پارتی سێنتەر لەگەڵ مانەوەی پەنابەرە بەتەنهاهاتووەکاندایە
گوێ لە ڕاپۆرتەکە بگرە
بە پێی ئەو یاسایە نزیکەی 9000 پەنابەری بەتەنهاهاتوو کە بڕیاری ناردنەوەیان هەیە شانسی مانەوەیان دەدرێتێ.

- سەرۆکی پارتی سێنتەر ئانیێ لۆف دەڵێت ئێمە وەک پارتی سێنتەر سەبارەت بەو منداڵانەی بەهۆی درێژخایەنیی ماوەی لێکۆڵینەوە دۆسیەیی داوای پەنابەرییەکەیان دوا کەوتووە، هەمیشە ڕامان وا بووە کە دەبێت شانسێکیان بدرێتێ بۆ مانەوە هەر بۆیە ئەم پێشنیازەی حوکومەت پەسەند دەکەین.

ئانیێ لۆف هەروەها دەڵێت دەتوانین لایەنی باشی مانەوەی ئەم پەنابەرانە لەوەدا ببینین کە وەک دەستیکارن کە لە ناوخۆی سویددان و بواریان دەدرێت کار بکەن هەروەک ئەو پەنابەرانەی کە بۆ کار دێنە سوید.

جێی باسە ئەم پێشنیازە هەفتەی ڕابوردوو حوکومەت خستییە بەردەم پەرلەمان، بۆئەوەی پێشنیازەکە ببێتە یاسا و بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە حوکومەت پێویستیان بە پشتیوانیی پارتی سێنتەر بوو لە کاتێکدا پارتەکانی دیکەی هاوپەیمانیی ڕاست لە مۆدێرات، لیبرالەکان و مەسیحییەدیموکراتەکان هەروەها دیموکراتەکانی سوید ئەم پێشنیازەیان ڕەت کردۆتەوە.

بەو شێوەیە لە 1ی مانگی حەوتی داهاتووەوە ئەم یاسایە کاری پێ دەکرێت و بەو پێیە ئەو پەنابەران مافی پەنابەریی کاتییان دەدرێتێ و لەو ماوەیەدا دەبێت خوێندنی ئامادەیی یاخود خوێندنێک لەهەمان ئاستی ئامادەییدا تەواو بکەن تا بتوانن لە سویددا بمێننەوە. 

یاساکەش (ensamkommande) ئەو منداڵە بەتەنهاهاتووانە دەگرێتەوە کە یەکەم داوای مافی پەنابەرییان لە پێش 24ی مانگی نۆڤەمبەری ساڵی 2015دا ناردووە بۆ دەستگەی کۆچ (واتا ئەو کەسانە ناگرێتەو ەکە دوای ئەو ڕێکەوتە داوایان ناردووە) و بەلایەنی کەمەوە ماوەی 15 مانگ چاوەڕوانیی بڕیاری مانەوە بوون هەروەها لە ماوەی چاوەروانیی بریاری دەستگەی کۆچدا تەمەنیان بووەتە هەژدە ساڵ.

عەلی جەحفەری یەکێک لەو پەنابەرانەیە کە خۆشحاڵی خۆی لەسەر ئەو بڕیارە دەر دەبڕێت و دەڵێت ئەم بڕیارە شانسێکی باشە و ئومیدبەخشە هەروەها بوار بۆ باشکردنی بارودۆخی ژیانمان دەڕەخسێنێت.
به‌روار:  24/04/2018
555   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   694
کۆی سه‌ردان:   29260095