ڤیدیۆى شەڕى گوندى خەلیلیان لە عەفرین بڵاوکردەوە
شەڕڤانان لە بەردەوامیى بەرەنگاریى سوپاى تورکیا و گروپە چەکدارەکان بۆسەر عەفرین، لە گوندى خەلیل بەرەنگارى سوپاى تورکیا بوونەوە و ڤیدیۆى ئەو بەرەنگارییەشیان بڵاوکردەوە.
باسل ڕەشید پەیامنێرى ئاژانسى هەواڵی هاوار لە ڕۆژئاواى کوردستان ڕایگەیاند، شەڕى قورس لە نێوان شەڕڤانان و هێزەکانى سوپاى تورکیا و گروپە چەکدارەکانى سەربە ئەنقەرە بەردەوامیى هەیە.
بەپێى ئەو ڤیدیۆیەى لەو شەڕە بڵاوکراوەتەوە، شەڕڤانان بە مووشەک هێرش دەکەنە سەر شوێنى هێزەکانى تورکیا و شەڕڤانانى تریش بە گوندەکەدا لە بڵاوبوونەوە و جێگرتنى شوێنى خۆیاندان.
تا ئێستا ئامارى زیانەکانى تورکیا و هەروەها شەڕڤانان لە شەڕى گوندى خەلیلى سەربە ناوچەى شیا بڵاونەکراوەتەوە.
سوپاى تورکیا لە دوێنێووە بە چڕى ئەو گوندە و دەورووبەرى بە فڕۆکەى جەنگى و تۆپخانە بۆردومان دەکات و لەگەڵ ئەوەشدا سەربازەکانى تورکیا و گروپە چەکدارەکان لەمڕۆوە دەستیان بە هێرشکردنە سەر ئەو گوندە کردووە.
سوپاى تورکیا و گروپە چەکدارەکانى ئۆپۆزسیۆنى سوریاى سەربە تورکیا لە ڕۆژى ٢٠ى کانوونی دووەمی ٢٠١٨وە بە فڕۆکەى جەنگى، فڕۆکەى بێفڕۆکەوان، تانک، تۆپ و هاوەن هێرشەکانیان بۆسەر عەفرین دەستپێکردووە و تا ئێستا بەردەوامیى هەیە.
نالیا
VIDEO
بهروار: 30/01/2018
652 جار خوێندراوهتهوه
|