گەشتی هاوینەی ناوخۆی سوید بۆ لاوان بە خۆرایی دەبێت
حوکومەت بڕیاری داوە بودجەیەکی تایبەت بۆ ماوەی سێ ساڵ بۆ لاوان تەرخان بکات تا هاوینان بە خۆرایی گەشت بکەن.

ئەم بڕیارەی حوکومەت هێشتا چەکوشی لێ نەدراوە بەڵام ژمارەیەک لە کۆمۆنەکانی سوید هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی ئەو بڕیارەیان دەست پێ کردووە. بۆ نموونە لە کۆمۆنەکانی هەرێمی سکۆنێ.

 -  ئەم کارە شتێکی باشە،  بۆ نموونە ساڵی پار نرخی کارتی هاتووچۆی هاوینە 70 کرۆن بوو ئەوەش هەموو خێزانێک ناتوانێت بۆ منداڵەکانی دابین بکات، ئەمەش ناعەدالەتییە لەکاتێکدا منداڵی دەوڵەمەند بتوانن گەشت بکەن و ئەوانی دیکە نەتوانن. ئەمە ڕای ژمارەیەک لە فێرخوازانی ساڵی یەکەمی ئامادەییە لە شاری مالمۆ.

لە بودجەی ساڵی 2018دا حوکومەت لە دوای دانوستانێکیدا لەگەڵ پارتی جەپ بڕیاری داوە بڕی 350 ملیۆن کرۆن بۆ ماوەی سێ ساڵ تەرخان بکات بۆ ئەوەی لاوانی قۆناغی سەرەتایی لە پۆلەکانی 6-9 هەروەها فێرخوازانی پۆلی یەکەم و دووەمی قۆناغی ئامادەیی بتوانن لە ماوەی پشووی هاویندا بەخۆڕایی هێڵەکانی هاتووچۆی گشتی وەک ئوتوبوس و شەمەندەفەر بەکار بهێنن. ئەو فێرخوازانە دەبێت لە یەکێک لە کۆمۆنەکانی سویددا (folkbokförd) ناویان تۆمار بێت.

بە پێی ئەو بڕیارە کارتی هاتووچۆی گشتی بۆ هەموو ئەو فێرخوازانە دەنێردرێتە ماڵەوە کە لە تەرمینی ئەم بەهارەدا لە قۆناغەکانی سەرەتایی پۆلی 6-9 و یەکەم و دووەم ساڵی ئامادەیی دەخوێنن.

دەستگەی هاتووچۆ (Trafikverket) ئەرکی تاووتوێی داواکاریی کۆمۆنەکان و دابەشکردنی پارەی تەرخانکراو بۆ هەر کۆمۆنێک دەگرنە ئەستۆ.

گوێ لە ڕاپۆرتەکە بگرە
به‌روار:  11/04/2018
919   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   1012
کۆی سه‌ردان:   29235920