سوپای تورک لە عەفرین پێشڕەوی نەکردووە پاش هێرشی 10 ڕۆژە
ماوەی ١٠ ڕۆژە عەفرین لەلایەن شەڕڤانانەوە بەرگرییەکی سەختی لێدەکرێت لە بەرامبەر هێرش و پەلامارەکانی سوپای تورکیا و چەکدارە هاوپەیمانەکانییەوە لە ئۆپۆزسیۆنی سوریا.
لەو ساتەشەوە فڕۆکە و تۆپخانەکانی تورکیا لە بۆردومانکردنی هەڕەمەکی عەفرین و دەوروبەری درێغییان نەکردووە، هەربۆیە ڕۆژانە خەڵکی ئەو ناوچەیە و شەڕڤانان شەهید یان بریندار دەبن.
دوایین ڕووداو لە گوندی گیوبەل بوو لە ناوچەی شێراوای عەفرین، کە بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە لەلایەن فڕۆکەکانی تورکیاوە ئەنجامدرا بەهۆیەوە ٨ هاوڵاتی کە پێنجیان ژنن شەهیدبوون و چواری تریش برینداربوون.
بەپێى ڕاپۆرتێکى یونیسێف و سەرچاوەکانى خۆرئاواى کوردستان، سوپاى تورکیا لە بەشێک لە بۆردومانەکاندا، هاووڵاتیان و خانوو و بازاڕەکانى شارەکەی کردووەتە ئامانج.
بەپێى ئامارێکى دەستەى تەندروستیى عەفرین لە یەکەم رۆژی پەلامارەکانی تورکیاوە تائێستا ٨٦ هاوڵاتى شەهید و ١٩٨ ی تر برینداربوون کە زۆربەیەیان ژن و منداڵن.
بێجگە لەوەش پەرستگایەکی مێژوویی سەردەمی ئارامییەکانی لە عەین دارە، کە تەمەنەکەی زیاتر لە سێ هەزار ساڵ دەبێت و دەکەوێتە ناو شاری عەفرینەوە بەهۆی بۆردومانی فڕۆکەکانی تورکیاوە ٦٠% ی خاپوور بووە.
شەڕ و پێکادان لە چەند بەرەیەکی عەفرینەوە درێژەی هەیە و سوپای تورکیا دەڵێت، لە خۆرهەڵاتی عەفرین شاخی بورسایا-ی کۆنتڕۆڵکردووە کە شاخێکی ستراتیژییە و بەسەر شاری کلیس لە باکوری کوردستان و شاری ئەعزاز لە سوریادا دەڕوانێت و ئێستا لەژێر کۆنتڕۆڵی چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریادایە، بەڵام هێزەکانى سوریاى دیموکرات دەڵێن هەموو شاخەکە کۆنتڕۆڵنەکراوە و شەڕ تیایدا بەردەوامە.
شەڕوپێکدادانەکان چەند ناوچەیەکی تری وەک ڕاجۆ لە خۆرئاوا و جەندەریس لە باشوور و قەتمەی لە باکووری خۆرهەڵاتی شاری عەفرین و دەوروبەری گوندەکانی ئەلبیسکێ و عەمەرا گرتووەتەوە و شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژەیش دژە هێرش بۆ سەر تەل قەستەل و شاخی بورسایا ئەنجام دەدەن.
لە دەوروبەری گوندی عەلی بیسکا-ی سەر بە شارۆچکەی ڕاجۆ لە عەفرین، ئێوارەی رۆژی یهكشهممه شەڕڤانانی هێزەکانی سوریای دیموکرات تانکێکی دیکەی سوپای تورکیان تێکشکان کە ئێستا شەڕێکی سەخت بەخۆوە دەبینێت.
بە پێی هەواڵی میدیاکانی خۆرئاواى کوردستان، محەمەد دامیس ناسراو بە ئەبو ڕاکان فەرماندەى چەکدارانى کەتیبەى شام کە بەشێکە لە گروپە چەکدارەکانى ئەحرارى شام، لە هێرشێکی شەڕڤاناندا کوژراوە.
بەپێی ئامارەکانى ڕوانگەى سورى بۆ مافەکانى مرۆڤ، تائێستا لە ئەنجامى شەڕەکانى عەفریندا ٧٨ کەس لە سوپای تورکیا و گروپە هاوپەیمانەکانى کوژراون و لە بەرامبەردا ٦٦ شەڕڤانى یەپەگە شەهیدبوون.
لە ئێستاشدا سوپاى تورکیا ژمارەیەکى تر چەک و سەرباز و زرێپۆشى ڕەوانەی شارى کلیس لە نزیک بەرەکانی شەڕی عەفرین کردووە.
زۆرێک لە چاودێرانی دۆخەکە هۆکاری سەرەکی دەستکراوەیی تورکیا لە دەستپێکردنی لەشکرکێشی بۆ سەر شاری عفرین بۆ پشتگیریی سەربازیی و سیاسی ئەمریکا بۆ شەڕڤانان دەگێڕنەوە، کە ئەوەش وایکرد مۆسکۆ هەست بکات بەوەی واشنتۆن دەیەوێت لەڕێی کوردەوە ڕۆڵی زیاتر لە دیمەنی سیاسی سوریادا بگێڕێت، هەر بۆیە مۆسکۆ چرای سەوز بۆ ئەنقەرە هەڵکرد تا لەشکرکێشی بۆ سەر شاری عەفرین بکات، کە هیوای هەیە لە قۆناغەکانی داهاتوودا بەریەککەوتن لە نێوان هەردوو سوپای تورکیا و ئەمریکادا ڕووبدات.
ک.ع
نالیا
بهروار: 30/01/2018
517 جار خوێندراوهتهوه
|