لە ساڵێکدا 300 کۆڵبەری کورد کوژراون
ئەندامێکى سەرکردایەتى حزبى دیموکراتى کوردستانى ئێران ئاشکرایکرد ساڵى ڕابردوو لەلایەن کۆمارى ئیسلامى ئێرانەوە ٣٠٠ کۆڵبەرى کورد کوژراون.

ڕۆستەم جیهانگیرى بە ئاژانسى "سپۆتنیک نیوز"ى ڕوسى ڕاگەیاند، ئامارى وردى ئەمساڵى کوشتنى کۆڵبەران لەناوچە سنورییەکانى ڕۆژهەڵات و هەرێمى کوردستان بەردەست نییە، بەڵام ساڵى پار زیاتر لە ٣٠٠ کۆڵبەر کوژراون.

ڕاشیگەیاند، پێش چەند ڕۆژێک چەند هاوڵاتییەک بە گولـلەى پاسدارانى ئێران لەسەر سنور کوژراون.

ئاماژەى بەوەشکرد، حکومەتى ئێران گرفتى گەورە بۆ کارى کۆڵبەرى دروستدەکات کە بەشێکى زۆرى هاوڵاتیانى کوردى ڕۆژهەڵاتى کوردستان پشت بەو کارە دەبەستن بۆ بژێوى ژیانیان.

ماوەی زیاتر لە چوار ڕۆژە بەشێکى زۆرى هاوڵاتیانى ناوچەکانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان بەتایبەت لە بانە و مەریوان و جوانڕۆ و سەقز و سنە و مەهاباد، دژی بە خراپى بارودۆخى ژیان و داخستنی سنورە کۆڵبەرییەکان سفرەى بەتاڵیان راخستووە و بەشێکى زۆرى دوکان و بازاڕەکانیش داخراون.

هاوڵاتیانى ناوچە سنورییەکانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان کارى کۆڵبەرى لەسەر سنورى هەرێمى کوردستان دەکەن و وەک سەرچاوەیەکى سەرەکى داهات پشتى پێدەبەستن.

نالیا
به‌روار:  19/04/2018
563   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   165
کۆی سه‌ردان:   29220820