ڕاگەیەندراوی پەیەدە لەسەر دەستگیرکردنی ساڵح موسلیم
ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان

 

پەیەدە ڕاگەیەندراوێکی لەسەر دەستگیرکردنی ساڵح موسلیم لە وڵاتی چیک بڵاوکردەوە و جەختی کردەوە، دەستگیرکردنی ساڵح موسلیم هیچ پاساوێکی یاسایی نییە و دەبێت بەزووترین کات ئازادبکرێت.

 

ئێوارەی ئەمڕۆ، هاوسەرۆکایەتیی پارتی یەکێتی دیموکرات-پەیەدە، لەسەر دەستگیرکردنی ساڵح موسلیم، هاوسەرۆکی پێشووی پەیەدە و بەرپرسی ئێستای پەیوەندییەکانی دەرەوەی تەڤگەری کۆمەڵگای دیموکرات تەڤ-دەم لە پراگ-ی پایتەختی چیک، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

 

لە سەرەتای ڕاگەیەندراوەکەی پەیەدە-دا هاتووە: دوای ئەوەی کە ئیرادەی ئازادی گەلانی باکور سوریا و بەتایبەت عەفرین، دەوڵەتی تورک شکاند، دەوڵەتی تورک ڕێبازی پیس دژی ئەو کەسایەتییانە دەگرێتەبەر، کە ڕۆڵیان لە شەڕی دژی تیرۆر هەبووە، هەوڵەکانیشی بۆ دەستگیرکردنی ساڵح موسلیم، دەریخست کە هەموو پێوان و یاساکان لەپێناو ئەو کارانەیدا پێشێل دەکات.

 

ئەوەش هاتووە: ساڵح موسلیم کاتێک هاوسەرۆکی پەیەدە بوو، ڕۆڵی هەبوو لە پێشکەشکردنی چارەسەریی سیاسیی لە کێشەکانی سوریادا، پرۆژەی دیموکراتی باکوری سوریای پێشکەشکرد، بۆ ئەوەی ببێتە نموونەی سوریایەکی دیموکرات و هەموو هاوڵاتییەک بەپێی پێوانە نێودەوڵەتییەکان، ئازاد و شەرەفمەندانە بژی.

 

لەبەشێکی دیکەی ڕاگەیەدنراوەکەدا، پەیەدە ڕایگەیاندووە: حکومەتی ئاکەپە ئێستا دەیەوێت تۆڵەی خۆی لەو لایەنانە بکاتەوە کە شەڕی تیرۆریستانی داعش-یان کردووە، لەوچوارچێوەیەدا بە بیانووی جۆراوجۆر، هەوڵی دەستگیرکردنی ئەو کەسایەتییانەش دەدات کە هاوڵاتی تورکیا نین، وەک سەرەتایەکیش، لەسەر داوای دەوڵەتی تورک، بەبێ هیچ پاساوێکی یاسایی، ساڵح موسلیم لەلایەن حکومەتی چیک-ەوە دەستگیرکرا.

 

هەر لە ڕاگەیەدنراوەکەدا، پارتی یەکێتی دیموکرات-پەیەدە، ڕاگەیاندووە: ئێمە ئەو کارەی حکومەتی چیک شەرمەزار دەکەین، پێمان وایە کە دەبوو دەوڵەتی چیک لەبەرەی ئازادیخوازان و ئەو کەسایەتییان بووایە، کە داوای دیموکراسیی دەکەن و بەڕۆڵی پێشگرتن لە بڵاوبوونەوەی تیریر هەستایە، کە دەوڵەتی تورک هەوڵدەدات لە ئەوروپا بڵاوی بکاتەوە، داواش لە دەوڵەتی چیک دەکەین، کە لەگەڵ ئازادکردنی ساڵح موسلیم، لەبەرامبەر ئەو کارە نایاساییەدا داوای لێبووردن بکات.

 

پەیەدە داواشی لە کوردانی نیشتەجێی ئەوروپا کرد: ئەو کارانە بە ڕێگای دیموکراتی شەرمەزار بکەن و ئەرکی ئەخلاقیی و مرۆڤدۆستیی خۆیان هەستن و ئەم کەسایەتییە نیشتمانییە ئازاد بکەن.
به‌روار:  26/02/2018
629   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   315
کۆی سه‌ردان:   29232219