سوید گەشتە ئاسمانیەکانی بۆ کوردستان ناکاتەوە

بڕیارەکەی دوێنێی حکوومەتی عێراق هیچ لە بارودۆخی پەیوەندییە ئاسمانییەکانی نێوان سوید و کوردستان ناگۆڕێت، بەڕێوەبەرایەتیی گواستنەوە بۆ بەشی کوردیی ڕادیۆی سوید دەڵێت.

- سیمۆن پۆسلوک بەرپرسی یەکە لە بەشی هاتووچۆی ئاسمانی و دەریای لە بەڕێوەبەرایەتیی گواستنەوە (Transportstyrelsen) دەڵێت، هەرچەندە عێراق بڕیاری کردنەوەی هێڵە ئاسمانییەکانی کوردستان بدات بۆ ئێمە هێشتا هۆکار هەیە کە نەتوانین هێڵەکان بەرووی کوردستاندا بکەینەوە.


بۆ نموونە یەکێک لەو ڕێنماییانەی کە نووسینگەی پرسی ئاساییش لە یەکییەتیی ئەوروپا کە تایبەتە بە فڕینەکان بە ڕووی عێراقدا، هەروەها ئەو لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندنانەی لەسەر بارودۆخی ئاساییش و مەترسییەکان لەسەر فڕین لەو ناوچانەدا هەن.

جگە لەوانە ئەو هۆشدارییانەیە کە تورکیا سەبارەت بە فڕین لە سنوورەکانی باکوری عێراق ڕای گەیاندووە کە فڕۆکەی مەدەنی نابێت بەو سنوورەدا تێ بپەڕێت، ئەمەش بەرگرە لە ئەنجامدانی گەشتی ئاسمانی لەو ناوچانەدا.

جێی باسە زیاد لە ساڵیکە سوید گەشتە ئاسمانییەکانی لەگەڵ کوردستان بۆ ماوەیەکەی نادیار وەستاندووە و ئەو کات بەڕێوەبەرایەتیی گواستنەوە ڕایان گەیاند کە بەهۆی ئاڵۆزیی بارودۆخیی ئاساییشیی ناوچەکەیە، جا ئێستا و کە دوێنێ حکوومەتی عێراق بریاری کردنەوەی فڕۆکەخانەکانی کوردستانی دا ویستمان هەڵویستی سوید سەبارەت بە گشتەکانیان بۆ کوردستان بزانین.

لە سیمۆن پۆسلوک دەپرسم ئێستا بارودۆخی ئاساییش لە عێراقدا تا ڕادەیەک سەقامگیرە و شەڕی داعش کۆتایی هاتووە، ئایا ئیتر کاتی ئەوە نەهاتووە هەڵسەنگاندنێکی نوێ بۆ بڕیارەکەتان بکەنەوە.

- ئێمە بەردەوام لە بارودۆخی ئاساییشی ئەو ناوچەیە دەکۆڵینەوە و یارمەتی لەو ڕێکخراوە ئەوروپییانەش وەردەگرین کە لەم پرسەدا شارەزان، ئەوەی دەیزانین ئەوەیە کە لە ماوەی ئەم بەهارەدا سەرەی هەڵسەنگاندنێکی نوێیە.

ئێمەش سەیری دەرئەنجامی ئەو لێکۆڵینەوە نوێیانە دەکەین و بەردەوام چاودێریی دۆخەکە دەکەین. سیمۆن پۆسلوک لە دەستگەی گواستنەوە دەڵێت بێگومان ئێمەش لەماوەی ئەم بەهارەدا هەڵسەنگاندنێکی نوێ بۆ بارودۆخەکە دەکەین.

گوێ لە ڕاپۆرتەکە بگرە
به‌روار:  14/03/2018
1512   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   1378
کۆی سه‌ردان:   29265709