لەسوید پۆسکە و منداڵان لە دەرگاکانتان دەدەن
شیرینییەکانتان ئامادەکەن چون پۆسکەو منداڵان لە دەرگاکانتان دەدەن
بڵاو کرایه‌وه‌ torsdag 29 mars kl 11.39
جەژنی پەسەح یان پۆسک (Påsk) یه‌کێکه‌ له‌ بۆنه‌ گه‌وره‌کان له‌ ئایینی مه‌سیحیدا، جگه‌ له‌ بۆنه‌یه‌کی ئاینی پۆسک بۆته‌ ده‌رفه‌تێک بۆ کۆبونه‌وه‌ی خێزان و سه‌فه‌ر بۆ بینینی که‌سو کار، یان بۆ به‌سه‌ربردنی پشووی پۆسک له‌ کوێستانه‌کانی سه‌ره‌وه‌ی سوید که‌ به‌فر تێیاندا هێشتا باوه‌شی شاخه‌کانی جێنه‌هێشتووه‌. ئه‌مڕۆش له‌ سوید پێنجشه‌ممه‌ی پێش هه‌ینییه‌ درێژه‌یه‌.

زۆربه‌ی خوێندنگاکان له‌ سوید ئه‌م هه‌فته‌یه‌ پشووی پۆسکیان هه‌یه. له‌ ئاینی مه‌سیحیدا و به‌ زمانی سویدی ئه‌مڕۆ شارتوشداگه  (Skärtorsdag)‌، شاره‌ (Skära) له‌ زمانی کۆنی سویدا مانای پاکژییه‌، گوایه‌ له‌ پێنجشه‌مه‌ی پێش پۆسکدا (جەژنی پەسەح) عیسا قاچی په‌یامبه‌ره‌کانی خۆی که‌ دوانزه‌ که‌س بوون پێش خواردنی ئه‌و ژه‌مه‌ی به‌ دواژه‌م ناوده‌برێت، به‌ ئاو پاک کردۆته‌وه‌.

به‌ڵام له‌ چیرۆکه‌ میللییه‌کانی ناو خه‌ڵکیدا و دوور له‌ ئایین گوایا له‌م پێنجشه‌ممه‌یه‌دا پیرێژنه‌ سیحربازه‌کان به‌ لوته‌ درێژ و قژه‌بژه‌کانیانه‌وه‌ به‌سه‌ر گسکێکی ده‌سک درێژه‌وه‌ فڕیونه‌ته‌ شوێنێک به‌ناوی بلۆکیولا (Blåkulla) له‌وێ به‌ئاگر خۆیان له‌ چڵک و پیسی پاککردۆته‌وه‌. به‌ڵام ئه‌مه‌ ته‌نها چیرۆکی شارتوشداگ و سیحربازه‌کان نییه‌.

جێی باسە کە له‌سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی ڕابوردوه‌وه‌ به‌تایبه‌ت له‌ ستۆکهۆلم بووه‌ باو که‌ منداڵان وه‌ک ئه‌و پیرێژنه‌ سیحربازانه‌ی ناو چیرۆکه‌کان خۆیان ده‌گۆڕن و له‌چک ده‌که‌ن و بۆ کۆکردنه‌وه‌ی شیرینی و گودیس به‌ سویدی له‌ ده‌رگای ماڵان ئه‌ده‌ن. له‌گه‌ڵ به‌ره‌و پێش چوونی زه‌مه‌ندا ئه‌م خووە هه‌ندێک ڕتوشی ناسک و جوانی وه‌رگرتووه‌، وه‌ک ئه‌وه‌ی منداڵان ده‌موچاویان بۆیه‌ ده‌که‌ن و له‌بری ئه‌و نوقوڵه‌ی له‌ تۆی وه‌رده‌گرن وێنه‌ی کێشراوی ده‌ستی خۆیان یان شتی تر له‌گه‌ڵ‌ ده‌ربڕینی خۆشی پۆسک (Glad Påsk) واتا پۆسکێکی خۆش یان پۆسکت پیرۆز، ده‌ده‌نه‌ ئه‌و که‌سه‌ی ده‌رگایان لێئه‌کاته‌وه.

سبه‌ینێ هه‌ینییه‌ درێژه‌یه‌ لۆنگفرێداگ  (Långfredag) ئه‌و ڕۆژه‌ی عیساو هاوه‌ڵه‌کانی له‌ خاچ دران هه‌ینییه‌کی دوروودرێژی پڕ له‌ ئازار بوو بۆ عیسا و هاودینه‌کانی.

تا ئه‌و یه‌کشه‌ممه‌یه‌ی که‌ به‌ ڕۆژی پۆسک ناوده‌برێت  (Påskdagen) ئه‌و ڕۆژه‌ی عیسا هه‌ڵسایه‌وه‌. له‌ کۆندا له‌م ڕۆژانه‌ی نزیک پۆسک و ڕۆژی پۆسکدا خه‌ڵکی به‌ ماته‌مینییه‌ک بۆ رێزلێنانی عیسا ئه‌و ڕۆژانه‌یان به‌سه‌رده‌برد، خه‌ڵکێکی زۆر ڕوویان له‌ کڵێساکان ده‌کرد، به‌ڵام له‌گه‌ڵ کاڵبوونه‌وه‌ی ئاین له‌ ژیانی ڕۆژانه‌ی خه‌ڵکیدا شێوازی پیشوازی و یادکردنه‌وه‌ی ئه‌م بۆنه‌یه‌ش گۆراوه‌.

خه‌ڵکێکی که‌متر ده‌چنه‌ کڵێساکان و بۆته‌ بۆنه‌ی کڕین و گۆڕینه‌وه‌ی دیاری به‌تایبه‌ت بۆ منداڵان. جێی باسه‌ جگه‌ له‌ ڕه‌نگی زه‌رد هێلکه‌و مریشک و په‌ڕی باڵنده‌ بوونه‌ته‌ سیمبۆل له‌م بۆنه‌یه‌دا و په‌نجه‌ره‌ی ماڵ و شوێنه‌ گشتییه‌کانی پێ ده‌ڕازێنرێته‌وه‌. ئێستاش زۆربەی دووکانەکان بە پەڕی باڵندە کە لە زۆربەی حاڵەتدا ڕەنگیان کردووە، دەر و ناوەوەی بازاڕو دوکانەکانیان پێگرتووە.

جێی باسە کە ماسی ناسراو به‌ سیل  یه‌کێکه‌ له‌ خواردنه‌ سویدیه‌کان و زیاتر به‌ بۆنه‌ سه‌یره‌که‌ی ناسراوه‌، له‌گه‌ڵ  په‌تاته دەخرێنە سەر‌ سفره ‌و خوانی  پۆسکه‌وه.

گوێ لە ڕاپۆرتەکە بگرە
به‌روار:  30/03/2018
1247   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   491
کۆی سه‌ردان:   29219430