سێ کورتە چیرۆك ... فەتاح حەسەن


قڕوقەپ

ژنەکەی لەخۆی بەتەمەنتر بوو، کاتی خۆی چاوی لەو میراتییە زۆر و زەبەندە بوو کە لە باوکییەوە بۆی جێمابوو، کەم شەو بەدڵی خۆی سێکسی لەگەڵدا دەکرد، شەر بووبوو بە نانیان بووبوو بە ئاویان، بۆ ئەوەی خۆی دامرکێنێتەوە پەنای برد بۆ ئەو گەڕەکەی هەر جۆرە ئافرەتێکی بوێت دەستی دەکەوێت، ڕۆژی هەینی بوو بەماڵێکیان ئاشنا کرد ، دوای ئەوەی پارەکەیان لێوەرگرت ، دەرگای ژورێکیان بۆ کردەوە گووتیان چاوەڕوان بە، پاش ئەوەی خۆی دەشوات دێتە خزمەتت، لەسەر سیسەمەکە ڕاکشابوو گوێی بەدەنگی درگاگەی زرنگایەوە، چی ببینێت، ( .. ) تاقە خوشکەکەی بە ڕۆبێکی حەمامەوە سەرتاپای دامانی هاواری دەکرد سێکس، توشی شۆك بوو، ، ئەبڵەق ئەبڵەق چاوی تێدەگێڕا، زمانی لەگۆ کەوتبوو، خوشکەکەی زۆر بەهێمنی لەسەر نووکی پێ دەرگای کانتۆرەکەی کردەوە دوو گەڵا و ناونیشانێکی بۆ خستە سەر سیسەمەکە، بەبێزارییەکەوە گووتی :- دەتوانیت لە حەفتەیەکدا دووجار لەو ناونیشانە ئاڵۆشی خۆت دامرکێنیتەوە،ماڵی باوکم کاول بێت، فێری ئەم پیشەیەی کردم.

باوەپیارە

باوەپیارە گورگەکەی کەڵبەی چەقاندە لاشە سفت و سۆڵەکەی و ئاڵۆشی خۆی پێدامرکاندەوە، تا چاوەڕوانی ئەو پارەیە نەبێ کە باوەپیارەکەی، هەرکاتێک هەوەسی دادەمرکایەوە وەکو ئێسقان بۆی فڕێدەدا، چێژفرۆشی کردە پیشە، هەرچۆن هەموو شتێك سنوری خۆی هەیە هەروەها ( ڤیاگرا ) ش، بەڵام کەڵتکۆنی وەك ئەو ئەقڵی لە ناوگەڵیدابوو، سەرەنجام کەنەفتی سەرجێگەی کرد،هێندە کەسێکی هەستیار بوو، بەبێ باوەپیارە کەنەفتەکەی پاروی چەور نەدەچوو بەقوڕگیدا، هەربۆیە سێ ژەمە لەماڵەوە خواردنی دەخوارد و پاروشی دەکرد بەدەم زاڵمەکەوە، ئەویش لەگەڵ هەر پاروویەکدا ئاواتی بە مردن دەخواست.

تاکسی

نزیکەی چارەکێك بەدەم قاوە خواردنەوەوە ، وەڵامیان بە پرسیار گرێدەداو پرسیار دوبارە دەبۆیەوە، سەرەنجام لەسەر ئەوە رێککەوتن کە بڕۆن بۆ شوقەی پیاوەکە، دەستی لەتەکسییەك بەرزکردەوە، ژنەکە گووتی :- دەست داگرە شوقەکەت دوور نییە لێرەوە، ئەو پارە زیادەیە بۆ دەدەیت، بەتایبەتی شەوانە تاکسی گرانتریشە. دەستی داگرت،وەڵامی پرسیارێکی دیکەی دایەوە و تاکسییەکی ڕاگرت، جزدانەکەی کردەوە و پارەی شۆفێرەکەی دا، شەو شادی لێکرد، ئەویش وەك ئامبولانس بئاژوێ تا هێزی تیادابوو پێی نا بەبەنزینا،پیاوەکە دەستیدا بەیەکداو گووتی:- جزدانەکەم ..!!

ژنەکە لەسەرشۆستەکە وەك عەموودچەقی:-

( بەز بێت و بکەوێتە دەمی پشیلە )

پێکەوە شەویان ڕۆژکردەوە، بەیانییەکەی سەد پارەیەکی خستە سەر مێزی تیڤییەکە و بەماچێکی پڕ لەسۆز و بەزەیی پیاوەکەی بەتەنها لە شوقەکەدا بەجێهێشت.

فەتاح حەسەن

دانیمارك / ڤالبی
به‌روار:  05/03/2018
534   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   481
کۆی سه‌ردان:   29233644