لە سوید دادگایکردنی ئەکیلۆڤ دەستی پێ کرد
دادگایکردنی گومانلێکراوی هێرشە تیرۆریستییەکەی ستۆکهۆڵم ڕحمەت ئەکیلۆڤ ئەمڕۆ دەستی پێ کرد. ئەم دادگایکردنەش لە مێژووی سویدا بە یەکێک لە گەورەترین دادگایی دادەنرێت.

نزیکی سەعات 9 ی ئەم پێشنیوەڕۆیە ئەکیلۆڤ بە دەستی کەلەپچەکراو و دەستێ جلی سەوزە کە جلی تایبەت بە زیندانییانی دەستگەی چاودێریی تاوانکارانە برایە نێو هۆڵی دادگا. دواتر ئەو خاڵانەی بۆ خوێندرایەوە کە لەسەری دادگایی دەکرێت. ئەکیلۆڤیش سەری داخستووە و گوێی لە وەرگێرەکەی گرتووە.

یەکێک ئەو خاڵانەی کە ئەکیلۆڤی لەسەر دادگایی دەکرێت تاوانی تیرۆریستیی و هەوڵی کاری تیرۆریستی و نانەوەی مەترسی بۆ گیانی کەسانی دیکە. سەرجەم 155 کەس داوایان لەسەر ئەکیلۆڤ تۆمار کردووە.

بەپێی ئەو وەسفەی ڕاپۆرتوانی ڕادیۆی سوید دەیگوازێتەوە ئەکیلۆڤ لە ماوەی دەستبەسەرییەکەیدا لەڕ و لاواز بووە و ڕیشی هاتووە.

داواکاری گشتیی هانس ئیرمان لە ماوەی دادگاییەکەدا پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ جگە لەو خاڵانەی کە ئەکیلۆڤی لسەر دادگایی دەکرێت چەند وێنە و فیلم هەروەها دەنگی تۆمارکراوی پەیوەندیی هاوڵاتییان بە دەستگەی فریاگوزارییەوە نیشان دا. یەکێک لەو دەنگانە هاوڵاتییەکە کاتی ڕووداوەکە لە شەقامی درۆتنینگگاتانەوە پەیوەندی بە دەستگەی فریاگوزاریی خێرا (SOS Alarm) وە دەکات.

ئەم دەنگ و فیلمانەی کاتی ڕووداوەکە هاوار و گریانی خستە نێو ئامادەبوانی دادگاییەکە.

داواکاری گشتیی هەروەها وێنەی ئەو چات و پەیوەندییانەشی نیشانی ئامادەبووان دا کە لە نێو موبیلتەلەفۆنی ئەکیلۆڤدا دۆزراونەتەوە، بۆ نموونە پەیوەندیی ئەکیلۆڤ لەگەڵ تۆڕێکدا کە پەیوەندیی بە گرووپی تیرۆریستیی داعشەوە هەیە. تێیدا هاتووە کە ئەکیلۆڤ ئامادەیی نیشان داوە بۆ ئەنجامدانی کاری تیرۆریستی لە ستۆکهۆڵم.

ڕەحمەت ئەکیلۆڤ لە لە زاری پارێزەرەکەیەوە یوان ئێریکسۆن دەڵێت کە هیچ لارییەکی لەو خاڵانە نییە کە لەسەری دادگایی دەکرێت و ئەوەی کە داواکاری گشتیی لەسەری تۆمار کردووە وایە، بەڵێ ئەکیلۆڤ ئوتومبیلە بارهەڵگرەکەی لێخوڕیوە ڕێک بەو شێوەیەی کە داواکاری گشتیی باسی لێ دەکات.

هەروەها کە بۆتە هۆی کوشتنی پێنج کەس و بریندارکردنی 10 کەسی دیکە. بەڵام ئەکیلۆڤ دان بەوەدا نانێت کە هەوڵی کوشتنی هەموو ئەو سەد کەسەی دابێت کە داواکاری گشتیی وەک قوربانیی ڕووداوەکە باسی کردوون.  

جێی باسە دادگاییکردنەکەی ئەکیلۆڤ لە ئەمڕۆوە هەتاوەکو سێ مانگی دیکە بەردەوام دەبێت. هەروەها چاوەڕوان دەکرێت لە مانگی پێنجدا دادگا بریار بدات ئاخۆ ئەکیلۆڤ تاوانبارە بە کاری تیرۆریستی یان نا.

گوێ لە ڕاپۆرتەکە بگرە
به‌روار:  14/02/2018
574   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   1239
کۆی سه‌ردان:   29265831