بنکەی بانگەشەی گۆڕان حاجی ئۆمەران سوتێندرا
(سبەی): 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوشەممە لە ناحیەی حاجی ئۆمەران پەلاماری بنکە بانگەشەی هەڵبژاردنی گۆڕان درا و بنکەکە سوتێندرا.

پەیامنێری (سبەی) رایگەیاند؛ سەعات (2)ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ چەند کەسێکی نەناسراو بنکەی بانگەشەی بزوتنەوەی گۆڕانیان لەناحیەی حاجی ئۆمەرانی سەربەقەزای چۆمان سوتاند.
هاوکات مەکۆی چۆمانی بزوتنەوەی گۆڕانیش لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردوە، بە سوتاندنی بنکەی بانگەشەکەیان هیچ شتێک ئەوانسارد ناکاتەوە لەوەی پاشەکشە بکەن لە سەرخستنی بیری رەوانشاد نەوشیروان مستەفا، چونکە ئەوان لە رۆژی ئەوەڵی دامەزراندنەوە بەڵێنیانداوە کەتاسەر بەردەوام بن لە سەرخستنی بەرنامەکانی بزوتنەوەی گۆڕان.
جەختیش دەکەنەوە لەوەی، سوتاندنی بنکە و بارەگا حیزبیەکان کلتورێکە ساڵانێکی زۆرە لەلایەن دەسەڵات بەتایبەت پارتی دیموکراتی کوردستانەوە داهێنراوە، سوتاندنی هەر بنکە و بارەگایەکیش مانای ئەوە دەگەیەنێت کە دەسەڵات فرە رەنگی و دەنگی جیاوازی پێ هەزم ناکرێت لەناوچەکە، لەگەڵ ئەوەشا لای ئێمە ئەوە دەگەیەنێت کە دیارە دەسەڵات درکی کردوە کە بزوتنەوەکەمان لیستی ژمارە (۱٤۲) سەرکەوتنی گەورە مسۆگەر دەکات.

دەقی راگەیەندراوەکە

کلتوری بارەگا سوتاندن لە ژێردەسەڵاتی پارتی
درەنگانێکی شەو سەعات یەک و نیو بەولاوە بنکەیەکی بانگەشەی بزوتنەوەی گۆڕان لەناحیەی (حاجی ئۆمەران)ی سەربە قەزای چۆمان دەسوتێنرێت.

هەڵسوراوانی ناحیەکە لەگەڵ دەسپێکردنی هەڵمەتی بانگەشە بنکەیەکی بانگەشەیان کردەوە. چەند ڕۆژێکە هەڵمەتی بانگەشە دەستی پێکردوە، دو ڕۆژیش لەمەو بەر هەڵسوراوانی ئێمە لەسنوری ناحیەی حاجی ئۆمەران بنکەیەکی بانگەشەیان بۆ گەیاندنی پەیامەکانی بزوتنەوەی گۆڕان و سەرخستنی لیستی ژمارە (۱٤۲) لەناوچەکە کردەوە، بەڵام بەداخەوە ئیمشەو دەستی چەپەڵی ناحەزان و تاریک‌پەرستانی دژ بەئازادی و نامۆ بە دیموکراسیەت، شەمشەمەکوێرەکانی دنیای جەنگەڵ و تاریکستان بنکەکەمانیان سوتاندوە، لێرەوەش پەیامێک دەدەین بەو لایەنەی کە لەپشتی سوتاندنی ئەو بنکەیەوەیە، که هیچ شتێ ئێمە سارد ناکاتەوە لەوەی پاشەکشە بکەین لە سەرخستنی بیری رەوانشاد نەوشیروان مستەفا، چونکە ئێمە لە ڕۆژی ئەوەڵی دامەزراندمانەوە بەڵێنمانداوە کەتاسەر بەردەوام دەبین لە سەرخستنی بەرنامەکانی بزوتنەوەی گۆڕان.

سوتاندنی بنکە و بارەگا حزبیەکانیش کلتورێکە ساڵانێکی زۆرە لەلایەن دەسەڵات بەتایبەت پارتی دیموکراتی کوردستانەوە داهێنراوە، سوتاندنی هەر بنکە و بارەگایەکیش مانای ئەوە دەگەیەنێ کە دەسەڵات فرە ڕەنگی و دەنگی جیاوازی پێ هەزم ناکرێت لەناوچەکە، لەگەڵ ئەوەشا لای ئێمە ئەوە دەگەیەنێت کە دیارە دەسەڵات درکی کردوە کە بزوتنەوەکەمان لیستی ژمارە (۱٤۲) سەرکەوتنی گەورە مسۆگەر دەکات، چونکە جۆش و خرۆشی گۆڕانخوازان و گڕو تینی هەمولایەکمان وایکردوە چاویان لە ئاست بینینی دا کوێر دەبن .

بەڕێزان ئێمە وەک بزوتنەوەی گۆڕان هەمو لایەک لەوە ئاگادار دەکەینەوە ئەگەرچی ناتوانین پەنجەی تۆمەت بۆ هیچ لایەنێک درێژ بکەین سەبارەت بەسوتاندنی بنکەکەمان، چونکە بەڵگەی مەلموسمان لەبەردەست نیە وەک شاهێد عیان یانیش هەر شتێکی تری وەک کامێرای چاودێری بەڵام بەدڵنیاییەوە جیهەتی مەعنی لەناوچەکە بەرپرسیارە لە ڕوداوی سوتاندنی بەئەنقەستی ئەم بنکەیە، چونکە ئەرکی هێزە ئەمنیەکانی ئاسایش و ناخۆ ڕون و ئاشکرا دیارە کە بەرپرسن لەپاراستنی ئەمنیەت و ئاسایشی ناوچەکە و گیانی هاوڵاتیان و سەروەت و سامانیان و بنکە و بارەگا حوکمی و حیزبیەکان.

لێرەوەش دەسەڵات لەوە ئاگادار دەکەینەوە کەوا ئێمە، ئێوە بە بەرپرسیار دەزانین لە ڕوداوی سوتانی بنکەکەمان. چونکە ئەگەر ناتوانن بەئەرکی خۆتان هەڵسن، یانیش نەتانەوێ، ئەوا هیچ گومانێک لەسەرخۆتان ناهێڵنەوە لە کەوتنەوەی ڕوداوی لەم شێوەیە و دوبارە و چەند بارە بونەوەی، ئەوەش نیشانەی پرسیار و جیقڵدانەی بچوکی ئێوە و نەفەسی تەنگی ئێوە و نامۆیی ئێوە بە دنیای دیموکراسیەت دەسەلمێنێ.

راگەیەنراوی مەکۆی چۆمان 
۲۳ ـ ٤ ـ ۲۰۱٨ دوشەممە
به‌روار:  23/04/2018
503   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   65
کۆی سه‌ردان:   29286124