ئاگاداری و هەواڵێك لە سلێمانییەوە
مالمۆکورد
 

سەندیكای رۆژنامەنوسان: ئاگاداری بڵاوكردنەوەی هەواڵی شەمشەمەكوێرە بن

          

سكرتێری لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان ئاگاداریەك ئاڕاستەی رۆژنامەنووسان و كەناڵەكانی راگەیاندن دەكات و رایدەگەیەنێت.. ئاگاداری بڵاوكردنەوەی ئەو هەواڵانە بن كە بەم دواییەوە لەسەر هێلانەی شەمشەمە كوێرە لێرەو لەوێ بڵاودەبنەوە.

ماوەیەكە هەواڵێك لەسەر تێكدانی هێلانەی شەمشەمە كوێرە و گرانبەهایی ماددەیەك لە لیكەكەیدا تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی تەنیوە، هەندێكیش لە هاووڵاتیان بێ گوێدانە راستی و دروستی هەواڵەكە بە دوای شەمشەمە كوێرەو هێلانەكانیانەوەن تا وێرانو خاپووری بكەن، بەمەش مەترسی بۆسەر تێكدانی هاوهێزی سروشت و ژیانی شەمشەمە كوێرەكان و لەناوچوونیان هەیە.

 

لەو بارەیەوە كاروان ئەنوەر سكرتێری لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ PUKmedia رایگەیاند: سەبارەت بەو دەنگۆیانەی ماوەیەكە لە هەندێك كەناڵ و بەتایبەت تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوبوونەتەوە، كە تێكدانی هێلانەی شەمشەمە كوێرەیە، ئێمە وەك لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان ئەم روونكردنەوەیە ئاڕاستەی سەرجەم كەناڵەكانی سنوری لقەكەمان دەكەین  ئاگاداری بڵاوكردنەوەی ئەو جۆرە هەواڵانەبن چونكە ئامانج و سەرچاوە نادیارن..

وتیشی: پێویستە رۆژنامەنووسان بەرپرسانە مامەڵە بكەن و بەبێ بوونی بەڵگەو بێ گوێدانە ژەنرەكانی هەواڵ ومەرجی دروستیی دارشتنی جۆری هەواڵ و پرەنسیپەكانی كاركردن هیچ جۆرە هەواڵێك بڵاونەكەنەوە، بۆیە رووی دەممان دەكەینە سەرجەم كەناڵەكانی راگەیاندن و ئاگاداریان دەكەین بەبێ بوونی سەرچاوەیەكی راست هیچ هەواڵێكی لەوجۆرە بڵاونەكەنەوە، چونكە بۆی هەیە ئەو هەواڵە مەبەستێكی لەپشتەوە بێت جا ئەگەر نهێنی بێت یاخود سیاسی.

 لەكۆتایشدا كاروان ئەنوەر وتی: هەر كارێك لەسەر ئەم بابەتەی شەمشەمە كوێرە كراوە، وەك ئەوەی ڤێرتێرنەری روونكردنەوەی لەسەر داوە هیچ بنەمایەكی نییەو دوورە لە راستییەوە.

 

@@@@@@@@@@@@@@@@@@@@@@@@

 

 

سەندیكای رۆژنامەنووسان و رێكخراوی (DCO) رادیۆكانی سلێمانیان كۆكردەوە

                                                            

سەرلەبەیانی رۆژی 27/2/2018 لە هۆڵی (DCO  رێكخراوی دیالۆگ و كولتوور) لە شاری سلێمانی ژمارەیەك لەبەرپرس و نوێنەری رادیۆكان دانیشتنێكیان سازدا..

لە خوانێكی بەیانیدا بەبۆنەی رۆژی جیهانیی رادیۆوە هەریەك لە لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان و رێكخراوی دیالۆگ و كولتوور  كۆبوونەوەو دەمەتەقیێیەكیان بۆ ژمارەیەك لە رادیۆكانی شاری سلێمانی رێكخست.. بارودۆخی میدیایی و كێشەی رادیۆكانیان باسكردو باس لەو هەنگاوانە كران كە بەنیازن لەداهاتوودا ئەنجامی بدەن..بەرپرسی رادیۆكان خۆشحاڵی خۆیان بەم دیدارو یەكترناسینانە دەربڕی كە لقی سلێمانی و رێكخراوی ناوبراو لەگەڵ كەناڵەكانی میدیادا ئەنجامی دەدەن، پێشتریش بەمەبەستی رێزگرتن لە ماندوو بوون و شەونخوونی میدیاكارانی نێو كەناڵەكانی تەلەفزیۆن ئێوارە خوانێكیان بۆ بەرپرسو كارمەندانی تیڤیەكانی سلێمانی رێكخستبوو..

 
به‌روار:  28/02/2018
864   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   91
کۆی سه‌ردان:   29286150