پەنابەرە بێمۆڵەتەکانی سوید بە مووچەی کەم کار دەکەن
چەنین دەستگەی دەوڵەتی بۆ دۆزینەوەی خاوەنکاری ناجدی و دەستی کاری ڕەش هاوکارییان دەست پێ کردووە.

دەستگەکانی پۆلیسی سنوور، هەلومەرجی کار، باج و چەند دەستگەیەکی دیکە لە ماوەی زیاد لە ساڵێکدا هاوکارییان کردووە بۆ هەڵکووتانە سەر چەند شوێنێکی کار لە بواری جیاجیادا بۆ دۆزینەوەی ئەو خاوەنکارانەی بە مووچەی یەکجار کەم کاریان داوەتە پەنابەرانی بیمۆڵەت و خراپ کەڵکیان لێ وەردەگرن.

لە وتارێکدا لە ژمارەی ئەمڕۆی ڕۆژنامەی (Dagens Nyheter)دا هاتووە لە ماوەی ساڵی پاردا 249 جار ئەو دەستگە دەوڵەتییانە هەڵیانکوتاوەتە سەر چەندین شوێنی کار، لە ماوەی ئەمساڵیشدا 132 جار.

بۆ نموونە لە بوارەکانی بیناسازی، خاوێنکردنەوە، فیتەری، جوانکاریی نینۆک و مەساجدا چەندین کەسیان دۆزیوەتەوە کە بە ڕەش واتا نایاسایی لە بەرامبەر 12 کرۆن لە سەعاتێکدا کار دەکەن.

ئەمە ئیستیغلالکردنێکی بێوێژدانانەیە بەرامبەر بەو کەسانە دەکرێت بەڕای میکایل ڕووس لە دەستگەی هەلومەرجی کار، کە هەروەها دەڵێت بەشێکی زۆر لە سیاسەتمەداران و کۆمەڵگە بەگشتی ئاگایان لەم گوزەرانە نییە.

جێی باسە تا ئێستا 12 هەزار پەنابەر بریاری ناردنەوەیان هەیە بەڵام بێمۆڵەت لە سویددا دەژین و چاوەڕێ دەکرێت لە ماوەی چوار ساڵی داهاتوودا بەهۆی پەسەندنەکردنی داوای ژمارەیەک لە پەنابەرانەوە نزیکەی 42 هەزار کەسەی دیکە هەمان چارەنووسیان هەبێت.

ئەم کەسانەن کە خاوەنکاران ئامادەن کاریان بە مووچەیەکی یەکجار هەرزان و لەژێر هەلومەرجی نەگونجاودا بدەنێ. بۆ نموونە لە هەڵمەتی هەڵکوتانەکانی دەستگە دەوڵەتییەکاندا بینویانە ئەو کەسانە لە بینای کارگەی کۆندا دەژین کە کەسی ئاسایی ناتوانێت تێیدا بژی، شوێنی خەوتنی نەگونجاو، سەقفی دڵۆپاو و ژووری ساردوسڕ.

ئەم کەسانە لە ڕێی ئیقامەی ساختەی کارەوە هاتوون یاخود کەسانی دەرەوەی وڵاتانی ئەورووپان کە لە رێی ڤیزای گەشتوگوزارەوە دێنە سوید.

ئەو کەسانەشی پۆلیس و دەستگەکانی دیکە دەستگیریان دەکەن بەهۆی نەبوونی جێگەی بەندکردنەوە لە دەستگەی کۆچ، ئازاد دەکرێن. بەرپرس لە پۆلیسی سنوور ێرک ڤیباری دەڵێت ئەمەی ڕوو دەدات خەتای حکوومەتی ڕاستڕەوە کە ساڵی 2008 بڕیاریان دا کە خاوەنکار خۆی بڕیار دەدات لە چ وڵاتێکی دیکەوە کرێکار دەهێنێت. ئەوەش ڕێگەی بۆ فرۆشتنی مۆڵەتی ساختەی کار خۆش کرد.

درێژەی هەواڵ
به‌روار:  10/04/2018
769   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   496
کۆی سه‌ردان:   29248598