ڕاپۆرتی یادی 30 ساڵەی ئەنفال لە هۆڵندا
مالمۆکورد
ڕێکخراوی کوردی "میدیــــا" لە هۆڵەندا
له یادی 30 ساڵه‌ی شاڵاوی جینۆسایدی ئه‌نفالدا سیمینارێکی
بۆ دادوەری دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق
ئاسۆ محەمەد سۆفی لە ئەمستردام سازکرد
ڕۆژی هەینیی ڕێکه‌وتی 13-04-2018 له‌شاری ئەمستردام، یانەی کوردیی "میدیـــا" لە هۆڵه‌ندا، مه‌راسیمێکی پڕ شکۆی ڕێکخست، له یادی 30 ساڵه‌ی شاڵاوی جینۆسایدی ئه‌نفالدا، بۆ بەڕێز حاكم ئاسۆ محمد سۆفی قادر سەرۆکی پێشووی دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق- لە کەیسی هەڵەبجە و تاوانی کۆمەڵکوژی، به ئاماده‌بوونی ژمارەیەک لە کوردانی هۆڵەندا، که تێیدا بەڕێزیان توێژینه‌وه‌یەکی پێشکه‌ش کرد، سەبارەت چۆنێتی بەڕێوەچوونی دادگایی‌کردنی سەرانی پێشووی ڕژێمی لە ناوچووی عێراق و ڕۆڵی خۆی لە کەیسی کەیسی هەڵەبجە و تاوانی کۆمەڵکوژی.
له سه‌ره‌تای که سیمینارەکەدا به ساتێک وه‌ستان بۆ گیانی قوربانیانی ئه‌نفال مه‌راسیمه‌که، لە لایەن دەستەی بەڕێوەبەری "میدیــا"ەوە کرایەوە و بە کورتی تیشک خرایە سەرئەوەی لە پاش ٣٠ ساڵ لە ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجە، ئەگەری دووبارەبوونەوەی پاکتاوکردنەوەی ڕەگەزی گەلێکی بێ قەوارەی وەک کورد دەستی پێکردەوە، وەک چۆن لە شەنگال و دوزخورماتو و عەفریندا بینیمان، پاشان بەم جۆرە حاکم ئاسۆ بە ئامادەبووان ناسێندرا:
* لەدایک بووی ساڵی ١٩٦٤ شاری هەڵەبجەیە.
* لە ساڵی ١٩٦٩ لەگەڵ خانەوادەکەیدا، بە ناچاری چوونەتە شاری بەغدا لەوێ نیشتەجێ بوون و هەرلەوێش قۆناغەکانی خوێندنی سەرتایی و ناوەندی و ئامادەیی بڕیووە.
* ساڵی ١٩٨٩ کۆلێجی یاسای زانکۆی موسڵی تەواو کردووە.
* ١٣ ساڵ کاری پارێزەری کردووە.
* ساڵی ٢٠٠٣ پاش ڕوخاندنی ڕژێمی سەدام حسێن، لە ساڵی ٢٠٠٤ دا بووە بە دادوەر.
* ساڵی ٢٠٠٤ بۆتە سەرۆکی دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق- لە کەیسی هەڵەبجە و تاوانی کۆمەڵکوژی.
حاکم ئاسۆ لە سیمینارەکەدا باسێکی گرنگی ده‌رباره‌ی، مه‌سه‌له‌ی به‌جینۆساید ناساندنی کێسی هه‌ڵه‌بجه و ئه‌نفال پێشکه‌ش کرد، له کرۆکی باسه‌که‌یدا جه‌ختی له لە کەیسی هەڵەبجە کرده‌وه، که چۆن له دادگادا زۆر پێداگری کردووە و داوای لە داداگا کردووه به به‌ڵگه‌کانی، کە ئەم تاوانە بە تاوانی کۆمەڵکوژی(جینۆساید-جریمە ابادە جماعیە) بناسرێ و ڕوونی کرده‌وه که پاش مشت‌ومڕ و ململانێەکی یاسایی دورودرێژ لەگەڵ ئەندامانی دادگا، توانیان بڕیارەکە لە بەرژەوەندی خەڵکی هەڵەبجە دەربچێت و دەستەی تەمیزیش بڕیارەکەی پەسەند کردووه ( تاوانی کیمیا بارانی هەڵەبجەیان بە جینۆساید ناساند)، هه‌روه‌ها باسی ئه‌وه‌ی کرد که چۆن بەشداری کردوه...؟ لە دەرچوونی بڕیاری تایبەت بە کەیسی کوردە فەیلیەکان وەک ئەندامی دەستەی دادگا، پاش گفتوگۆی چڕ‌و پڕ بڕیاریان داوە، کە تاوانی کۆچپێکردن و ڕاگواستن و کوشتن و سەرنگومکردنی کوردە فەیلیەکان تاوانی کۆمەڵکوژیە(جینۆساید)ە، هه‌روه‌ها حاکم ئاسۆ باسی ئه‌وه‌ی کرد که بووه بە سەرۆکی دادگا لە جێگەی حاکم ڕه‌ووف ڕه‌شید، بەشداربووه لە دەرچوونی بڕیاری ناساندنی کەیسی بەرزانیەکان وەک جینۆساید و چەندین بڕیاری دیکەیشی دەرکردووە لە داگا، وەک بڕیاری جینۆسایدی ڕاپەڕینەکانی باشوری عێراق ساڵی 1991 (انتفاضە شعبانیە).
له ته‌وه‌رێکی دیکه‌دا بەختیار عارف، کە وەک وەرگێڕێک و ئاگادارێک لە نزیکەوە لە دادگایی کردنی گەورە بازرگانی هۆڵەندی فرانس ڤان ئەنراتدا، کە مادەکانی چەکی کیمیاوی بۆ ڕژێمی سەدام حسێن دەستەبەرکردووە، تیشکی خستەسەر هەندێ زانیاری گرنگ، کە چۆن ئەو بازرگانە چەکی کیمیاوی فرۆشتووە بە ڕژێمی عێراق و تەنانەت چۆن ڕەگەزنامەی عێراقیشیان پێداوە، سەبارەت چۆنێتیی دادگایی کردنەکە، کە ١٧ ساڵ حوکم داراوە و قەرەبووکردنەوەی ئەو قوربانیانەی داوایان لەسەر فرانس ڤان ئەنرات تۆمارکردووە، هەروەها هەوڵی حکومەتی هۆڵەندی، بە تایبەتی وەزیری پێشووی ناوخۆ (فرێد تەیفن) بۆ دانانی مۆنمێنتی ڕەمزی هەڵەبجە (عومەری خاوەر)، لە به‌رده‌م رێكخراوی دژی چه‌كی كیمیاوی(OPCW)، پاشان زۆربەی ئامادەبووان بەشداری پرسیار و گفتوگۆی سیمینارەکەیان کرد.
هەروەها زۆربەی ئامادەبووان جەختیان لەوە دەکردەوە، له پاش سی ساڵ لە جینۆسایدی ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه‌دا پێویستە لە چەندان چمێک و گۆشه‌نیگایه‌کی نوێوه، که‌یسی ئه‌نفال بخرێتە بەرباس و توێژینەوە بەداخەوە چه‌ندین ساڵه، ته‌نها وه‌ک لاواندنه‌وه و به‌زه‌یی به قوربانیانی ئه‌نفال و پاشماوه‌کانیان، ئه‌م جۆره یادانه ده‌که‌ینه‌وه، پێویستە پێداگری له گۆڕینی ئالیه‌ت و شێوازی مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ که‌یسی جینۆسایدی ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه‌دا بکەین، چۆن ئێمه‌ش وه‌ک ئه‌و جینۆسایدانه‌ی به‌سه‌ر میلله‌تانی تردا هاتووه، وه‌ک گه‌لانی دیکه، له ڕواندا، که‌مبۆدیا، ئه‌رمه‌نیه‌کان و جوله‌که.. پێویسته بە شوێن ئه‌رشیفه‌کانیان بگەڕێین و کۆیان بکەینەوە و بیانپارێزین، چەندین کتێب و و مۆزەخانەیان لێ دروست بکەین، کار بۆ به زیندووهێشتنه‌وه‌ی ئه‌و تاوانه بکەینه‌وه له هزری نه‌وه‌ی نوێماندا، به جۆرێک لێی بێزار نه‌بن، بچێته بەرنامه‌کانی خوێندنه‌وه.
له کۆتایی چالاکیه‌که‌دا، چه‌پکه گوڵی ڕێزلێنانی"میدیــــا" پێشکه‌ش به حاکم ئاسۆ کرا و سیمینارەکە بەسەرکەوتوویی کۆتایی پێهات.
به‌روار: 17/04/2018
808 جار خوێندراوه‌ته‌وه
|