نیوەی ئەو خوێندکارانەی دێنە سوید لێرە نامێننەوە
نیوەی ئەو خوێندکارانەی لە رێگەی بوورسی خوێندنەوە(کۆمەکیی دەوڵەتی بۆ خوێندن) دێنە سوید دەگەڕێنەوە وڵاتەکانی خۆیان، لە کاتی مانەوەش دا لە دەرەوەی وڵات بەشداری پرۆسەی بەدیموکراتی کردنی وڵاتەکانیان دەکەن.

بە گوێرەی لێکۆڵینەوەیەکی دەوڵەتی سەبارەت بەو خوێندکارانەی لە نێوان ساڵانی ١٩٩٧ و ٢٠١٥ دا بۆ سوید هاتوون، نزیکەی نیوەیان گەڕوانەتەوە وڵاتەکانی خۆیان و لەوێ هاوکاری بەرەوپێشچوونی پرۆسەی سیاسی و دیموکراسیان کردووە.

میکایل بۆریسۆن یەکێک لە نووسەرانی ئەو راپۆرتە لە وتوێژێک دا لە گەل بەشی کوردیی رادیۆی سوید دەڵێ ئامانجی گەورەی پرۆژەی پێدانی بوورسەی خویندن (کۆمەکیی دەوڵەتی بۆ خوێندن) لە لایەن پرۆگرامی ڤیسبی ئەنستیتۆی سویدیەوە (svenska institutets Visbyprogram) بۆ ئەوەبووە کە ئەو کەسانە بگەڕێنەوە وڵاتەکانی خۆیان و پشتیوانی لە پرۆسەی دێموکراسی بکەن، تەنانەت ئەوانەی کە لێرەش دەمێننەوە بە گوێرەی پرسیارێک کە نووسەرانی ئەو راپۆرتە لەو کەسانەیان کردووە کە ئایا ئەگەر نەگەڕێنەوە وڵاتەکانی خۆشیان بەشداری بە دێموکراتی کردنی وڵاتەکانیان دەکەن یان نا زۆرینە بە بەڵێ وڵامی داوەتەوە.

لە سیمینارێک لە شاری ستۆکهۆڵم کە لە لایەن نوێنەراییەتی لێکۆڵینەوە لە پرسی کۆچ (delegation för migrationsstudier) پێکهات  بۆ پێشکەش کردنی راپۆرتێکی نوێ لە بارەی ئاڵوگۆری ئاکادییمیەکان و کۆچی نێودەوڵەتیەوە لە نووسینی سێ لێكۆلەر ئاندەرش ئۆکەرلوند، دکتۆرای مێژوو لە زانکۆی سۆدەرتۆرن ، میکایل بۆریێسۆن پرۆفسۆر لە کۆمەڵناسی خوێندن دا و ئاسترید کۆلسیۆ دۆکتۆرا لە وانەبێژی دا  لە زانکۆی ئۆپسالا، باس لەو خوێندکارانە کراوە  کە لە وڵاتانی ترەوە لە نێوان ساڵانی ١٩٩٧ تا ٢٠١٥ لە لایەن ئەنستیتۆی سویدیەوە وەرگیراون. میکایل بۆریسۆن  لە بارەی گرینگی ئەم راپۆرتەوە ووتی:

    زۆر کەم لەوبارەیەوە لێکۆڵینەوە کراوە و نازانرێ کێن ئەوانەی لە دەرەوەی وڵاتەکانیان دەخوێنن و گرینگە بزانین کە سوید چۆن هاوکاری بەجیهانیکردن و بەدێموکراسی کردن لە وڵاتانی دیکە دەکات 

 جێگەی سەرنجە لە درێژەی سیمینارەکەدا ئامارێک خرایە روو کە ئاماژەی بە کاریگەریەکانی بەرزکردنەوەی هەزینەی خوێندن لە سەر ئەو کەسانە کردبوو کە لە وڵاتانی ترەوە دێن و ئەوەش  بۆتە هۆی ئەوەی کە ژمارەی ئەوانە لە وڵاتە هەژارەکانەوە دێن لە نێوان ساڵانی ٢٠١٠ تا ٢٠١٧ بە ڕێژەیەکی زۆر بێتە خوار.بۆ نموونە ساڵی ٢٠١٠ زیاتر لە ١٤٠٠  خوێندکار لە ئێرانەوە هاتوون لە کاتێک دا لە ساڵی ٢٠١٧ ئەو رێژەیە چوار بەرامبەر کەمی کردووە، واتە تەنها نزیکەی ٣٥٠ کەس بۆ خویندن هاتوونەتە سوید، بە هەمان شێوە لە تورکیە رێژەکە لە نێو ئەو ساڵانە دا نیو هێندە کەمی کردووە، ئەم رێژەیە لە ٧٠٠ خوێندکارەوە بۆ ٣٠٠ خوێندکار نزم بۆتەوە،  میکایل لەو بارەیەوە دەڵێ: بەرزکردنەوەی هەزینەی خوێندنی باڵا کاریگەری راستەوخۆی کردۆتە سەر ژمارەی ئەو کەسانەی لە وڵاتە هەژارەکانەوە دەیانهەوێ بێن بۆ سوید.

گوێ لە ڕاپۆرتەکە بگرە
به‌روار:  28/04/2018
601   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   685
کۆی سه‌ردان:   29260064