کوردی سوید کەمتر کۆمەکی عەفرین دەکەن
بەهۆی ڕەوشی خراپی کوردانی عەفرین و ئاوارە بوونیانەوە، چەندین هەڵمەتی کۆکردنەوەی کۆمەک لە سویدوە بۆ عەفرین ئێستا بەڕێوە دەچێت. بەڵام لە چاو ڕێژەی زۆری ئاواربوونی کوردان و  پێداویستیەیکاندا وەک ئەوەی چاوەڕوان دەکرا کۆمەک کۆنەکراوەتە.

یەکێک لەو ڕێکخراوە دیارانەی کە بەچڕی لە ئێستادا لە هەوڵی کۆکردنەوەی کۆمەکدان بۆ لێقەوماوانی هەریمی عەفرین، رێکخراوی رۆژی سووری کوردیە (Roja Sor a Kurdistané) یان بە سویدیی پێیان دەوترێت (Kurdiska Röda Solen).  ئاککاس ئەکگون نوێنەری ڕێکخراوەکە دەڵێ لەڕووی پێداویستیەیکان ئەو کۆمەکەی کۆمانکردۆتەوە کەمە.

      ئێمە لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی سویددا بە چەندین شێوە هەوڵی کۆکردنەوەی کۆمەک دەدەین. دەبینن کە ڕێژەی ئەو کۆمەکەی کۆکراوەتەوە کەمە. بەتایبەت لە ڕووی ئەوەی کە ٣٠٠ هەزار هاوڵاتی عەفرین ئاوارە بوون و ژیان لە دۆخێکی سەختا بەڕێوە دەبەن.

 جێی باسە لە پاش داگیرکردنی هەرێمی عەفرینەوە لە لایەن تورکیا و هاوپەیمانەکانییەوە بە سەدان هەزار کورد و هاوڵاتیی هەرێمی عەفرین ئاوارە بوون. لە ئێستاشدا لە چەند ڕوویەکەوە بۆ کوردانی عەفرین هاوکاری پێویستە.

   لە ئێستادا ئەو کۆمەکانەی کە کۆکراونەتەوە تەرخان دەکرێن بۆ چادر، خواردن، جلووبەرگ و دەرمان. دەرمان و چادر زۆر زۆر پێویستن لەبەر ئەوەی جێگەی خەوتن زۆر پێویستە لە کاتێکدا کە کەش و هەوا ساردە.

هەتاوەکو ئێستا رێکخراوی رۆژی سووری کوردی نزیکەی ١٥٠ بۆ ٢٠٠ هەزار کرۆنیان کۆکردۆتەوە. بەڵام ئەمە بەراورد بە چالاکییەکانی پێشووتری کۆکردنەوەی کۆمەک کە هەر بەمان شێوە بۆ کوردان لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان لە کاتی کارەسات، ڕووداوی نەخوازراوە یان ڕووبەڕوو بوونەوەی هێرشی تیرۆریستان  کۆکراوەتەوە کەمە.

 ئەو کۆمەکەی کۆ دەکرێتەوە، دەنێردێتەوە و بە هاوکاری ڕێکخراوی مانگی سووری کوردی (kurdiska röda halvmånen) کە ئێستا لە ڕۆژئاوا ئامادەن بە پێداویستییەکان دەدرێن. سەبارەت بەوەی کە مرۆڤ چۆن دەتوانێت دڵنیا بێت لەوەی پارەکەی بۆ ئەو مەبەستە بەکار دێت کە هاوکاری لێقەومان بکات ئاککاس ئاکگون باس لەوە دەکات کە هەموو شتێک لای ئەوان تۆمار دەکرێت و هەموو کەسێک دەتوانێت بپرێست و ڕوونکردنەوەی تەواو دەخەنە بەردەست. لە درێژەی وتەکانیدا ئاککاس ئەکگون باس لە چەند هۆکارێک دەکات کە بووە بەهۆ ئەوەی ڕێژەیەکی کەمتر لە هاوڵاتیان کۆمەک بنێرن و دەڵێت. 

    کورد بەدبەختە هەرجارەو ڕووبەڕووی کارەساتێک دەبێتەوە.

 تەنها ڕێکخراوی رۆژی سووری کوردی نییە کەتیشکیان خستۆتە سەر ئەوەی کۆمەک کەم بۆ عەفرین کۆکراوەتەوە. دامەزراوەی هاوکاری کوردستان بکە (Help Kurdistan Insamlingsstiftelse)  بەهەمان شێوە هەوڵیانداوە وەک جاران کۆمەک بۆ لێقەوماوانی عەفرین لە سوید کۆ بکەنەوە. بەڵام فەتاح ئەتروشی سەرۆکی دامەزراوەی هاوکاری کوردستان بکە ئەوە پشتراست دەکاتەوە کە ئەوانیش  هەست بەجیاوازییەکی زۆر دەکەن لە کۆکردنەوەی کۆمەک ئێستا بۆ عەفرین بەراورد بە ڕووداوەکانی پێشووتر و دەڵێت.

        ماوەیەکی زۆرە کورد تووشی کێشە و دەربەدەری دەبێت و بەردەوام کۆمەک کۆکراوەتەوە و ئەوەش کاریگەری خۆی هەیە.

 سەبارەت بەو پرسیارەی کە ئایا نەناردنی کۆمەک لەلایەن کوردانی سویدەوە بۆ ڕێکخراوە کوردییەکان بۆ نەبونی متمانە بە ڕێکخراوە کوردییەکانی سوید ناگەڕێتەوە.  لە وەڵامدا فەتاح ئەتروشی وتی نەخێر من پێموانییە. لەبەر ئەوەی بۆ نمونە ئێمە خاوەن ٩٠ کۆنتۆین کۆنترۆڵی زۆرمان لەسەرە. هەروەها باسی لەوەش کرد کە ئەوان خۆیان پرۆژەکان بەڕێوەدەبن و ڕادەستی هیچ ڕێکخراو یاخوود کەسێکی دیکەی ناکان.

ئەو باسی لەوەش کرد چوار ساڵە بە بێ کێشە لە کۆکردنەوەی کۆمەک بەردەوامن. بەڵام دووبارە ئەتروشی وەک نمونە جەخیت لەسەر جیاوازییەکان کردەووە و دەڵێت.

    ئێمە بۆ لێقەوماوانی بومەلەرزەکەی ڕۆژهەڵات لەماوەیەکی زۆر کەمدا توانیمان ١٠٠ هەزار کرۆن کۆ بکەینەوە. بەڵام ئەوە مانگێکە لەهەوڵی کۆکردنەوەی کۆمەکداین بۆ کوردانی عەفرین، هەتاوەکو ئێستا نزیکەی ٢٠ هەزار کرۆنمان کۆکردۆتەوە.

درێژەی هەواڵ
به‌روار:  28/03/2018
522   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   563
کۆی سه‌ردان:   29229418