شاهۆ کەریمی: هەڕەشەی دەست دڕێژیان لە خۆم و خوشکەکەم کرد/ شایەدنامە
مالمۆکورد

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان بە لەبەر چاوگرتن ئەوەی کە زۆرێک لە هاوڵاتیانی رۆژهەلاتی کوردستان لە لایەن حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران دەسبەسەر و بەند کراون زۆربەی بەند کراوەکان ئەشکەنجە وئازار دراون، لە هەوڵ دایە بە کۆکردنەوەی شایەد نامەی ئەو کەسانە دەنگی هەڵبرێت بۆ کۆمەڵگای جیهانی سەبارەت بە ئاگاداری دان بەکۆمەڵگای نێو دەولەتی لەمەڕ بە ئەشکەنجە وئازارلە گرتووخانەکانی ئێران وبەم جۆرە سەنەدیەتێک(سەلماندن بەبەڵگەوە) چێ بکات.
بۆیە داوادەکات بەندکراوە سیاسیە پێشووەکان یان ئەوانەی کە خۆیان شایەد حاڵی ئەشکەنجە بوون لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئیرانەوە پەیوەندی بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانەوە بکات بۆ سەبت کردنی شایەد نامەکانیان.

شاهۆ کەریمی کوڕی «سانیە و نەجەف» چالاکی سیاسی کورد لەدایک بوی ساڵی ١٣٦٣ی هەتاوی لە شاری مەریوان، لەم شایەد نامەیەدا، باسی چالاکیە سیاسیەکانی و دەست بەسەربون، ئەشکەنجەو زەخت لە سەر خۆی و بنەماڵەکەی لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە دەکات.

ئەم وتووێژە لە بڕواری ٩ی مارسی ٢٠١٦ لە لایەن راپۆرتێری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانەو ئەنجام دراوە و لە بڕواری٢٠١٨.١.١٧ لە لایەن بەرێز شاهۆ کەریمی  پشت راست کراوەتەوە.

دەستبەسەر کردن

ساڵی ١٣٨٤ هەتاوی لەگەڵ کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئیران (کۆمەڵە) دەستم بە خەبات و تێکۆشان کرد. بۆ ماوەی نۆ مانگ پێشمەرگە بووم‎و پاشان گەڕامەوە بۆ مەریوان.
لە ١٥ی سەرماوەزی ساڵی ٨٥ی هەتاوی، لە لایەن ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە (هیوای تاب و محەمەد رووخەندە) لە شوێنی کارەکەم دەسبەسەر کرام.

لەکاتی دەست گیر کردنم لەلایەن یەکێک لە هێزەکانی ئیتلاعاتەوە لە سەرم درابو وە بۆ ماوەی سێ رۆژ لە سەر خۆ چووم‎و کاتێک بە هۆش هاتمەوە خۆم لە ئیتلاعاتی سپای پاسداران دیتەوە. یەکێک لەو کەسانەی لەوێ خۆاردنی بە بەندکراوەکان دەدا، پێی گوتم کە بۆ ماوەی سێ روژ بێ هۆش بووم. خوێنێکی زۆر بە هۆی شکاندنی سەرمەوە جلەکانمی داپۆشی بوو و هەتا ئەو کاتەیش کە گواسترامەوە بۆ بەندیخانەی گشتی شاری مەریوان شوێنەکەی دیار مابوو.

ئەشکەنجە

دوو دەستم لە پشتەوە و پێکانم کەلەپچەیان لێ درا بوو. پێیان گوتم بە هۆی ئەوەوە کە دە مانگە لە ناو (کۆمەڵە) گەراویتەوە و سەردانی ئێمەت نەکردووە دەست بەسەر کراویت‎و لێرەشدا لە سێدارە دەدرێیت. لە دوای گەڕاندنەوەم خۆم تەسلیم نەکردبوەوە، بۆیە بەو شێوە دەست بەسەریان کردم.

لە ژوورێکی تاکەکەسی کە پانتاییەکەی یەک مەتر بۆ یەک مەترو نیو دەبوو ڕاگیرابووم. بە شێوازی جۆراوجۆر (دەرونی ‎و جەستەیی) ئەشکەنجەیان دەدام.

دەیانزانی کە من خوشکە بچوکەکەم زۆر خۆشدەوێت، بەشێوەێک لە گەڵ یەک قسەیان دەکرد کە من بیبیستم. دەیانگوت؛ با خوشکەکەی بێنین‎و دەست درێژی بکەینە سەر، ئەو کاتە هەموو راستیەکان دەدرکێنێت. بۆ چەن جاریش هەڕەشەی دەست درێژی جنسیان لە خۆم کرد. یان هاوڕێیانی منیان بانگهێشت دەکرد و پرسیاریان لێکردبوون، کە چۆن ئەبێ نەیانزانیبێت من لە ناو کۆمەڵەدا بووم‎و خەریکی ئیش بۆ ئەوان بووم.؟!  جگە لە ئەشکەنجەدانی جەستەی بە شێوەی دەرونی ئازاریان دەدام. بەلام بە خۆشحاڵیەوە لە لایەن منەوە هیچیان دەست نەکەوت.

بۆ ماوەی دە ڕۆژ لە ژوورەتاکەکەسیەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتدا بووم‎و دوواتر گواسترامەوە  بۆ بەندیخانەی ناوەندی شاری مەریوان. دوای ئەوەیش کە برامە ناو بەندیخانەی مەریوان، دوو جاری دیکەیش بۆ ماوەی دوو رۆژ بردمیانەوە بۆ ئیدارەی ئیتلاعات‎و لێپرسینەوەیان لێکردم و ئەشکەنجەیش درامەوە. ئەو زانیاریانەی کە دەیانویست زۆرتر ئەوە بوو کە بزانن چ کەسانێک لە مەریوان هاوکاری کۆمەڵە دەکات.

بەندیخانەی مەریوان

ئەشکەنجە دەرونی لە بەندیخانەی گشتی زۆرترە لە ژوورە تاکەکەسیەکان. لە بۆاری هەبوونی مادە سڕکەرەکان و هەروەها نەبوونی مەرجە سەرتایەکانی پاراستنی لەشساغی، خواردنی کەم‎و ناتەندروست (لەلایەن بەندکراوانەوە پێنج ژەمی خواردنمان وەر نەگرت. لەبەر کەمی‎و ناتەندروست بونی خواردنەکە) بۆ نموونە؛ ٢٥کەس یەک مریشکیان دەدا. ئەم بابەتانەی کە گوتم دەبووە هۆی نەخۆشی بەندکراوان و دوای تەواو بوونی سزاکەیش، نەخۆشیەکان هەر دەمێننەوە. ئێستەیش بەو بۆنەوە ئاساری نەخۆشیەکان بە منەوە ماوەتەوە.

بە بۆنەی خۆراکی کەمەوە زەخت کەوتبوە سەر بنەماڵەی بەند کراوانیش، بەندکراو بۆ ژەمەکان لە مارکێتی ناو بەندیخانە شتی دەکڕی تا بتوانێت بەبرسی نەمێنێتەوە. ئەمەیش زەختی خستبووە سەر بنەماڵەی بەندکراوان و ئەبوایت لە دەرەوە پووڵیان بناردایە بۆ رۆڵە بەندیەکەیان. زۆر بەندکراویش هەبوون کە ماڵباتەکانیان توانای ناردنی پارەیان بۆ منداڵەکانیان نەبوو. بڕێک لە زیندانیەکان لە نێو بەندیخانە کاریان دەکرد تاوەکوو بژێوی رۆژانەی خۆی دابین بکات. (کاری نێو بەندیخانە بریتی بوو لە قاپ شوشتن، ئیشی زەنیانەو شت ومەک و کاری دەستی دروست کردن)

مادەی هۆش بەریش لەناو بەندیخانەکان زۆرە و بەئاسانی دەست دەکەوێت. بەبڕوای من شەڕی سپی لەلایەن حکومەتەوە لە بەرانبەر خەڵک بەو شێوەیە بەڕێوە دەچێت. لاوێک کە تووشی مادەی هۆشبەر دەبێت لە کۆمەڵگای خۆی و تێکوشان بۆ رزگاری ئەو کۆمەڵگەیە دادەبڕێت.
لەناو بەندیخانە شروبی میتادۆن دەدەن بە تووشبووانی مادە هۆشبەرەکان تا خومار نەکەون. زۆربەی جار بەندکراوانی دیکە کە ئازاریان هەیە یان بە شێوەیەک نەخۆشن، پێشنیاری ئەو شروبەیان پێ دەکرێت‎و ئەوەیش دەبێتە سەرەتای موعتاد بوون و لە ناوچوون.

ئازارو ئەشکەنجەی بەندکراوانی سیاسی

لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعات و ئیتلاعاتی سپای پاسداران، لە ناو بەندیخانە چەن کەس لە زیندانیانی تاوانە جیاوازەکەن ئەرکدار کرابوون کە زەخت بخەنە سەر بەندکراوانی سیاسی‎و ئازار و ئەزیەتیان بدەن. ئەم کەسانە رۆژانە ئاستەنگیان دروست دەکرد بۆ زیندانیە سیاسیەکان.

یان لەلایەن کەسێک بەناوی (نەورۆزی) کە بەرپرسی پاراستنی ئیتلاعات بوو (حفاظت اطلاعات زندان مریوان) بەندکراوانی سیاسی ئەشکەنجە دەدا. دووجار بە هۆی پروپاگاندە بۆ کۆمەڵە لێدانی منی کرد.
بەندکراوانی مادە هۆش بەریش لەلایەن کارمەندان و نەورۆزییەوە لێیان دەدرا. خۆیان مادەی هۆشبەریان دەهێنایە ناو زیندان‎و دواتر ئەو کەسە کە مادەکەیان پێدابوو، هێرشیان دەکردە سەری و لێیان دەدا. (بەو شێوە دەیانویست بڵێن کە بەرنگاری مادەی هۆشبەردەبنەوە)

دادگایی و دەرکردنی سزا

دوای ١٥رۆژ مانەوە لە بەندیخانەی مەریوان منیان برد بۆ دادگا، دادوەر کەسێک بوو بو ناوی سوڵتان بەخش. ئەم کەسە لە گەڵ ئەندامێکی پلەبەرزی ئیتلاعاتی سپای پاسداران بە ناوی (هیوا تاب) خەڵکی مەریوان، کە دەستی لە کۆشتنی سەدان لاوی کوردا هەبوو. پێکەوە کاریان دەکرد. لەماوەی سێ بۆ پێنج خولەک دادگای کرام بێ ئەوەی پارێزەرم هەبێت. بە ٩ مانگ زیندان سزا درام کە لە دادگای پێداچوونەوە سزاکەم کەمکرایەوە بۆ پێنج مانگ. پێنج مانگەکەم لە بەندیخانە بەسەر بردو ئازاد کرام.

دەستبەسەربوونی دووبارە

دوای ئازاد بوون، لە کارو خەباتی خۆم بەردەوام بووم. تاوەکوو لە ١٨ی خەزڵوەری ساڵی ١٣٨٧ هەتاوی بۆ جاری دووهەم لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر و راگوێزی ژوورەتاکەکسیەکان کرامەوە. ماوەی ٨ رۆژ لە ئیدارەی ئیتلاعات منیان هێشتەوە و دوواتر راگوێزی بەندیخانەی مەریوان کرام. لە لایەن ئیتلاعاتەوە خوشکی بچوکی منیان بانگهیشت کردو لەسەر من لێپرسینەوە بێ رێزی  زۆریشیان پێ کردبوو و لێشیان دابو. بەڵام هیچیان دەست نەکەوتبوو.

ئەم جارە کە گیرام ١٦ مانگ لە زیندان مامەوە. بیرم دێت لە رۆژی ٢٦ی رێبەندان (رۆژی دامەزراندنی کۆمەڵە) پیرۆزبایمان کرد و بە ناو بەندکراواندا شیرینی و شەربەتمان بڵاو کردەوە. لەسەر ئەم کارە لە لایەن بەرپرسی پاراستنی زانیاری زیندان (نەورۆزی) ئازار و ئەشکەنجە درام.

ئازادی و دەرچوون لە وڵات

دوای ١٦ مانگ ئازاد کرام. بەڵام بەردەوام زەخت و گوشار لەسەرم بوو. چەن جاری‎تر بانگهێشتی ئیتلاعات کرامەوە. زۆر ئەشکەنجەیان دەدام. بەشێوەیەک کە چەن جار بە سەر و لووتی شکاو وجلی خوێناویەوە، دەیانناردمەوە ماڵەوە. ژیانی منیان تێک دابوو. بەو بۆنەوە لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٢ رۆژهەڵاتی کوردستانم بە جێهێشت.

کۆتایی

بەندکراوی سیاسی لە زیندانەکانی ئیراندا بە شێوەیەکی نامرۆڤانە لە ژێر ئازار و ئەشکەنجەدا ژیان بەسەر دەبات. بۆ نموونە دەتوانین ئەشکەنجەکانی شوانەی سەید قادر بە بیر بهێنینەوە و یان لە سێدارە دانی مامۆستا فەرزادی کەمانگەر و هاورێیانی، کە هەموومان ئەوە دەزانین چی لە بەندکراوی سیاسی کورد کراوەو دەکرێت. داوام لە ڕێکخراوە مافی مرۆڤیەکان لە جیهاندا ئەوەیە هەوڵ بدەن پێش بە کۆماری ئیسلامی بگرن، تاوەکوو دەست لە ئازار، ئەشکەنجە و لەسێدارەدانی بەندکراوان هەڵبگرێت.

ئێمەیش وەک کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان هەست بە ئازارەکانی ئێوە دەکەین بە هیوای ئەوەی کە رۆژێک جیهانێکمان هەبێت کە پێشێلکاری مافی مرۆڤی تێدا نەبینین، زۆرسپاس.
به‌روار:  05/02/2018
729   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   660
کۆی سه‌ردان:   29231091