ترامپ دەڵێ بەشار ئەسەد ئاژەڵە
دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكا لەبارەی كیمیابارانی دۆمای سەربە غوتەی سوریاوە هاتەدەنگ و بەشار ئەسەدی سەرۆكی ئەو وڵاتە بە "ئاژەڵ" وەسفدەكات.
دوێنێ رژێمی سوریا لە هێرشێكی بۆسەر شاری دۆمای غوتە، چەكی كیمیایی و گازی ژەهراویی بەكارهێناوە و بەهۆیەوە زیاتر لە 150 هاووڵاتی مەدەنی كوژراون و هەزاری دیكەش برینداربون.
لەوبارەیەوە ترامپ لە رێی هەژماری خۆیەوە لە تویتەر، روسیا و ئێران بە بەرپرسیار دادەنێت لەپای پشتگیریكردنیان لە رژێمی ئەسەد. هەروەك بەڵێن دەدات بەشار ئەسەد باجی ئەو كردەوەیەی دەدات، كە دەرهەق بە شاری دۆما كردویەتی و بە "ئاژەڵ"یش وەسفی دەكات.
سەرۆكی ئەمریكا جەختدەكاتەوە، لەنێو كوژراوەكانی پەلامارە كیمیاییەكەی سوریادا، منداڵان و ژنان هەن و ناوچەكەش داخراوە و بە سوپای سوریا ئابڵوقەدراوە.
هەر لە رێی تویتەرەوە، ترامپ داوا دەكات ناوچە پەلاماردراوەكە بە پەلە بەڕوی كۆمەكی تەندروستی و لێكۆڵەرەواندا بكرێتەوە. لەو چوارچێوەیەشدا رەخنە لە باراك ئۆبامای سەرۆكی پێشوی ئەمریكا دەگرێت و دەڵێت "ئەگەر ئۆباما پابەندبوایە بەو پلانی هێڵی سورەی رایگەیاند، ئەوا ماوەیەكی دورودرێژ بوو كۆتایی بە كارەساتی سوریا هاتبو، ئەسەدیش دەچوە مێژوەوە".

نەوا
به‌روار:  09/04/2018
739   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   966
کۆی سه‌ردان:   29258599