نیویۆرک تایمز: تەنها دوو كەس دەتوانن شەڕی عەفرین بوەستێنن
خەندان- خۆشناو حسێن

نووسەرێکی رۆژنامەی نیویۆرک تایمز، لەبارەی لەشكركێشیەکەی توركیا بۆ سەر عەفرین باس لەوە دەکات كە تەنها دوو كەس هەن دەتوانن ئەو شەڕە رابگرن، ئەوانیش رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیاو عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆكی پارتی كرێكارانی كوردستانن.

عەمبەرین زەمان، لە وتارێكدا كە لە رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمەریکی بڵاویکردوەتەوە، سەرنج دەخاتە سەر بەرزبوونەوەی ململانێی نێوان توركیا و كوردەکان بە تایبەت دوای لەشكركێشی سوپای توركیا لە 20 ئەم مانگە بۆ سەر عەفرین و دەڵێت: "یەكینەكانی پاراستنی گەل هاوبەشی سەرەكی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆكایەتی ئەمەریكایە كە کۆنترۆڵی عەفرینیان لەژێر دەستدایە و توركیاش هاوپەیمانی گرنگی ناتۆ-یە".

ئەو نووسەرە ئاماژە بەوەش دەكات كە زۆرێك لە ئەندامانی پەكەكە لە كوردانی سوریا بوون، هەروەها كۆتاییهێنان بە ئاڵوزی پەكەكە لە توركیا، بە شێوەیەكی راستەوخۆ پەیوەندی بە ئاشتی لەگەڵ كوردانی سوریایەوە هەیە، "ئەردۆغان ئەم دۆخەی سەختكردووە و تەنها یەك پیاو دەتوانێت هاوكاری توركیا بكات كە بتوانێت توركیا لەم ئاژاوە دەربهێنێت، ئەویش عەبدوڵا ئۆجەلانە".

"هەرچەندە ئۆجەلان 19 ساڵە لە زینداندایە، بەڵام هێشتا ئەو سەرۆكی پەكەكەیە و دەستپێشخەری گفتوگۆکانی ئاشتی لەگەڵ توركیا لە دەستدایە، وەك چۆن لە ساڵی 2008 ئەردۆغان كە یەكەم سەرۆك وەزیرانی توركیابوو گفتوگۆی نهێنی لەگەڵ پەكەكە ئەنجامدا،" عەمبەرین زەمان وادەنووسێت.

هەروەها لەبەشێکی دیکەی وتارەکەیدا نووسیوویەتی: "پێویستە توركیا و پەكەكە نەوەستن هەتا باجی قورس لەو شەڕەدا بدرێت. ئەردۆغان سەرۆكی هەرە ئازایە لە مێژووی توركیادا، ئەو و عەبدوڵا ئۆجەلان دەتوانن كۆتایی بەم شەڕە بهێنن و پێویستە بۆ ئاگربەست لە ناو توركیا و سوریا دەستبەجێ بگەنە رێککەوتن".

لە کۆتایی وتارەکەیدا، عەمبەرین زەمان داوای كردووە كە دەبێت توركیا پەرلەمانتاران و سەرۆك شارەوانیەكانی كورد ئازاد بكات و گفتوگوكانی ئاشتی سەر لەنوێ دەستپێبەكەنەوە، لە بەرامبەردا دەبێت پەكەكە دەستگیركراوە توركەكان ئازاد بكات و بۆ پێدانی متمانە پێویستە گەریلاكانی لە توركیا بكشێنێتەوە، "بەڵام ئەوەی دیارە ئەردۆغان خواستی بۆ ئاشتەوایی نییە و لەو باوەڕەدایە كە دەبێت كورد بەڕێگای سەربازیی لەناوبەرن، بەڵام کورد لەناوناچن ".

به‌روار:  01/02/2018
3427   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   382
کۆی سه‌ردان:   29248079