یەکەم جارە لە مێژوودا... ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان دێتە سوید

پرسی سوریا تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆی نەتەوەیەگرتووەکان دەبێت لە هەرێمی سکۆنێ لە سوید.

ئەنجوومەنی ئاساییشی ڕێکخراوی نەتەوەیەگرتووەکان کە پێکهاتووە لە ١٥ باڵێۆزی وڵاتانی ئەندام و بەرپرسی گشتی ئەو ڕێکخراوە (António Guterres) ئەمڕۆ بە سەردانێکی تایبەت لە سویدن لە هەرێمی سکۆنێ.

جێی باسە ئەمە یەکەم جارە لە مێژوودا کۆبوونەوەی ڕێکخراوی نەتەوەیەگرتووەکان لە دەرەوەی بارەگای سەرەکییان کە لە نیۆرکە لە ئەمەریکا، ئەنجام دەدرێت.

باس لەوەش دەکرێت کە ڕەنگە نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان ستافان دێ میستوراش لەو کۆبوونەوانەدا بەشدار بێت.  

هەرچەندە پەیوەندییەکانی نیوان ئەمەریکا و ڕوسیا گەشتۆتە پلەی بەستن بەهۆی ئەوەی کە گوایا سوریا چەکی کیمیاوی لە دوما لە سەرەتای ئەم مانگەدا بۆ لێدانی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن بەکار هێناوە هەروەها دوای ئەوەی ئەمەریکا بە پاڵپشتی فەڕەنسا و بەریتانیا بە هێرشی مووشەکی وەڵامی دایەوە،

 لەگەڵ ئەوەشدا باڵێۆزی سوید لە نەتەوەیەگرتووەکان ئولوف سکوگ پێی وایە کە دەکرێت ئەم قۆناغە قەیراناوییە تێ بپەڕێنرێت. سکوگ دەڵێت گەر چاوێک بە بڕیارنامە سیاسییەکاندا بخشێنرێتەوە و وەک کەسانی تێگەیشتوو و پێگەیشتوو گفتوگۆ بکەین ئەوا بنەمایەکی باشمان بۆ چارەسەر داناوە.

سکوگ هەروەها دەڵێت کۆبوونەوە و چاوپێکەوتنی ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوەیەگرتووەکان لە کەشێکی نافەرمیدا ڕێی زیاتر بۆ لێکنزیکبوونەوە و لێکتێگەشتن خۆش دەکات و بەو هیوایەین کۆبوونەوەکان لە کەشی ئارامی کێڵگەی باکئۆکرا ئەو ئامانجە ببپێکێت.

بەڵام سکوگ ئاماژە بەوەش دەدات کە نابێت چاوەڕوانی گەورە لەم کۆبوونەوانە بکرێت و مەرج نییە بتوانرێت چارەسەر و ڕێککەوتنی کۆنکرێتی دیاری بکرێت.

لەگەڵ هیواخواستن و هەوڵی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارە بۆ کێشەی سوریا بەڵام ئەو پەنابەرە سورییانەی کە تازە هاتوونەتە سوید و ڕادیۆی سوید سەبارەت بەم سەردانەی ڕێکخراوەکە دواندوونی بێهیوان.  

 ئەوان هیچ بە ئەنجام ناگەیەنن تەنها لەسەر کاغەز دەیاننووسن. فیراس ئالاسی دەڵێت. دواتر عەبیر سەحلی دەڵێت ئەو ڕێکخراوە کۆمەکی خواردن و لەو جۆرە دابین دەکات  بەڵآم ئەوەش بەس نییە، عەبیر پەیامێکی بۆ بەشداربووانی کۆبوونەوەکان هەیە و دەلێێ هیوادارم بتوانن بارودۆخی سوریا بگۆڕن.

جێی باسە کۆبوونەوەکان سەرەتا لە شاری لوندەوە دەست پێ دەکات و دواتر لە ماوەی پشووی هەفتەدا لە کێڵگەی (Backåkra) لە ڕۆژهەڵاتی کۆمۆنی (Ystad) لە هەرێمی سکۆنێ لە باشووری سوید ئەنجام دەدرێت، ئەمە وەک ڕێزلێنانێک بۆ خاوەنی ئەو کێڵگەیە (Dag Hammerskjöld) کە بەرپرسی گشتیی نەتەوەیەگرتووەکان بووە.

داگ هاممەرخۆلد ئەو کێڵگەیەی کڕی بۆئەوەی دوای تەواوبوونی ماوەی کارەکانی لە نەتەوەیەکگرتووەکان لەو کێڵگەیەدا ژیان بەسەر بەرێت بەڵام فریا نەکەوت و لە ساڵی ١٩٦١دا بەهۆی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەوە گیانی لەدەست داوە.

گوێ لە ڕاپۆرتەکە بگرە
به‌روار:  20/04/2018
1123   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   510
کۆی سه‌ردان:   29256696