامبەر ئەو بابەتە زیاتر بە بەرپرسیارێتییەوە بجوڵێنەوە و هەوڵ بدەن.

لە کۆبوونەوەکەشماندا سڵاومان بۆ تێکۆشان و کەمپەینەکان، کە بۆ ژیانی ئازادی رێبەر عەبدوڵا ئۆجەلان ئەنجام دەدرێن نارد. بانگیش لە گەلەکەمان و دۆستەکانمان لە هەر چوارپارچەى کوردستان و دەرەوەى وڵات کرد، کە چالاکی و تێکۆشانە مێژوویەکەتان لەسەر ئەو بنەمایە گەورەتر و بەهێزتربکەن.

یەکێتیى نەتەوەیى

کۆبوونەوەى کۆمیتەى بەڕێوەبەری، هاوکات لەگەڵ گرنگیى تێکۆشان بۆ دیموکراسی و ئازادى، سەرنجیشی خستەسەر گرنگیى مێژوویى یەکێتیى و تێکۆشان لە هەموو ئاست و گۆڕەپان و قۆناغەکاندا. لەسەر ئەو بنەمایە دەستنیشانکرا، کە دەبێت لە ناو گەلی کورددا یەکێتیى نەتەوەیى – دیموکراتیک بەئافرێنرێت و لە هەر چوارپارچە و لە دەرەوەى وڵات لەگەڵ گەلانى تر تێکۆشانى هاوبەش بەڕێوەببرێت. لەسەر ئەو بنەمایە جارێکیتر ئەوە دەستنیشانکرایەوە، کە لە هەر ئاست و گۆڕەپانکێکدا بە ئەرکی خۆیان هەستن. بانگیش لە هەموو هێزە پەیوەندیدارەکان کرا، کە ئەوانیش بە بەرپرسیارێتیى مێژوویى خۆیان هەستن. بەشێوەیەکى تایبەت ئەوە دەستنیشاکرا، کە ئەوە یەکێکە لە فەرمانەکانى مێژوو و شەهیدەکانمان.

شەهیدانى مانگى ئایار بە بیرهێنرانەوە

کۆبوونەوەنەوەى بەڕێوەبەرایەتیى حزبمان لە کۆتایى مانگى نیسان و ماوەیەکی کەم، لە پێش مانگى شەهیدانمان، واتە شەهیدانى ئایار بەڕێوەچوو. بەڕاستی مانگى ئایار بۆ شۆڕشى کوردستان و تورکیا مانگێکە، کە هەموو رۆژێکى بە خوێنى دەیان شۆڕشگێڕی قارەمان نەخشێنراوە. بەو هۆیەشەوە، ئێمەی ئەندامانى کۆمیتەى ناوەندیى پەکەکە، محەمەد قەرەسونگور فەرماندەى بەرخۆدانى حیلوان – سیوەرەگ و میلیتانی هێژاى حزبەکەمان، ئیبراهیم بیلگین لە ٣٥هەمین ساڵیادى شەهیدبوونیاندا بە ڕێزەوە و بەپێزانیەوە بە بیر هێنایەوە.

هەروەها ئێمە فەرماندەى هەرێمى ئامەد، هاوڕێ ئازاد سیسەر، کە شەهیدى ئێمەى ٢ى ئایارە، لە دووەمین ساڵیادى شەهادەتەکەیدا بە ڕێز و پێزانینەوە بەیاد دەهێنینەوە.

پێشەنگەکانی بزووتنەوەى شۆڕشگێڕیى تورکیا دەنیز گەزمیش، یوسف ئاسلان و حوسێن ئینان، کە لە ٦ى ئایاری ١٩٧٢دا لەسێدارەدران، لە ٤٦هەمین ساڵیادی شەهادەتەکەیاندا بە ڕێزەوە یادیان دەکەینەوە.

هەروەها ئۆلاش بایراکدار ئۆغڵو یەکێک لە رێبەرەکانى بەرخۆدانى گەزی و شۆڕشى تورکیا، دۆستى راستگۆى گەلی ڕۆژئاوا و گەلانى سوریا، کە لە ٩ى ئایاری ٢٠١٧دا لە شەڕی دژ بە داعشدا شەهیدبوو، لە یەکەمین ساڵیادى شەهادەتەکەیدا بە ڕیزەوە یادى دەکەینەوە.

ئۆزان مزگین (غوربەت ئایدن) فەرماندەى گەریلا و پێشەنگى هونەر و میلیتانى ژنى ئازاد، کە لە ١١ى ئایاردا شەهید بوو، لە ٢٦ هەمین ساڵیادى شەهادەتەکەیدا بەڕێز وخۆشەویستییەوە یادى دەکەینەوە.

ئێمە جارێکیتر بەڵێن دەدەینەوە، کە خاوەندارى لە یاد و ئامانجى هەموو شەهیدەکانمان، کە بۆ هەبوون و ئازادی شەهیدبوون، دەکەینینەوە و ئامانجەکانیان بە مەنزڵ دەگەیەنین و سەریدەخەین. ئێمە بانگ لە گەلە وڵاتپارێزەکەمان و هەموو هێزە دیموکراتیکەکان دەکەین، کە لە هەموو رۆژێکى مانگى ئایاردا شەهیدە قارەمانەکانمان بە بیر بهێننەوە و لەسەر هێڵى شەهیدان خۆیان نوێ بکەنەوە و تێکۆشانى ئازادى گەش بکەن".

 فورات نیوز
به‌روار:  02/05/2018
612   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   581
کۆی سه‌ردان:   29233814