دەیان هەزار کەس لە شەنگال و جزیرە و ڕەقە و کۆبانێ گەیشتنە عەفرین


ڕۆژئاوای کوردستان پێچەوانەی ڕەوتی ئاو مەلە دەکات. ڕەنگە مێژووی جەنگ هەرگیز ئەم دیمەنانەی بەخۆیەوە نەبینیبێت. هەموو جەنگەکان تا ئێستا بوونەتە هۆی کۆچی بەکۆمەڵ و ئاوارەبوونی بەلێشاوی هاوڵاتیانی مەدەنی، بەڵام جەنگی عەفرین نمونەیەکی ناوازەی لە مێژووی جەنگەکاندا تۆمارکرد.

دوای ١٨ ڕۆژ لە دەستپێکردنی هێرشی تورکیا و گروپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا بۆسەر عەفرین، نەک تەنها هاوڵاتیانی مەدەنی عەفرین ناوچەکانی خۆیان جێنەهیشتووە، بەڵکو هەزاران هاوڵاتیی مەدەنی لە شەنگال و کانتۆنەکانی جزیرە و کۆبانێوە، بۆ پشتگیریکردن لە شەڕڤانان خۆیان گەیاندووەتە کانتۆنی عەفرین.

بەپێی میدیاکانی نزیک لە پەیەدە، ئەو هاوڵاتیانەی بۆ پشتگیری لە شەڕڤانان چوونەتە عەفرین، شەوی دوو شەممە بە نزیکەی هەزار پاس لە کۆبانێوە گواستراونەتەوە بۆ عەفرین.

بەشێک لە چاودێرانی دۆخی سوریا پێیانوایە چوونی هاوڵاتیانی ناوچەکانی دیکە بۆ پشتگیریکردن لە عەفرین لە چەند ڕوویەکەوە کاریگەریی گەورەی لەسەر جەنگی عەفرین دەبێت.

یەکەم: ورەی شەڕڤانانی یەپەگە و دانیشتوانی عەفرین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سوپای تورکیا و گروپە چەکدارەکان بەرزتر دەکاتەوە، بە پێچەوانەشەوە ورەی سوپای تورکیا و گروپە چەکدارەکان دەڕوخێنێت، ئەوە لەکاتێکدایە دوای ١٨ ڕۆژ لە دەستپێکردنی جەنگ هێشتا سوپای تورکیا و گروپە چەکدارەکان نەیانتوانیوە پێشڕەوییەکی ئەوتۆ بکەن و ڕۆژانە میدیا جیهانییەکان باس لە شکستی ئۆپراسیۆنەکەی تورکیا دەکەن لە عەفرین.

دووەم: چوونی هاوڵاتیانی مەدەنی بۆ عەفرین، کە ڕۆڵی قەڵغانی زیندوو دەبینن، دەبێتەهۆی ئەوەی سوپای تورکیا و گروپە چەکدارەکان نەتوانن بە ئاسانی بۆردومانی بکەن، بەوپێیەی هەرکاتێک سوپایەک هێرش دەکاتە سەر شارێک، سەرەتا چاوەڕێ دەکات خەڵکی مەدەنی شارەکە چۆڵ بکەن بۆئەوەی بە ئاسانی بتوانن بۆردومانی بکەن.

سێیەم: لە ئەگەری بەردەوامیی بۆردومانەکانی سوپای تورکیا، ئەگەری گیانلەدەستدانی هاوڵاتیانی مەدەنیش زیاتر دەبێت، لەو حاڵەتەشدا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ڕای گشتی لە بەرژەوەندی عەفرین دەجوڵێت و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ناچاردەبێت هەڵوێستی هەبێت، هەروەک چۆن لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە وڵاتانی ڕۆژئاوا خەریکە ڕای گشتی لە بەرژەوەندیی کورددا زیاتر دەجوڵێت، ئەمەش بە زیانی سوپای تورکیا و گروپە چەکدارەکان تەواودەبێت.

چەند ڕۆژێک لەمەوبەر ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند، عەفرین چۆڵبووە و کەسی تێدا نەماوە، لەوکاتەدا چاودێرانی دۆخی سوریا ئەو قسەیەی ئەردۆغانیان بەوە لێکدایەوە کە تورکیا دەیەوێت ڕای گشتی ئامادە بکات بۆئەوەی بە شێوەیەکی چڕتر عەفرین بۆردومان بکات، بەڵام بە وتەی بەشێک لە چاودێران خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی دانیشتوانی عەفرین و چوونی هاوڵاتیانی مەدەنی ناوچەکانی دیکە بۆ عەفرین، ئەوەندەی دیکە کاری سوپای تورکیای لە عەفرین قورستر کرد.

نالیا
به‌روار:  06/02/2018
599   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   340
کۆی سه‌ردان:   29253418