مالمۆ لەسەر یاسای نیشتەجێبوونی پەنابەران داوای ڕوونکردنەوە دەکا
سەرۆکایەتی کۆمۆنی مالمۆ داوا لە حکوومەت دەکەن کە یاسای نیشتەجێبوونی پەنابەران ڕوون بکەنەوە.


کاترین خانفێلد یامە بەڕێوەبەری سەرۆکایەتیی کۆمۆنی مالمۆ دەڵێت ئاگامان لێیە چەند کۆمۆنێک لەوانەی کە بە مێژووی پەنابەریی کەمترین بەرپرسێتییان گرتۆتە ئەستۆ، ئێستا و بەهۆی ئەم یاسایەوە لە فرسەتێک دەگەڕین دوای ئەو دوو ساڵە کە لەلایەن حکوومەتەوە ناچار کرابوون کۆنتراکتی خانوو بدەنە پەنابەران، لێیان بسەننەوە.

جێی باسە لە یەکی ئەم مانگەوە کۆمۆنەکانی سوید مافی ئەوەیان هەیە کە ئەو کۆنتراکتە دوو ساڵییەی بۆ پەنابەرە تازەهاتووەکانیان بەستبوو هەڵبوەشێننەوە.

ئەمە دوای ئەوەی کە لە مانگی مارسی ساڵی 2016 دا یاسایەکی نوێ خرایە کار کە بەو پێیە هەموو کۆمۆنەکان ناچار کران بۆ ماوەی دوو ساڵ کۆنتراکتی خانوو بدەنە پەنابەرە تازەهاتووەکان. ئەویش دوای هاتنی ژمارەیەکی زۆر لە پەنابەران بوو لە ساڵی 2015دا بۆ سوید.

ئێستا دوو ساڵ بەسەر ئەو کۆنتراکتەدا تێ پەڕیوە و کۆمۆنەکان بۆ نموونە کۆمۆنی لیدینگۆ داوا لە پەنابەران دەکەن کە ئەو خانوانەی جێ بهێڵن و خۆیان بچن خانوو بدۆزنەوە.

کۆمۆنی مالمۆ لە هەڵوێستی هەندێک کۆمۆنی وەک ڤێلینگێ، ستافانتۆرپ و لیدینگپۆ پەستن کە پێشتر پەنابەریان وەرنەگرتووە، ئێستا کە بە زۆری حکوومەت پەنابەریان بەسەردا دابەش کرا، دەبێت بە ئەرکی خۆیان هەستن، بەڕای کۆمۆنی مالمۆ. 

- کاترین خانفێلد یامە دەڵێت ئەو کۆمۆنانەی پێشتر پەنابەری بۆ نەچووە، هەلومەرجی باشتری تێدایە بۆ پەنابەرە تازەهاتووەکان بۆ ئەوەی زمانی سویدی فێر بن و بە کۆمەڵگەی سویدی ئاشنا بن.

 خانفێلد یامە دەڵێت ئەگەر ئەو پەنابەرانە بە بیانووی تەواوبوونی دوو ساڵ کۆنتراکتی خانووەکەیان دەربکرێن ئەوا ڕوو لەو کۆمۆنانە دەکەن کە پێشتر ژمارەیەکی زۆر پەنابەریان وەرگرتووە، یاخود دیاردەی بەکرێدانی خانوو بە ڕەش یاخود نایاسایی زیاد دەبێت، یاخود دەچن لەگەڵ خێزانی دیکەدا دەژین و ئەوەش هەلومەرجی ژیانیان خراپ دەکات. بۆ نموونە پرۆسەی ئاشنابوون بە کۆمەڵگەی سویدی و دوا دەکەوێت و تووشی دابڕان و کێشەی کۆمەڵایەتیی دێن. 

بۆ گەیاندنی ئەم سەرنجانە سیاسەتمەدارانی شاری مالمۆ نامەیەکیان بۆ وەزیری بازاڕیکار و دامەزراندن، یلڤا یوهانسۆن ناردووە و داوا دەکەن یاسای هەڵوەشاندنەوەی کۆنتراکتی دووساڵەی خانوو بۆ پەنابەرە تازەهاتووەکان پێداچوونەوەی بۆ بکرێت.

گوێ لە ڕاپۆریە دەنگیەکە بگرە
به‌روار:  22/03/2018
1093   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   512
کۆی سه‌ردان:   29219769