ئاسایش: کتێبی سەردەشت عوسمان لە تی ئێن تی‌و بۆمب‌و تلیاک مەترسیدارترە
ستافی ئامادەکاری بەرگی دووەمی کتێبی سەردەشت عوسمان لەبەیاننایەکدا ئاماژە بەوە دەکەن ئاسایشی پارتی لەبازگەی بێستانە دەستی بەسەر ژمارەیەک کتێبی سەردەشت عوسماندا گرتوە، کاتێک لەلایەن بەهزاد موحسینی رۆژنامەنوسەوە لەسلێمانییەوە براوە بۆ هەولێرو بەهزادیش پاش چەند کاتژمێرێک دەستگیر کردن ئازاد کراوە، بەڵام کتیبەکانی لێسەندراوە، بەیاننامەکە دەڵێت “ئاسایشی پارتی بە بەهزادیان وتوە کتێبی سەردەشت عوسمان لە تی ئێن تی‌و بۆمب‌و تلیاک مەترسیدارترە”.


ئاوێنە: ئەمەی خوارەوە دەقی بەیاننامەکەی ستافی ئامادەکاری بەرگی دووەمی کتێبی سەردەشت عوسمانە:

پارتی دەستی بەسەر کتێبی سەردەشت عوسمان گرت‌و بەهزاد موحسین دەستگیر دەکات

ئاسایشی پارتی: “کتێبی سەردەشت عوسمان لە تی ئێن تی‌و بۆمب‌و تلیاک مەترسیدارترە”

 ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٩ی نیسان بەرگی دووەمی کتێبی سەردەشت عوسمان لە چاپ دەرهات، سەرلەئێوارەی ئەمڕۆ کاتژمێر ٨ بەهزاد موحسین کە ئەندامی ستافی ئامادەکار و سەرپەرشتیاری چاپی کتێبەکەیە لە ڕێگای گەڕانەوەی لە سلێمانیەوە بۆ هەولێر لە سەیتەرەی بێستانە لەلایەن ئاسایشی پارتیەوە دەستگیر دەکرێت و دەست بەسەر ژمارەیەک لە کتێبەکەدا دەگرن.

بەهزاد موحسن، مامۆستای زانکۆ لە کۆلیژی پەروەردەی شەقلاوە بەشی کوردی ، ئەندامی ڕێکخراوی زار بۆ داکۆکی لە ئازادی، نوسەر و ڕۆژنامەنووس، بەدوای پەیوەندیکردن بە ئاسایشی هەولێر و تاقیبکردنی بەهزاد موحسین، ئاسایش ئەوە پشتراست دەکاتەوە کە ناوبراو لای ئەوانە و دەستیان بەسەر کتێبەکەدا گرتووە، تاکاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاگەیاندنە بەهزاد ئازاد نەکراوە.

ئێمە وێڕای ئیدانەکردنی ئەم کردەوە سەرکوتگەرانەیە، کە جگە لە ترس و تۆقینی دەزگا ئەمنیەکانی پارتی لە بڵاوبوونەوەی ڕاستیەکان هیچ بیانوویەکی تری نییە. داوای دەستبەجێ ئازادکردنی بەهزاد و هەموو کۆپیەکانی ئەو کتێبە دەکەین. بانگەوازی سەرجەم ئازادیخوازان دەکەین کە دەنگی ناڕەزایی و بێزارییان لەم سەرکوتگەریە بەرزکەنەوە.

ئاسایشی پارتی بە بەهزادیان گوتووە کە کتێبی سەردەشت عوسمان لە تی ئێن تی و بۆمب و تلیاک مەترسیدارترە. ئاشکرایە کە ئەوە تەنها دەسەڵاتە لەرزۆک و زەندەقچووەکانن کە کتێب بە قاچاخ و مەترسی و ئامادەکارانی کتێب بە شایانی زیندانی و کەلەپچەکردن دەزانن. بژی ئازادی دەربڕین! کۆتایی بێت سەرکوتگەری و پێشیلکردنی ئازادی سیاسی!

ستافی ئامادەکاری بەرگی دووەمی کتێبی سەردەشت عوسمان

2018-04-19

ئاوێنە
به‌روار:  20/04/2018
815   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   769
کۆی سه‌ردان:   29251895