زۆربەی سویدییەکان پارە کۆناکەنەوە

ئەگەر بێکاریی یاخود خەرجییەکی کتوپڕ بێتە ڕێی نیوەی دانیشتووانی سوید تووشی قەیرانی ئابووری دێن.

ماڵی سپی بۆ ڕۆژی ڕەش بە لای زۆرینەی سویدییەکانەوە پشتگوێ خراوە و نیوەی سویدییەکان باکیان بە پاشەکەوت نییە. بۆ نموونە دایکوباوک هەیە، بەتایبەت ئەوانەی کە بەتەنها ئەرکی بەخێوکردنی منداڵیان لەسەر شانە، پارەی ئەوەیان نییە پێلاوی زستانە بۆ منداڵەکانیان بکڕن، یان هەندێک لە ئەندامانمان ناتوانن بچن بۆ لای دکتۆری ددان. کرستینا ئولسۆن وتەبێژیی کۆمەڵەی (Sveriges makalösa föräldrar ) بۆ ڕادیۆی سوید دەڵێت.

لەلایەکی دیکەوە و بە پێی لێکۆڵینەوەیەکی بانکی (SBAB) یەک لە سێی ئەو کەسانەی لەو بانکەدا ئەندامن کەمتر لە 50 هەزار کرۆن لە کۆنتۆکانیاندا هەیە. ئەمە لە کاتێکدایە کە بەهۆی برەوی بازاڕی خانووبەرە و بۆرسە ژمارەی ملیۆنێر و ملیاردێرەکان لە سویددا زیادی کردووە، کەچی نیوەی دانیشتووانی سوید هیچ جۆرە پاشەکەوتێکیان بۆ ڕۆژی ڕەش نییە.

دانیێل ڤالدەنسترۆم پرۆفێسۆر لە بواری ئابووری نەتەوەییدا دەڵێت ئەو کەسانەی لە ماوەی ئەم پێنج ساڵەی دواییدا نە خانوویان کڕیوە و نە پشکیان لە بانکدا هەیە لەو بازاڕە گەرمەی ئابووریدا بێبەش بوون و خۆشیان پارەیان پاشەکەوت نەکردووە.

جا ئەو کاتەی کە لە داهاتوودا برەوی بازاڕ سارد دەبێتەوە گرنگە خەڵکی ئامادەیی ئابوورییان بۆ ئەو بارودۆخە هەبێت بەڵام بەپێێ ئەو بەدواداچوون و زانیارییانەی لە بواری پاشەکەوتی هاوڵاتییاندا کراوە نیوەی دانیشتووانی سوید بە پێی پێویست پاشەکەوتیان نییە، ئەمە ئەو کەسانەش دەگرێتەوە کە مووچەیان بەرزە.

نموونەیەک ئەو کرێکار و کارمەندانەی (Trollhättan)ە کە بەهۆی مایەپووچبوونی کارگەی بەرهەمهێنانی ئوتومبیلی (Saab) چەند ساڵێک لەمەوبەر لە کارەکانیان دەر کران، نزیکەی لە سەدا 25یان سەرباری ئەوەی بە مووچەیەکی بەرز کاریان کردبوو ئەو کاتەی بێکار بوون دوای دوو هەفەتە ناچار قەرزیان کرد تا بژێوییان هەڵبسوڕێنن. ڕیکارد یوسفسۆن بەڕێوەبەری گشتیی لە بانکی (Nätbanken) دەڵێت.

هەروەها دەڵێت کە زۆرینە نازانن کە بیمەی بێکاریی و هەموو سیستێمی بیمەی کۆمەڵایەتیی لە ماوەی ئەم 30 ساڵەی دواییدا چەندە گۆڕاوە و خراپ بووە، جا ئەو کاتەی تووشی بێکاریی یاخود ناچار بە خەرجییەکی زیادە لە ژیانیاندا دەبن ئەو کات هۆشیان دێتەوە و دەڵێن دەبوا ئەو کاتەی مووچەی باشم هەبوو پاشەکەوتم بکردایە.

گوێ لە ڕاپۆرتەکە بگرە
به‌روار:  05/03/2018
872   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   765
کۆی سه‌ردان:   29260672