بە ملیۆنان کرۆن وەڵامی پرسیارەکانی تاقیکردنەوەی گشتی فرۆشراون
سێ کەس لە ڕێی فرۆشتنی وەڵامی پرسیارەکانی تاقیکردنەوەی گشتی (högskoleprovet) لە ماوەی چەند ساڵێکدا ملیۆنەها کرۆنیان دەست کەوتووە.

پیاوەکە تەمەنی 55 ساڵە و دوو کوڕەکەی تەمەنیان 25 و 23 ساڵە، ئێستا لای پۆلیس بەندن بەگومانی ئاسانکاری بۆ ساختە لە تاقیکردنەوە گشتییەکاندا.

یەکێک لەو سێ کەسە چاودێر بووە لە یەکێک لە هۆڵەکانی تاقیکردنەوەی گشتی کە ڕۆژی شەممەی ڕابوردوو بەڕێوە چوو. دواتر بە گومانی ساختەکاریی جگە لەو سێ پیاوە 70 کەسی دیکە لە ئاستی سویددا لە ئەنجامدەرانی تاقیکردنەوەکە ئاشکرا بووە کە ساختەیان کردووە و چەند کەسێکیشیان لێ دەستگیر کراوە.

جێی باسە ئەو سێ پیاوەی کە لای پۆلیس بەندن بە گومانی تاوانی باج و تاوانی تۆمارکردن دەستگیرن. بە پێی زانیارییەکانی پۆلیس پێ دەچێت ئەو سێ پیاوە ماوەی چوار بۆ پێنج ساڵ ئەو کارەیان کردبێت و لەو ڕێگەیەوە زیاد لە 10 ملیۆن کرۆنیان دەست کەوتبێت. کارەکانیشیان لە ڕێی ئینتەرنێت و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە بەڕێوە بردووە.

 نرخی وەڵامەکانیشیان بەپێی ئەوە گونجاندووە کە ئاخۆ کەسێک دەیەوێت بەشی چەند نمرە وەڵام وەربگرێت بۆ نموونە بۆ ئەوەی بەرزترین ئەنجام وەربگریت کە 2.0 لە سیستێمی تاقیکردنەوەی گشتیدا ئەوا دەبێت 170 هەزار کرۆن بدەیت، بەو نمریە دەتوانیت هەرچی کۆرشێکی خوێندنت لە ئاستی زانکۆ و فێرگا باڵاکدا بوێت بخوێنیت.

تاقیکردنەوەی فێرگای باڵا (högskoleprov) بۆ ئەو کەسانەیە کە دەیانەوێت لە فێرگەباڵا و زانکۆکاندا بۆ هەندێک خوێندنی تایبەت وەربگیرێن، واتا هەندێک بابەت و خوێندن ئەو تاقیکردنەوەیە بۆ وەرگرتنی فێرخوازان بە مەرج دەگرن . هەروەها ئەنجامی ئەم تاقیکردنەوەیە بۆ هەندێک فێرخوازی دیکە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەڵگەکانیانە بۆ وەرگیران لە زانکۆکان.
گوێ لە ڕاپۆرتەکە بگرە
به‌روار:  17/04/2018
536   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   680
کۆی سه‌ردان:   29259853