پشتیووانی ناڕەزایەتیەکانی خەڵکی کوردستانین
مالمۆکورد


وەک هەموو لایەک ئاگادارن چەند ڕۆژێکە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان سەرتاسەری کوردستانی گرتۆتەوە، هەموو چین و توێژە ناڕازی و دەستەنگەکانی کۆمەڵگای کوردستان دژی ناعەدالەتی و چەوساندنەوەیەکی بێ پەردە دەنگیان هەڵبڕیووە،  بایکۆتی فەرمانگە و خوێندنگا و شوێنی کارەکانیان کردوەو هاتونەتە سەر شەقامەکان.
پاش شکاندنی دیواری ترس و تۆقاندن لە دەڤەری زەرد و، دەسپێکردنی شەپۆلی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی بەرفراوان، خۆپیشاندانەکان چوونەتە قوناغێکی نوێیەو ئومێد بەخشە.
ئەو دەرهاویشتانەی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکانی ئەم قۆناغەی ئێستای کوردستان لە پێشووتر جیادەکاتەوە، دوو هۆکاری گرنگن.
 یەکەم: سەرتاسەری بوونی خۆپیشاندانەکانە لە هەڵەبجەوە تاکو زاخۆ، هاوبەشی داواکاریەکان و دروشمەکان و نمایشکردنی ئازایەتی و جەسارەتێک لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە، بەتایبەت ڕۆڵی ژنان لەم خۆپیشاندانەدا بەرجەستەیە.
 دوووەم: پەلامار و سەرکوتی خوێناوی جەماوەری ناڕازیی بەشێوەیەکی فراوان و ڕاستەخۆ، لەلایەن دەزگا داپڵۆسێنەر و هێزە نهێنیەکانی حیزب و چەکدارە ملهوڕەکانی دەستەڵاتەوە، لێدان، ڕفاندن، پەلامار، گرتن، ئیهانە و سوکایەتی لەم خۆپێشاندانەدا وەک سروشتێکی چەوسێنەرانەی دەستەڵاتی فاشیستی (حکومەتی هەرێمی کوردستان !!!!) دەردەکەوێت.
کۆمەڵگای کوردستان لەبەردەم دوو ڕێگا و دوو ئەگەری پڕ لە کێشمەکێش و ئاڵۆزدایە، سەرکەوتنی ئەم خۆپیشاندانانە و، بەدەستهێنانی بەشێک لە داخوازی و داواکاریەکانی چینە مەحرومەکان، دەتوانێت هەنگاوێک خەبات و تێکۆشانی خەڵکی ناڕازی بەرێتەوە پێشەوە، هەمانکات ڕێکخراوبوون و هاودڵی خەڵکی ناڕازی دەکاتە ئەگەرێکی کراوەو جێگا ئومێدی جەماوەر، بەپێچەوانەوە پاشەکشێ لەڕێگای سەرکوت و فریوکاریەکانی حکومەت و دەستەڵاتەوە لەمپەرێکی قایم لەبەردەم ناڕەزاییەتی داهاتوو دادەنێت و هەستانەوە زەحمەتر دەکات.
بۆیە ئێمە ڕەوەندی کوردی لەدەرەوە، کەمپین و کۆمیتەو گروپەکانی پشتیوانی لە خەڵکی کوردستان ئەرکی گەورە و چارەنوسسازمان لەسەر شانە، بۆ بەسەرئەنجامگەیاندن و پشتیووانی ناڕەزاییەتیەکان و گەیاندنی دەنگی خۆپیشاندەران بە ناوەند و دەزگا و ڕێکخرا و لایەنە پەیوەندیدارەکان.
گەیاندنی سەرجەم ئەو پێشێلکاری و سەرکوت و پەلامار و لەخوێن هەڵکێشانی خەڵکی ناڕازی، لەلایەن دەزگا حیزبی و حکومییەکانی هەرێمی کوردستانەوە بە ناوەندە جیهانیەکان، دەستی هەردوو حیزبی دەستەڵاتداری کوردستان (یەکێتی و پارتی) دەگرێت لە سەرکوتێک کە بەڕێوەی دەبەن.
هەمانکات ئەرکمانە کە ڕێگا نەدەین و، هەوڵبدەین ڕووی ڕاستەقینەی ئەو هێز و لایەنانە دەربخەین کە دەیانەوێت بازرگانی بە خوێن و ناڕەزاییەتیەکانی خەڵکەوە بکەن، بۆ کورسی پەرلەمان و بەرژەوەندی حیزبی خۆیان و پلە و پۆست.
ئێمە هەوڵ دەدەین و خەبات دەکەین بۆ ئەوەی کە بتوانین دەنگی ناڕەزایەتی خەڵکی کوردستان و، ڕەفتارە بەعس ئاساکانی (پارتی و یەکێتی) و حکومەتەکەیان بە ناوەندە دانیمارکی و فەرمیەکانی بەرگریکار لە مافی مرۆڤ و دەزگا ئینساندۆست و کەسایەتیە پەیوەندیدار بەم دۆسییەوە بگەیەنین، هەمانکات هەڵدەستین بە ئەنجامدانی کار و چالاکی جۆرا و جۆر بۆ پشتیوانی لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکانی خەڵکی کوردستان.
کەمپینی بەرگری لە ئازادی و خواستەکانی خەڵکی کوردستان_دانیمارک
٢٨/٣/٢٠١٨



به‌روار:  30/03/2018
508   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   868
کۆی سه‌ردان:   29258155